دوای کۆتایی هاتنی گەڕێکی دیکە یاریەکانی پاڵاوتن و یاریە دۆستانەکانی هەڵبژاردەکان، ئەم هەفتەیە خولە نێوخۆییەکانی ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە و چەندین یاری گرنگ و بەهێز لە سەرجەم خولەکان ئەنجامدەدرێت.
سەرەتا لە خولی ئیسپانیدا یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا و لە ئەرکێکی تارادەیەک قورسدا رووبەڕووی یانەی ئیسپانیۆل دەبێتەوە، یانە شاهانەکە هەوڵدەدات بەهەموو شێوەیەک سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چونکە لەگەڵ کردنەوەی خولەکە و لەیەکەم یاریدا دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا و نایەوێت ئەمجارە بەدوای یانەی بارسێلۆناوە رابکات.
لە یاریەکی دیکەدا یانەی سیڤییای ئەندەلوسی دەچێتە دەرەوەی یاریگای خۆی و دەبێتە میوانی یانەی لیڤانتی، بردنەوەی ئەم یاریە بۆ سیڤیا زۆر گرنگە چونکە ئیشتا سیڤیا بە یانەیەلی گەورە لە ئیسپانیا دادەنرێت دوای ئەو ئەنجامە بەرچاوانەی لە چەند مانگی رابردوودا بەدەستیهێنا.
لە خولی پرێمەرلیگی ئینگلیزیشدا ئیڤێرتۆن میوانداری یانەی چێڵسی بریندار دەکات، ئیڤێرتۆن دەیەوێت برینەکەی بلوز قوڵتر بکات و لێی بباتەوە، لەلایەن خۆشییەوە کوڕانی سپشەڵ وەن دەیانەوێت ئەوە پیشانی جیهان بدەن کە یانە شین پۆشەکە کەوتنی مەحاڵە.
دەگەڕێینەوە خولی ئیتاڵیا، ئەم هەفتەیە دێربی میلان لە یاریگای جۆسێپی میازای تایبەت بە یانەی ئینتەر میلان، لە نێوان هەردوو یانەی ئینتەر میلان و ئەیسی میلان بەڕێوە دەچێت، واش چاوەڕوان دەکرێت یاریەکی بەهێز بەڕێوە بچێت چونکە هەردوو یانە زۆرترین گۆڕانکاریان لە پێکهاتەکەیاندا کردووە.
لە خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیدا یانەی زەبەلاح و تۆقێنەرەکەی خولی ئەڵمانی یانەی بایرن میونشن رووبەڕووی یانەی ئۆگسبۆرگ دەبێتەوە، وا بڕیارە لە یاریەکەدا هەر یاریزانەو دەستی منداڵێکی ئاوارەی سوری بگرێت و بیهێنێتە ناو یاریگا وەک رێز وپاڵپشتیەک بۆ ئاوارەکانی سوریا.
یانەی پاریس سانجێرمانیش کە لەم چاند ساڵەی دواییدا خولی فرانسایی قۆرخکردووە، بەمەبەستی درێژەدان بە سەرکەوتن و ئاستە بەرزەکەی رووبەڕووی یانەی بۆردۆ دەبێتەوە.


