رووداو- هەولێر
88 پزیشکی پسپۆڕی چاو، واژوویان لەسەر یاساییبوونی بەکارهێنانی دەرزی ئەڤاستین کردووە و رایدەگەیەنن "ئەڤاستین لە سەرجەم وڵاتانی دنیا، بە عێراقیشەوە بەکاردەهێنرێت و کاریگەری ئەرێنی هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە لە چاودا".
لە بەیاننامەیەکدا، کە وێنەیەکی دەست (رووداو) کەوتووە و 88 پزیشکی پسپۆڕی چاو واژوویان کردووە، هاتووە: "ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکەینەوە، کە دەرزی ئەڤاستین (Bevasizum) لە کوردستان و تەواوی وڵاتانی جیهان بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی تۆڕی چاو بەکاردەهێنرێن، کە دەبنە هۆی نابینابوون".
بەکارنەهێنانی ئەو دەرمانە (ئەڤاستین) یان هاوتاکەی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی ئەو نەخۆشانەی، کە نزیکەی ٢٠%ی هەموو نابیناکان پێکدەهێنن
لەو بەیاننامەیەدا، کە هاوکات بەیاننامەی (کۆمەڵەی پزیشکانی چاو لە عیراق) هاوپێچکراوە لەگەڵیدا، هۆکارەکانی نابینابوونی هەڵگرانی نەخۆشی شەکرە روونکراوەتەوە و باس لەوە کراوە "دەرزی ئەڤاستین بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی تۆڕی چاو، کە دەبنە هۆی نابینابوون، ئەویش لەئەنجامی دروستبوونی بۆری خوێنی نائاسایی وەک: ئاوسانی تۆڕی چاو بەهۆی نەخۆشی شەکرە و ئەستووربوونی چەقی بینین (Macula)، کە هۆکارەکەی تەمەن و گیران و تەقینی بۆرییەکانی خوێنی تۆڕی چاو و هەندێ جۆری ئاوی رەشە".
ئەو پزیشکانە پسپۆڕ و پسپۆڕی باڵای نەخۆشییەکانی چاون، بەپێچەوانەی ئەو زانیارییانەی لەبارەی دەرزی ئەڤاستینەوە بڵاوبووەوە، دەڵێن "بەکارنەهێنانی ئەو دەرمانە (ئەڤاستین) یان هاوتاکەی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی ئەو نەخۆشانەی، کە نزیکەی ٢٠%ی هەموو نابیناکان پێکدەهێنن".
ئەم دەرزییە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008ەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرەی تۆڕی چاو بەکارهێندراوە. لە بەرواری 1/4/2013 لە شاری هەولێر، 30 نەخۆش، كە مانگانە لە نەخۆشخانەی رزگاری چارەسەریان وەردەگرت، بەهۆی كاریگەری دەرزییەكەوە ڤایرۆسێكی مەترسیدار دەچێتە نێو لەشیان، هەندێكیان هەردوو چاو و هەندێكیشیان چاوێكیان نابینا دەبێت. رۆژی 20/5/2013 سێ لەو نەخۆشانەی رەوانەی نەخۆشخانەی (هایدلبیرگ)ی ئەڵمانیا کران، بەهۆی نەمانی ئومێدی چارەسەرکردنیان، چاوەکانیان دەرهێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ