پۆستی كاسۆلیكی

21-04-2015
گۆران محەممەد
نیشانەکردن گۆران محەممەد دەسەڵات بەدیل
A+ A-
باس لە پۆستی سەرۆكی هەرێم و مانەوەی سەرۆكی ئێستا لە پۆستەكەی دەكرێت. ئەم چەند رۆژانە، دەستەواژەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بازاڕی گەرمە. راستت دەوێ؟ كورد خۆی میللەتێكی بێبەدیل و بێنەزیرە، ئەوە بۆیە نەك هەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو نزیكەی هەموو پۆستەكانی هەر وان، جا حكومەتیی بێت یان حیزبی.

ئەی توخوا نەك یەكێتییەكی تەواو، نیو یەكێتی شك دەبەن زاتی ئەوە بكات و بڵێ بەڕێز تاڵەبانی بەدیلی هەس؟ ناوەڵا وەرن با گرەو بكەین تا هێژا نەوشیروان مستەفا هەناسەی تێدا مابێت، كەسی دیكە دەبێتە رێكخەری تۆزێكی، نەك گشتیی؟ ئێ بە خوا قەسەم تا بەڕێز عەلی باپیریش مەیلی لێبێت، كەس زاتی ئەمیربوون ناكات.

ئەمە حیزب، ئا وا وەرن بۆ دەوڵەت با لە بنەوە بۆی هەڵكشێین. ئێوە هەرگیز بیرتان بۆ بەدیلی بەڕێز فەلاح مستەفا دەچێ؟ من تا ئێستا چەند جارێك ناونیشانی چەند شوێنێكیان بۆ هەڵداوم و گوتوویانە لەملا، یان لەودیو دائیرەكەی فەلاح مستەفا، ئاخر ناوی خۆی، لە هی فەرمانگەكەی ئاشناترە. فەرمانگە، بێ ئەو، هەر تامی نییە. نەك هەر وەزارەتی ناوخۆ، پێناچێ شەست مەتریش بێ بەڕێز كەریم شەنگالی تامی هەبێ، ئاخر ئەویش هیچی نەماوە نازناوی وەزیری هەمیشەیی ناوخۆ وەربگرێت.

 وەلەو زوو تووڕە دەبێت، بەڵام بە برایەتیمان قەسەم تا یەك جەلیكان نەوت لە كوردستاندا مابێ، هەر هێژا ئاشتی هەورامی وەزیری دەبێ، كاكە پیاو ئەگەر دەستی دایە ئیشێك، تەواوی بكا چاكە، ئاخر بەدیلی ئاشتی، شەڕ و ئاشووبە، هەر ئاشتی باشە قوربان. جا چی بێ لە ئێوە نهێنی، شەرع شەرمی تێدایە نییە و لە ترسان باسی هەندێ پۆستی دیكە ناكەم چونكە مەعێن شەق و شتی بەدواوە دەبێ و راست باز بۆ سەرۆكی حكومەت دەدەم چونكە ئەو سەلامەتە، هەر لە خۆی دێ سەرۆكایەتی ئەم حكومەتە، ئاخر بۆیە شیرینە ئەم كوردستانە، سەرۆكی حكومەتەكەی تا ئەبەد نێچیرڤانە، هەڵبژاردن و مەڵبژاردن، یاری منداڵانە.

لە وڵاتی ئێمە بەدیلی ئەی رەقیب ئاسانە، هی مامۆستا عەلی باپیر زەحمەتە،  لە كنەمە بەدیلی هەڵبژاردن سازانە، ئاخر دیموكراسیی كوردی بە قازانە، دەستوور كێیە؟ بەدیلی وا بەهەلهەلە و فیكەكێشانی پەرلەمانە، بەدیلی پەكەكە بۆ دەوڵەتی كوردی، كانتۆنە، كەچی ئۆجەلان خۆی ئەفلاتۆنە. بێ بەڵا بن بەدیلی نیشتیمانیش ئاسانە، ئەی ئەوە نییە نزیكەی هەموو كاربەدەستێكی باڵا، پاسپۆرتی وڵاتێكی دیكەی ها لە باخەڵدا! ئاخر قەینا پۆستەكانی كوردستان بێ بەدیلن، كوردستان خۆی بەدیلدارە، باس لە بەدیل بۆ ئەم و ئەو مەكەن، ئێمە میللەتێكی بەدیلسزین، ئەوە پۆست وەرگرتن نییە، هاوسەرگیریی كاسۆلیكییە، مردن نەبێ، هێز نییە لەیەكیان جیابكاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە