كوردستان و هەڵكشانی تەوژمی دینداری

23-06-2016
زوبێر رەسوڵ
نیشانەکردن كوردستان
A+ A-

سەرەتا بەپێویستی دەزانم ئەوە روونبكەمەوە كە ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا دەمانەوێت تیشكی بخەینە سەر، شرۆڤەكردنی خودی دین یان ئایینێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو دیاردەی دیندارییە بەگشتی وەك هەر دیاردەیەكی تری كۆمەڵایەتی، ئینجا چ ئایینداریی موسوڵمانان بێت یان هی كریستیان ‌و ئەوانی دیكە، بە واتای ئەو تێگەیشتنەی كە مرۆڤەكان بەدینی دەبەخشن نەك دین وەك پێڕەوێكی ئیلاهی.

هەڵبەتە ئایینداری دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە و هیچ كۆمەڵگایەك نییە خاڵی بێت لەو دیاردەیە، تەنیا ئەوەی كە هەیە جیاوازییە لە رێژەی ئایینداری ‌و پێگەی ئایینداری لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دیكە. دیاردەی دینداریش وەك هەر دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیی دیكە لە كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی ژینگەی كۆمەڵایەتی ‌و سیاسی ‌و ئابووری و كولتووری بەدەر نییە و بەردەوام لە هەڵكشان ‌و داكشاندایە، بەتایبەتیش لە كاتی‌ بوونی قەیران ‌و گۆڕانكارییە بەرچاوەكاندا.

بەگشتی دەكرێت بگوترێت كە دەركەوتنی گوتاری دینداری دەرئەنجامی پاشەكشێی گوتاری زانستی ‌و دواكەوتنی بواری سیاسی ‌و ئابووری كۆمەڵایەتی ‌و كولتووری ‌و فەزای گشتییە لە هەرێمی كوردستاندا كە حیزبە سیاسیەكان بەرپرسی سەرەكی ئەو جۆرەن لە گوتاری دینداری، ئینجا چ سیاسی بێت یان غەیرە سیاسی. ئەم دۆخە سیاسیەی ئێستا هەرێمی كوردستان تێیدا گوزەر دەكات، رێگا خۆشكەرە بۆ ئەو تەوژمە ئایینیەی كە ئێستا خەریكە بەرە بەرە سەرەتاكانی دەردەكەون لە كوردستاندا.  

بە كورتی ئەوەی من دەمەوێت لەم نووسینەدا بیڵێم، ئەوەیە كە بەدووری نابینم  ئەگەر ئەم دۆخە قەیراناویەی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی كە هەیە بەردەوام بێت، تەوژمێكی دیكەی ئایینگەرایی  كۆمەڵگای كوردی بگرێتەوە، چونكە لە كاتی قەیرانی ئابووری‌ و سیاسیدا خەڵكێكی زۆر هەن بە تایبەتیش لە چینی خوارەوە، هەتا بەشێك لە چینی ناوەڕاستیش، بەدوای فەزایەكی ئارامتر یان مەئوایەكی ئایینیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت كەمێك لە ئازاری ژیان ‌و شەكەتی دەروونی دووریان بكاتەوە. ئەم دۆخە لە میسر و جەزائیر و چەندان وڵاتی تریش توێژینەوەی لەسەر كراوە و تێبینی كراوە. هەرێمی كوردستانیش لە دوای نەوەدەكانەوە بە تایبەتی لەكاتی شەڕی براكوژی تەوژمێكی ئیسلامی سیاسی بەخۆیەوە بینی وەك پەرچەكردارێك بۆ ئەو دۆخەی كە پارتی ‌و یەكێتی دروستیان كرد و دواجار بە هەڵكشانی بزاڤە ئیسلامییەكان كۆتایی هات. 

ئەم جەمسەربەندیەی لە ئێستادا دروست بووە لە كوردستان (یەكێتی، گۆڕان و كۆمەڵ لەلایەك و پارتی لەلایەكی دیكە) دەكرێت زەمینە خۆشكەر بێت بۆ خولقاندنی دوخێكی لەم شێوەیە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەو تەوژمەی ئەمجارەیان زیاتر تەوژمێكی شەعبەویی ناڕێكخراو دەبێت لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حیزبە ئیسلامییەكان.

پێشڕەوی ‌و سەركردایەتی ئەو جۆرە تەوژمە ئاینییە گەرچی دەكرێت لە ئایندەدا سەرزەمینێكی بە پیت بۆ حیزبە ئیسلامییەكان بڕەخسێنێ، بەڵام لە ئێستادا زیاتر بانگخواز و پیاوانی ئایینی ‌و خەتیبەكان‌ و چالاكوانەكانی سۆشیال میدیا سەركردایەتی دەكەن تا حیزبە سیاسییەكان، هەڵبەتە سەلەفیەكانیش دەكەونە ئەو بازنەیەوە. ئیشكردنی ئەو تەوژمە زیاتر لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتییە لە ئێستادا تا لەسەر ئاستی سیاسی، بەڵام مەرج نییە ئەو تەوژمە هەر لەو چوارچێوەیەدا قەتیس ببێت.

مەترسیی ئەم جۆرە تەوژمانە ئەوەیە ئەگەرچی ئێستا لەژێر جڵەوی دەسەڵات (دەوڵەت) و دامودەزگاكانی حكومەتدان، بۆ نموونە لە شێوەی وەزارەتی ئەوقاف، بەڵام ئەم جڵەوگرتنە تا سەر نابێت ‌و ئەزموونە سیاسییەكانی دەوروبەرمان ئەو راستیەیان سەلماندووە، هەر لە خۆ فەرزكردنەوە بگرە تا دەگاتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەسەڵاتدا، ئەگەری چاوەڕوانكراون لە هەر دەرفەتێكدا، وەكو ئەو بزاڤەی گولەنییەكان لە توركیا كە تا ئێستاش ئەردۆغان بەو هەموو جەبەروتەیەوە نەیتوانیوە كپیان بكات.

خاڵی دووەم ئەوەیە لە كاتی بوونی هەر چاكسازییەكی كۆمەڵایەتی، ئابووری و مەدەنی، ئەمانە دەبنە بەربەستێك ‌و ئەستەمە تەجاوزكردنیان. ئامادەبوونی نزیكەی دەهەزار كەس لە دەوری گوتارخوێنێكی ئایینی، ئەو هەموو ژمارە زۆرەی خەڵك لە دەوری مزگەوتی سەلەفیەكان ‌و بانگخوازەكانی وەك د.عەبدولواحید ‌و مەلا شووشكەیی ‌و مەلا عەبدوللەتیف ‌و.. هتد، بوونی نزیكەی شەش هەزار مزگەوت لە كوردستاندا، پەیدابوونی گرووپی ئایینی جیاواز لە شێوەی قورئانییەكان ‌و سۆفییەكان ‌و زەردەشتییەكان ‌و.. تاد، دەكرێت سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو تەوژمە ئایینیە بێت كە هێشتا وێنەی جەستەكەی بە تەواوی دیار نییە. هەڵبەتە ئەو پەرۆشیەی خەڵك لە ئامادەبوون لە دەوری گوتاربێژێكی ئایینی، بانگخوازێك، سەلەفییەك، سەردانیكردنی ساڵانەی بە لێشاوی هەزاران پیر و لاو بۆ مەراسیمی عەمرە و.. تاد، دەرئەنجامی شكستی گەشەپێدانی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و رۆشنبیرییە لە هەرێمی كوردستاندا كە لەدوای 2003وە نەیتوانیوە گوتارێك بەرهەم بهێنێ خەڵك خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، ئەوەی ئێستا روودەدات هەڵاتنە لەدەست گوتاری سیاسی ‌و رۆشنبیریی حیزبە سیاسییەكان لە ئەنجامی ئەو بێ متمانەییەی كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا بەرهەمی هێناوە.

هەڵبەتە ئەمە لەكاتێكدایە كە پارتە ئیسلامییەكان تا ئێستا سەرچاوەكانی دارایی ‌و كارگێڕی ‌و ئاسایشیان لەدەستدا نەبووە و هەمیشە لە دەرەوەی حوكمڕانی بوون، خۆ ئەگەر ئەم سەرچاوانەی باسمانكردن لە دەست پارتە ئیسلامییەكاندا بوونایە، ئەوا ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تەواو جیاوازتر دەبوو لەوەی ئێستا دەبینرێت.    

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە