تەنیا بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندا نییە، بەڵكو دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لەبەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەكەدایە . یەكێك لەوانەی زۆر سوودمەند دەبێت لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لە بەشە كوردستانیییەكەی عێراقدا ، توركیایە . دەوڵەتی كوردستان توركیا لە مەترسییەكی ستراتیژیی گەورە دووردەخاتەوە و، دەوڵەتێك كە دەتوانێت زۆر هاوبەرژەوەندبێت لەگەڵیدا، دروستدەبێت .
دەوڵەتی كوردستان ئێستا جگە لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان ، كۆمەڵێك بەرژەوەندی دیكە لەخۆیدا كۆدەكاتەوە . لەپێش هەموویانەوە دەركەوت ، كوردستان تاكە شوێنی جوگرافیبوو كە دەتوانرا بەئاسانی هاوپەیمانی دژە تیرۆر لەسەر زەویەكەی دابمەزرێت ، لە هەموو سووریا و عێراقدا شوێنێك نەبوو گونجاوبێت بۆ دروستبوونی ئەو هاوپەیمانەیە ،جگە لە كوردستان. ئەگەر كوردستان نەبووایە ئەو هاوپەیمانییە لە ئاسمانەوە نەدەكەوتە سەر زەوی . ئەو مەترسییەی تیرۆر ، بە دروستبوونی داعش دەستیپێنەكردووەو بە تێكشكاندنی داعشیش كۆتایی نایێت . لەوماوەیەشدا دەركەوت كە هەردوو حكومەتی عێراق و سووریا بەو پێكهاتەی ئێستایانەوە ، یارمەتیدەرنەبوون بۆ دروستبوونی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە رۆژئاواییە لەسەر زەویەكەیان . هەروەها حكومەتی عێراق ، نەك هەر یارمەتیدەر نەبوو بۆ هێزی پێشمەرگە بەڵكو زۆرجار رێگریش بوو لە گەیشتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ هێزی پێشمەرگە ، بەڵام پێشمەرگە لەگەڵ ئەو سەختیانەشدا ، بە برستێتیش شەڕی داعشی كرد و تێكیشكاند . بەهێزبوونی پێشمەرگە لە بەرژەوەندی هاوپەیمانیی رۆژئاوا بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و لە بەرژەوەندی توركیاشدابوو ، چونكە لەهەر شوێنێك پێشمەرگە نەبووبێت ، ئێران و هێزە نەیارەكانی توركیا شوێنەكەیان كۆنترۆڵكردووە .
دەوڵەتی كوردستان لە بەرژەوەندی مانەوەی سووننەدایە لە عێراقدا . نزیكەی نیوەی سوننەكانی عێراق ئاوارەبوونە ، ئەوانەی لەعێراقیشدا ماون ژێرخانی ئابوورییان لەلایەن داعش و هێزە عێراقییەكانەوە تێكدراوە ، ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دانەمەزرێت ، ئەو سوننانەی ماویشن هیچ هیوایەكیان نامێنێت و پەڕاگەندە دەبن ، بەڵام دەوڵەتی كوردستان زۆر هیوابەخشە بۆ بەربەرەكانێی ئەوان لە داهاتوودا بۆ مانەوە لەعێراقدا و بیركردنەوە لەچوارچێوەیەكی سیاسی كە ژیانێكی ئارام و مەدەنیانەی دوور لە تووندوتیژییان بۆ دابین بكات ، نەك رووبكەنە دەرەوەو دروستكردنی رێكخراوی تووندوتیژی دیكەی وەك داعش . ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دروستنەبێت ، سوننەكان تووڕەیی خۆیان لەدەربەدەری و باڵادەستبوونی شیعە بەسەر دەسەڵاتی عێراق و ناوچە سونییەكانی عێراقدا ، بە ئەمریكا و رۆژئاوا و توركیا و وڵاتانی عەرەبیی كەنداودا دەڕێژن .
دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لە بەرژەوەندی توركیادایە ، لەبەرئەوەی دەوڵەتێك كە بەرژەوەندی ستراتیژی لەگەڵ توركیادا هەیە دەبێتە دراوسێی توركیا ، ئەگەرنا ئەو میلیشیانە دەبنە دراوسێی توركیا ، كە ناكۆكییان لەگەڵ هەبوونی توركیاشدا هەیە . میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئێستا بنكەیان لە موسڵ و هەموو ناوچە سوننییەكانی دیكەی عێراق داناوەو ، هەروەك سوننەكانی عێراق خۆیان دەڵێن ، ئەو میلیشیانە و حیزبە شیعییەكان بۆ بەشیعەكردن هاتوونەتە ئەو ناوچانە و لێشی دەرناچن ، ئەگەر سوننە نەبێتە خاوەن هێزێكی بەپشتوپەنا . ئەگەر ئەوەنەبێت سوننە بە تووندوتیژییەكی دیكەی لەشێوەی داعشدا خۆی دەردەخاتەوە لەبەرامبەر داگیركاریی شیعەدا .
نەتەوەی دووەمی دەوڵەتی كوردستان ، توركمان دەبن . توركمان لە دەوڵەتی كوردستاندا ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەبێت ، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەوشێوەیە بەردەوامبێت ، شیعە زۆربەیان لەنێو ناسنامەی ئایینزایی شیعەدا لەعێراقدا ، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان وندەكەن و توركمان بەقەبارەی بچووكی خۆیەوە لەتدەبێت ، ئەو لەتبوونەش تەنیا لەنێوچوونی توركمانی بەدوادا دێت .
دەوڵەتی كوردستان رێگەی فرۆشتنی نەوت و بازرگانییەكەی لەگەڵ توركیادا دەبێت . بەڵام عێراق رێگەی فرۆشتنی نەوتەكەی بەسرە و، هیلالی شیعی لە سووریا و ئێران دەبێت . ئێستا هەرێمی كوردستان سێیەمین بازاڕی توركیایە لە جیهاندا بۆ كاڵاكانی ، بەڵام حكومەتی عێراق دەیەوێت نەوتی كەركووك و هەموو هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە ببەستێتەوە . تێكدانی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ، ئامانجێكی ستراتیژییە بۆ ئێران ، بۆ گرێدانی ئەو ناوچەیە لەڕووی ستراتیژییەوە بە ئێرانەوە . كە هەر بۆ نموونە بەرپرسانی ئێران چەند جار بە ئاشكرا رایانگەیاندووە ، بۆچی هەرێمی كوردستان ئەو بازرگانییەی لەگەڵ توركیا دەیكات لەگەڵ ئێران نایكات .
بەهێزی پێگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا لە بەرژەوەندی ئارامی ناوچەكەدا بووە . بەهێزبوونی ئەو پێگەیە و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتری هەمووان لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەكەدایە ، كە توركیا زیاتری هەمووان پێویستی بەو سەقامگیرییە هەیە . بارزانی خاوەن قسەیەكی بیستراوە لەنێو بەشێكی زۆری كورد لە توركیا ، هەبوونی پەیوەندییەكی بەهێزی حكومەتی توركیا لەگەڵ بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زۆر بەسوود شكاوەتەوە بۆ سەرۆككۆمار و پارتی داد و گەشەپێدان ، چونكە هەمیشە ئەو كوردانەی دەنگیانداوەتە پارتی داد و گەشەپێدان ، بەشێكی ئەو دەنگدانەی خۆیان بەستووەتەوە بەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان پەیوەندییەكی بەهێز و دۆستانەیان لەگەڵ بارزانی و حكومەتی كوردستاندا هەیە ، ئەگەر ئەو پەیوەندییە نەمێنێ ئەو دەنگانەی پارتی داد و گەشەپێدان لەنێو كورددا لەتوركیا پەرتدەبن . ئەوەش دیارە ئەگەر لە دوو هەڵبژاردنی دوواییدا دەنگی كورد نەبووایە ، دەنگەكانی پارتی داد و گەشەپێدان و گۆڕینی دەستووری توركیا بەشێوەیەكی دیكە دەبوون . هەروەها دەوڵەتی كوردستان دەتوانێ ببێتە مایەی سەقامگیرییەكی زیاتریش بۆ توركیا ، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان .
25ی مانگی ئەیلوول گشتپرسی لەسەر چارەنووسی كوردستان دەكرێت لە عێراقدا . گشتپرسی پرۆسەیەكی گەلێری ناوخۆییە و بۆ زانینی بڕیاری خەڵكی كوردستانە ، بەڵام دروستكردنی دەوڵەت پرۆسەیەكی سیاسی و نێودەوڵەتییە و پێویستی بە ئامادەكاری نێوخۆیی و زەوینەسازی دەرەكییە . لەبەرئەوەش ئەو پرۆسەیە درێژدەكێشێت ، بۆیەش پێویست ناكات ، نە خەڵكی كوردستان و نە دەوڵەتانیش لەوباوەڕەدابن كە رۆژی 26ی ئەیلوولیش دەوڵەتی كوردستان دروستدەبێت .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ