باشووری كوردستان سنوورەكانی بە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)ەوەیە، بەرەو دوو ساڵ دەچێت، شەڕ بەرۆكی گرتووە، ئاوارە و پەنابەری زۆر لە شارەكاندان، قەیرانی دارایی هەیە، سەقامگیریی سیاسی لاوازە.
باكووری كوردستان، ئاڵۆزیی تێكەوتووە، دوو جار لە ساڵێكدا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدراوە، گرتن و كوشتن پەرەی سەندووە، بێكاری و بێ بازاڕیی دروست بووە.
رۆژئاوای كوردستان، سنوورەكانی بە چەندین گرووپی چەكدار دەورە دراون، هەندێ ناوچەی لەژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و هەندێكی دیكەشی لەژێر دەستی حیزبی بەعسدایە، بێكاری و هەژاری هەیە، سەقامگیریی سیاسی نییە.
لەو چوار بەشەی كوردستان، تەنیا رۆژهەڵاتی كوردستان ئارامە، داعش و گرووپەكانی دیكە روویان تێنەكردووە، تارادەیەك سەقامگیری هەیە، خەڵك كاروكاسبی خۆی دەكات، بە كشتوكاڵەوە سەرقاڵن، گەنجەكان دەتوانن بچنە شارەكانی دیكە كار بكەن، هەرچەندە ئەوە مانای ئەوە نییە كە هەژاری نییە و گرتن و زیندانی نییە، بەڵام بەراورد بە بەشەكانی دیكەی كوردستان، جگە لە ئازادییەكەی، لە زۆربەی لایەنەكانی دیكەوە باشترە، بۆیە پێویستە بیر بكرێتەوە ئەو ئارامییە تێكنەدرێ.
پرسیارەكە ئەوەیە، دەبێ كێ بیر بكاتەوە؟ كێ هەوڵ بدات ئارامییەكە تێكنەدات؟ ئارامی لە كێ تێكدەچێ؟
بێگومان ئەم ئەركانە دەكەونە سەرشانی دوو لایەن، یەكێكیان حكومەت و دەوڵەتی ئێران و ئەوی دیكەیان لایەنە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
بۆ راگرتنی ئارامی و سەقامگیری، ئەركی سەرەكی و قورس دەكەوێتە سەر حكومەتی ئێران، ئەو دەتوانێت سەقامگیری رابگرێت، ئەویش بە:
1-بانگهێشتكردنی لایەنە كوردییەكان بۆ گفتوگۆ.
2-دەستهەڵگرتن لە زیندانیكردن و لەسێدارەدانی كورد بە بیانووی جیاجیا.
3-دابینكردنی ئازادیی كاری سیاسی و بیروڕا دەربڕین.
4-دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ ناوچە كوردییەكان.
5-كشاندنەوەی ئەو بەرپرسە غەیرە كوردانەی لە ناوچەكانی دیكەی ئێرانەوە رەوانەی كوردستان كراون.
6-بەشداركردنی كورد لە دەسەڵاتی سیاسیی ناوەند، بەدوور لە جیاوازیی بیروباوەڕ.
لایەنە كوردییەكان ناتوانن ئارامیی رابگرن، ئەگەر حكومەتی ئێران دەست نەكات بە جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە و چەندین خاڵی دیكە، لەبەرامبەردا ئاسانترین كار بۆ لایەنی كوردی ئەوەیە ئارامیی شارە كوردییەكان تێكبدەن.
ئەگەر حكومەتی ئێران دەستی كرد بە بەرنامەیەك بۆ كرانەوە و پێدانی ماف و ئازادیی زیاتر بە كورد، لایەنە كوردییەكان چی بكەن؟ دەبێت لانیكەمی ئەم كارانە بكەن:
1-ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان وەلا بنێن و لە دوو سێ باڵەوە ببنەوە یەك باڵ، هەوڵ بدەن لەسەر بنچینەی تیۆرەكانی بەڕێوەبردن یەكبگرنەوە، وەك لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەیە، بۆ نموونە كۆنزەرڤاتیڤ و دیموكراتی، یان راست و چەپ.
2-پێكەوە ستراتیژێكیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، چییان دەوێ؟ فیدراڵی یان كۆنفیدراڵی؟ یان حوكمی خۆجێیی؟ یان هەرشتێكی دیكە.
3-ئێستا پێش ئەوەی بكەون بەسەر كێكی دەسەڵات و شیرینی دەستكەوت و دەورانی كورسی، هەوڵ بدەن لە كەسانی تەكنۆكرات، حكومەتی كاتی پێكبێنن و كار لەسەر كەسە بەتوانەكان بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
جا ئەگەر بیر نەكرێتەوە و ئەم هەلە بەهەند وەرنەگیرێت بۆ جووڵەیەكی مەدەنی، هەم لەلای حكومەتەوە و هەم لەلای لایەنە كوردییەكانەوە، بێگومان ئەوەی لە پێشدا زەرەر دەكات خەڵكە، جا هەر لایەك بانگەشەی خزمەتكردنی خەڵك دەكات پێویستە دەستپێبكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ