ئایا ماندووەکان رۆژێک دەگەنە پشوودان ؟

06-02-2019
رامیار مەحموود
نیشانەکردن ماندووەکان
A+ A-

لەناو شەپۆلی خەما، سەرنگوون و بێ ئارام
بە کێوی سەختی ژیانا، بەپێ و بە چنگەڕنێ

(شێخ نووری شێخ ساڵح 1896-1958)

ئەوە سەرەتای یەکێک لە شیعرە بەرزەکانی ڕابەری نوێکردنەوەی شیعری کوردییە کە دیمەنی مرۆڤی سەردەمی مۆدێرنمان بۆ دەکێشێ. شیعرەکە بە ناوی (ژیانی ئادەمیزاد)ە، چونکە ماندووبوون و ماندووێتی دۆخێکە لەگەڵ سەردەمی مۆدێرندا دەبێتە بەشێک لە ئاگایی و مرۆڤ هۆشمەندی بە تەنگژەی ژیانی خۆی دروست دەکات. چونکە لەگەڵ سەردەمی مۆدێرندا ژیانی مرۆڤ بە دونیایی و بە زەمینی دەبێت و چارەنووسی مرۆڤ لە غەیبانییەتەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی مرۆڤ خۆی.

 ڕەنگە وشەیەکی وەک ماندووێتی لە سەرنجی یەکەمدا نێگەتیڤ بێتە بەرچاومان وەک ئەوەی گۆشەی تەندروستیی رۆژنامەکان لە جیهاندا بەرباسی دەخەن، یاخود لە ڕیکلامی بازرگانیی خواردن و خواردنەوەکاندا دەیبینین . بەڵام من لێرەدا لە جۆرێکی جیاوازی ڕەنجکێشان و ماندووبوون دەدوێم. ئەمە پێویستە جیا بکرێتەوە لە لەش و رۆح داهێزرانێک کە تەمبەڵی و تەوەزەلی و بێ ئەکتی دروست دەکات. لێرەدا پێویستمان بەوە هەیە ماندووێتی بەناو تێڕامانی فکریدا بەرین، بۆچی هەست بە ماندووێتی دەکەین؟ ئایا وچاندان و پشوو بێ ماندووبوون و ڕەنجکێشان دروست دەکرێت؟ ئایا دەشێت بۆ هەتاهەتایە وچان بدەین و بحەوێینەوە، بۆ دەرچوون لە ئازار و دەردی ماندووبوون وەک ئەوەی ئاینە تەوحیدییەکان و زۆر عەقاید جەختی لەسەر دەکەنەوە؟

 ئەم دۆزە ئاڵۆزییەکی زۆر لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، دۆزی کۆتاییهاتنی ماندووێتی. چۆن دەتوانی پشوو بدەی و کەی دەتوانی پشوو بدەی لەم هەلاکەتە؟ رۆژانە مرۆڤ تووشی ماندووبوون دێت، ماندووبوون بە دەست سیستەمەوە .

سەرەتا با ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ماندووبوون چییە، دەشێت ماندووبوون بارکردنی ئەرک و فەرمانێک بێت زیاتر لە توانای خۆمان، واتا ئەو ماندووبوونەی چیتر جەستە و ڕۆحمان توانای هەڵگرتنی نییە کە زۆرجار بەهۆی کارکردنەوە بە ئەزموونی ئەو جۆرە لە ماندووێتیدا تێپەڕ دەبین. 

مرۆڤ بەگشتی زانیاری لەسەر ماندووێتییەک هەیە کە بەهۆی کارکردنی تاقەتپڕووکێنەوە دروست دەبێت و دووچاری شەکەتی و ماندووبوون دەبێت، بەڵام جۆرێکی ترمان هەیە لە خۆماندووکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، ئەمەیان بریتییە لە ئیرادەی بەدەستهێنانی شتێک کە پێویستی بە خۆماندووکردن هەیە. ژیان هەمیشە ئەوە بیری هەموومان دەخاتەوە کە هیچ شتێک لە ئاسمانەوە نابارێت، مرۆڤ دەبێت خۆی ماندوو بکات بۆ ئەوەی بگاتە شتێک. مرۆڤ پێویستی بە چالاککردنی هێزی بیر و بازوویەتی بۆ بەدەستهێنان و گەیشتنە ئامانجێک. هیچ شتێک بێ کۆشش و خۆماندووکردن بەدی نایەت. تەنانەت پێغەمبەرانیش کە وەها بانگەشە کراوە ئیلهام و وەحییان لە خواوەندەوە بێ ماندووبوون بۆ هاتبێتە خوارەوە، بە ماندووبوونی لەڕادەبەدەردا ژیانیان تێپەڕیوە. بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان بوون بە پەیامبەر، نموونەی هەرە دیار عیسایە کە بە لەخاچدان ژیانی کۆتایی هات. ماندووێتی تەنها ئەو کار و چالاکیانە ناگرێتەوە کە ڕەوا و حەلاڵن، بگرە زۆرجار گەندەڵ و جەردە ماندووتر دەبن، ڕەنگە دزێک چەند شەوێکی بوێت، نەخەوێت و بێدار بێت تا بوتڵێک غاز لە حەوشەی ماڵێک بەرێت .

کاتێک باس لە کار و ماندووێتی دەکەین لە سەردەمی تازەدا، ناتوانین لە وچاندان و پشوودان جیای بکەینەوە. ماندووێتی و زۆرداری تا ڕادەیەک لە یەک دەچن، هەردووکیان لە ئەستووری و زۆریدا دەپچڕێن، لەبەرئەوەیە ئازادی و دادپەروەری وەک نزیکبوونەوەیەکی فەلسەفیانەیە لە پشوودان و وچاندان بەرامبەر بێدادی و ناسەربەستیی مرۆڤ، پێش مۆدێرنە سۆفیزم بەو ئەرکە هەستاوە، بیناکردنێکی ڕۆحی و فەلسەفیانەی دۆزیوەتەوە بۆ دەرچوون لە ماندووێتی بەدەست ژیانەوە و بەدەست سیستەمەوە وەک جۆرێک لە ئازارشکێنی ڕۆحی، چونکە چاوەڕوانی سەفەرکردن بۆ بەهەشت بەشێک نەبووە لە چارەسەر، ئەوەی پێیدەوترێ بەهەشت لە ئاینە ئاسمانییەکاندا دەشێت وەک وچانگە و ئیسراحاتخانەیەکی هەمیشەیی سەیری بکەین کە مرۆڤ بۆ دەرچوون لە ماندووێتی بە دەست بیرۆکەی مردن و سەختی و نەهامەتیی ژیانەوە وێنای کردووە. مارکس وەک وەفایەک بۆ ڕۆشنگەری، لەژێر کاریگەریی ڕۆشنگەریدا ئاین وەک جۆرێک لە ئازارشکێن، وەک ئەفیون و تلیاک وێنا دەکات لە پێش مۆدێرنەدا. مۆدێرنە بۆ ئەم پشوو وەرگرتنە لە ماندووێتیی چاخی دینی، بەهەشت و دونیا و ئاخیرەت دەگۆڕێت بۆ مرۆڤسەروەری و عەقڵسالاری و، دونیاییبوون دادەهێنێ و بە هەشت بە دونیایی دەکات. سەرباری ڕەخنەی مارکس لە ئەفیونی ئاینی، کەچی خۆی دەبێتە گەورەترین بیریار و ئەندازیاری ئەفیونی مێژوویی کە کۆمۆنیزمە وەک قۆناغێکی مرۆیی بۆ دەرچوون لە ماندووێتی و ئازاری نەبڕاوەی ژیان لە سەردەمی کەپیتاڵیزمدا. ئەگەر بەهەشت وچانگە و ئیسراحەتخانەیەکی ئایدیالیستی بێت بۆ ئاینەکان، ئەوا بۆ مارکس کۆمۆنیزم ئیسراحەتخانەیەکی مێژوویی و هەمیشەییە. مارکس تاکە بیرمەندێکە جگە لە چاوتێبڕین لە سەردمێکی هێشتا نەهاتوو کە کۆمۆنیزمە، بکەری سۆسیۆلۆجی بۆ ئەم ئەرکە دەدۆزێتەوە و مانیفێستی ماندووەکان دەنووسێتەوە و پرۆلیتاریا دەکاتە کاندید بۆ ئەوەی شەمەندەفەری مرۆڤایەتی بەرەو کۆمۆنیزم بهاژوێت. 

بەڵام دەبێت سەرنجی ئەوەش بدەین کە مۆدێرنە و کەپیتاڵیزم تەنیا ئازاربەخش نین، بەڵکوو ئەویش ئازارشکێنی خۆی هەیە. ئازارشکێنەکانی خۆی بە جیهانی کردووە لەگەڵ سیستەمەکەیدا.

لێرەدا دەکرێت چەند ئازارشکێنێک باس بکەین. یەکێک لە هەرە دیارترین ئازارشکێنەکانی دۆزینەوەی جۆرێکە لە پاراسیتامۆڵ کە ناوی تاکەکەسە (ئیندیڤیدوال).سەرهەڵدانی تاک بە یەکێک لە دیارترین دەسکەوتەکانی مۆدیرنە دادەنرێت و دەرکەوتنی ئەندامانی کۆمەڵگە لە شێوەی تاکدا دیاردەیەکە لە دیاردەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن، مرۆڤی لە ژێر زەبری نەریت و خیڵ هێنایە دەرەوە وەک تاکێکی ئۆتۆنۆم نەک ئەندامێکی تواوە لەناو کۆلیکتیڤدا. ئازادی ژیانی تایبەتی و تاکەکەسی تا ئێستا یەکێکە لەو سیحرانەی خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتی کردووە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیدا هێشتا کۆلیکتیڤە خێڵەکی و تایفییەکان حوکم دەکەن هەم لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هەم لە ژیانی سیاسیشدا. ئەمڕۆ بەشێکی هەرە گرنگ لە پاڵنەری کۆچکردن لە وڵاتی ئێمە بۆ خۆدەربازکردنە لە ستەمکاریی کۆمەڵگە. مرۆڤی کۆمەڵگەی ئێمە لەناو ماندووبوونێکی تاقەتپڕووکێندا دەژی بەهۆی نەبوونی ئازادیی ئەوین و ئەڕینجمێنتی کۆمەڵایەتی و عەشایەرییەوە و ئەوینی ئاشکرا شەڕی نێوان بنەماڵەکانی لێ دەکەوێتەوە، ساڵانە هەواڵی زۆر لەسەر کوشتن بۆ پاراستنی شەرەف میدیاکانمان سەرقاڵ دەکەن. شتێکی سروشتییە کۆچکردن بە پلەی یەکەم بۆ پشوودان بێت لە خۆرئاوا، واتا لەو شوێنەی نۆرم و جەبرە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەسەر خۆت بڕەوێنیتەوە. ئەمڕۆ ئەو ترافیکە زۆرەی لە گەشتکردن هەیە لە وڵاتی ئێمەوە بۆ تورکیا و ئێران و قاهیرە و جۆرجیا و ئەرمینیا و هتد، پشوو وەرگرتنێکی کۆمەڵایەتییە لە نۆرم و سەرکوتکردنی سێکسی ناو کۆمەڵگای خۆمان. لەم ساڵانەدا کورد تەکنیکەکانی خۆیان بە شێوەیەکی خۆڕسک بۆ پشوودان بەجۆرێکی سەرسوڕهێن پەرەپێداوە لەناو سیاقی لۆکاڵیشدا. باشترین نموونەی ئەمە بریتییە لە سەیران و سەفای بەردەوام، دروستکردنی باخ یان ئەوەی خۆمان پێیدەڵێین مەزرەعە وەک جۆرێک لە لەزەتخانە، گرووپە هەمەجۆرەکانی شاخەوانی بۆ دەرچوون لە ژیانی دەستکرد، چونکە شارەکان بریتین لە ژینگەی دەستکرد و ئەمڕۆ چێژبینین لە خۆکێویکردنی ناوبەناو بووە بە یەکێک لە تەوژمەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. ماندووێتی و ئەفیونەکەی هەر بەردەوامە بۆ کارکردن ئەفیونی کانسومکردن و شۆپینگ. ژیان سەختی و ماندووێتی و دەرمانەکەی بێشومارن. ئادۆرنۆ ڕای وابوو (بیرکردنەوە پێویستیی ژیان دروستی دەکات)، وا پێدەچێت بیرکردنەوە جۆرێک بێت لە دەرمانسازی، بەڵام رێکدەکەوێت لە مێژوودا فرۆیدیش هەبووە کە کارەکانی لە دەردی بێدەرمان دەچن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە