داعش بۆچی ئێستا هێرشی كرد؟

21-08-2014
مەجید نیزامەدین گلی
مەجید نیزامەدین گلی @MajeedGly
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رۆژی 3ی ئابی رابردوو، داعش لە ناكاو هێرشی كردە سەر شنگال و بەرەی شەڕی لەگەڵ پێشمەرگە كردەوە، ئەوەش لەكاتێكدا كە ئامانجی راگەیەنراوی گرووپە سوننیەكان و داعش گرتنی بەغدا بوو. دیار نییە سەركردەكانی گرووپی داعش چۆن بیریان كردووەتەوە، بەڵام چەند هۆكارێك هەن كە دوور نییە وایان لە داعش كردبێت لەم كاتەدا هێرش بكاتە سەر كورد.

ترس لە هاوپەیمانیی سوننی- كوردی

دەنگۆی هاوپەیمانیی كوردی- سوننی لەوانەیە پاڵی بە سەركردەكانی داعشەوە نابێت كە هێرش بكەنە سەر شنگال. هەفتەیەك پێش ئەو هێرشە، چەند سەركردە و سەرۆك هۆزێكی سوننی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكی كۆبوونەوە. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی دەڵێت "ئەمریكا نەیتوانی قەناعەتی تەواو بە سەركردە سوننیەكان بێنێت كە راپەڕینێكی سوننی لە دژی داعش بەرپا بكەن".

ئەوەی سەیر بوو، دوای كۆبوونەوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تویتەر دەنگۆیەكی زۆر بڵاوبووەوە كە لەسەر دەستی ئەمریكا، هاوپەیمانییەك لە نێوان كورد و سەرۆك هۆزە سوننیەكان بەستراوە بۆ لەناوبردنی داعش. هیچ بەڵگەیەك لەسەر راستی ئەم دەنگۆیە نەبوو. بەڵام كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە زۆر خراپ بوو. داعش هەستی بە هەڕەشە كرد لە كەركووك و تكریت. پێش دوو هەفتە لە هێرش بۆ سەر شنگال، داعش و گرووپە چەكدارە بەعسییەكانی كەركووك كە هاپەیمانییان لەگەڵ خێزانی ئەلعاسی هەیە لە ناوچەكانی رەشاد، حەویجە و ریاز، شەڕێكی سەختیان دەستپێكرد.

وا دیارە ئەمە داعشی تووشی شڵەژان كردبوو، دەترسان لە موسڵ تووشی هەمان كێشە ببنەوە. هەر لەو ماوەیە، چەكدارانی داعش دەستیان كرد بە هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی 65 كەسایەتی بەعسی لە موسڵ كە زۆربەیان سەر بە گرووپی نەقشەبەندی بوون. نەقشەبەندی گرووپێكی چەكدارە كە عیزەت دووری سەركردایەتی دەكات و لەو ماوەیەدا چەند بەیاننامەیەكی لە دژی داعش بڵاوكردەوە.
 
بەگوێرەی هەواڵگریی ئەمریكی، ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق لە نێوان 10 تاوەكو 15 هەزاردایە. بێ هاوپەیمانی لەگەڵ هۆز و لایەنە سوننیەكان، داعش ناتوانێ بۆ ماوەیەكی زۆر شارەكانی موسڵ و تكریت كۆنترۆڵ بكات. دەنگۆی هاتنە پاڵی كوردیش بۆ بەرەی دژە-داعش بەدڵنیاییەوە بە هەڕەشە بینراوە لەلایەن سەركردەكانی داعش. بەڵام هاوپەیمانیی كوردی سوننی بۆ شەڕكردن لە دژی داعش لە دەنگۆ زیاتر نەبوو، هیچ بەڵگەیەك نییە كە بە پراكتیكی هەبووبێت.

پێویستی بە شەڕ و فراوانبوون

داعش بەردەوام پێویستی بە شەڕ و سەركەوتنی زیاترە. گرتنی موسڵ سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ داعش، بەڵام ئەمە پێش دوو مانگ بوو، گرتنی بەغداش ئامانجێكی دوور بوو بۆ داعش. بەڵام باكووری موسڵ و ناوچەی شنگال ئامانجێكی نزیكترە كە بەهۆیەوە سەركەوتنێكی دیكە رابگەیەنێ. داعش چەندە بە چەك شەڕ دەكات، ئەوەندەش بە سایكۆلۆژیا و هەندێك جاریش دەیباتەوە. بۆ دوژمن، داعش ترس بەكاردەهێنێت وەكو چۆن پێشتر لە بابەتی "داعش چۆن بێ چەك شەڕەكەی بردەوە" باسمكرد. بۆ زیاتركردنی لایەنگران و هێشتنەوەی چەكدارە توندڕەوەكان لە ریزەكانی خۆیدا، داعش پێویستە ئەو وێنەیە بپارێزێت كە بەردەوامە لە فراوانبوون و شەڕكردن و سەركەوتن. ئەم وێنەیەی داعش وا دەكات دەیان گەنج لە بەریتانیا و سعودیە و تونس و بەلجیكاوە بە پاسپۆرتی ساختە سنوورەكانی توركیا ببەزێنن و بە پارە و چەكی دەوڵەمەندەكانی كەنداو بێنە ریزەكانی داعشەوە.

شكستی سوپای عێراق لە موسڵ و تكریت، سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ داعش. ئەمەش متمانەبەخۆبوونی سەركردەكانی داعشی زیاتر كرد و وای لێكردن دوژمنەكانیان لە عێراق بە كەم ببینن. ئەوە بوو هەر زوو "خەلافەتیان" راگەیاند و پەیمانی گرتنی بەغدایان دا. بەڵام گرتنی بەغدا بۆ گرووپێكی چەكداری سوننە شتێكی نیمچە مەحاڵە. بەغدا موسڵی زۆرینە سوننی نییە كە ئامادەبن هەموو شتێك بكەن بۆئەوەی لەژێر دەسەڵاتی نوری مالیكی نەبن. پێنج ملیۆن شیعی لە بەغدا دەژین و میلیشیا شیعیەكانی وەكو عەسایبی ئەهلی حەق و سوپای مەهدی هاوشێوەی سەربازانی سوپای عێراق لە موسڵ چەك فڕێ نادەن و رابكەن. ئەوان ئامادەن بكوژرێن. لە دوو مانگی رابردوودا، داعش تەنانەت هەوڵێكی تەواوی نەدا بۆ گرتنی بەغدا. زۆرجار لە ئەنبار، سەلاحەدین و نزیك بەنداوی حەدیسە لە حاڵەتی بەرگرییە. لەو ناوچانەش تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە سەركەوتنی گەورە بەرامبەر بە میلیشیا شیعیەكان تۆمار بكات.
   
تەكتیكی هێرشی لە ناكاو

بە پێچەوانەی شنگال، هێرشی داعش بۆ بەغدا چاوەڕوانكراو بوو. هێرش بۆ شنگال كە زۆر نزیكە لە موسڵی پڕ لە چەك و پارەی داعش، لە خەیاڵی كەسدا نەبوو. ئەمەش بۆ داعش دەرفەت بوو. لە دوو ساڵی رابردوودا، زۆربەی سەركەوتنە سەربازییەكانی داعش بەهۆی بێئاگایی بەرامبەر بووە. كەوتنی موسڵ، گرتنی بنكەی سەربازیی 93 لە شاری رەقەی سووریا و هەر لەم رۆژانەشدا كۆنترۆڵكردنی پێنج گوندی ناوچەی حەلەبی سووریا، هەموویان بەهۆی هێرشی چاوەڕواننەكراوی داعشەوە بوون.

داعش لە زۆربەی هێرشە چاوەڕواننەكراوەكانی سووریا سەركەوتوو بووە، بەڵام كاتێك هێرشی داعش ئامادەكاری بۆ دەكرێت لەلایەن بەرەی نوسرە و سوپای رژێم و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووری، داعش زۆربەی جار شكست دێنێت و تەنانەت گوند و شاریش لەدەستدەدات. مانگی پێشوو، چەكدارانی داعش ناچار بوون لە شاری ستراتیژیی عەزاز بەرەو رەقەی "پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی" بكشێنەوە.  

*شرۆڤەكاری نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداو و هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەزانكۆی نیویۆرك.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە