رووداو – هەولێر
بەرزبوونەوەی فشاری خوێن حاڵەتێکی درێژخایەنە، بریتییە لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی ئەو فشارەی خوێن لەسەر دیواری خوێنبەرەکان درووستی دەکات، بەمەش دڵ لەپێناوی دابینکردنی خوێنی پێویستدا بۆ ئەندامەکانی جەستە لۆدێکی زیاتری دەکەوێتە سەر و دواجار کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆربەی ئەندامە گرنگەکانی جەستە بەجێ دەهێڵێت.
ساڵڕۆژی ئەمساڵی WHO تایبەت بو بە بەرزی فشاری خوێن
7ی نیسانی 1948 ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ، وەک ڕۆژی تەندروستی جیهانیی دیاریکراوە و ڕێکخراوەکەش هەر ساڵە بۆ بابەتێکی تەندروستی تەرخانی دەکات کە پرسێکی سەرەکی بێت بۆ تەندروستی گشتی. ئەمساڵ ڕێکخراوەکە ئەو ڕۆژەی تایبەت کردووە بۆ بابەتی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە ئامانجیان بۆ ئەمساڵ ( 2013 ) بریتییە لە:
*بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی دەربارەی هۆکار و دەرەنجامەکانی بەرزیی فشاری خوێن.
*دابینکردنی زانیاری بۆ ڕێگری لە بەرزکردنەوەی بەرزیی فشاری خوێن و ماکەکانی.
*هاندانی کەسانی پێگەیشتوو تا فشاری خوێنیان پێوانە بکەن و شوێن ڕێنماییەکانی لایەنی پەیوەندیداری تەندروستی بکەون.
*هاندانی تاکەکان بۆ گرنگی بەخۆدان و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
*پێوانی فشاری خوێن بۆ هەمووان فەراهەم بکرێ.
*هاندانی دەسەڵاتدارانی ناوچەیی و نیشتمانیی بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری تەندروستانە.
چۆن ئەگەری بەرزبوونەوەی فشاری خوێنمان کەم بکەینەوە؟
*کەمکردنەوەی خوێ لە خواردەمەنییەکاندا.
*خواردەمەنییەکی باڵانس و هەمەجۆر بخۆین.
*دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنەوەی کحولی.
*چالاکی جەستەیی بکەینە بەشێک لە بەرنامەی ڕۆژانە.
*دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان.
*کێشێکی تەندروستمان هەبێت: کێشی تەندروست بە پێوانی ڕێژەی بارستایی لەسەر باڵا دەبێت (BMI; Body Mass Index) کە یەکسانە بە ئەنجامی دابەشکردنی بارستایی بە کیلۆگرام بەسەر دووجای بەرزیی باڵا بە مەتر . ڕێژەی ئاسایی لەنێوان 20-25 کیلۆگرام/مەتر دوجا
هەندێ لە پاشهاتەکانی بەرزیی فشاری خوێن:
*ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ دوو هێندە زیاد دەکات.
*ئەگەری توشبوون بە سستبوونی دڵ چوار هێندە زیاد دەکات.
*ئەگەر توشبوون بە جەڵتەی دەماخ حەوت هێندە زیاد دەکات.
*ڕێگا خۆش دەکات بۆ : سستبوونی گورچیلە، کوێربوون، ناڕێک لێدانی دڵ.
*لە وڵاتە گەشەسەندووەکان چوارەم هۆکاری مردنی پێشوەختە و لەو وڵاتانەی ڕوو لە گەشەسەندنن حەوتەم هۆکارە.
بەرزیی فشار خوێن تا چەند بڵاوە
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا ئەگەری توشبوون بە بەرزی فشاری خوێن زیاد دەکات.
بەپێی داتای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بیستەکان و سییەکانی تەمەندا یەک لە دەی خەڵکیی فشاری خوێنیان بەرزە، لە پەنجاکانی تەمەندا نیوەی خەڵکی فشاری خوێنیان بەرزە. لە ئێستادا یەک لە سێی دانیشتووانی جیهان فشاری خوێنیان بەرزە.
ژمارەیەکی زۆری توشبووانی بەرزیی فشاری خوێن لەژێر چارەسەری پێویستدا نین. وەک پەیوەندیدارانی تەندروستی دەڵێن لە توشبووانی بەرزی فشاری خوێندا یاسای (نیوەکان) هەیە، بەجۆرێک:
*تەنها نیوەی ئەوانەی فشاری خوێنیان بەرزە حاڵەتەکەیان دەستنشیان کراوە.
*تەنها نیوەی ئەوانەی حاڵەتەکەیان دەستنیشان کراوە چارەسەری پزیشکی بۆ بەکاردێنن.
*تەنها نیوەی ئەوانەی چارەسەری پزیشکی بەکاردێنن نەخۆشییەکەیان وەک پێویست کۆنترۆڵ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ