چی لە پشت بەكانتۆنكردنی شنگالەوەیە؟

20-01-2015
رێبوار کەریم وەلی
نیشانەکردن شنگال پەکەکە
A+ A-

پەكەكە لە هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە لە هەوڵێكی بێوچاندایە بۆ دۆزینەوەی جێپێیەك لە كوردستانی باشوور (نەك باشووری كوردستان) و داهێنانی چەمكەكانی یەكپارچەیی كوردستان وەكو (باكوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا) بە كردەیی مافی ئەوە بە پەكەكە دەدات لە هەر چوار پارچە بە كەیفی خۆی تەراتێن بكات.

 كوردستان نەك هەر یەكپارچە نییە و بگرە پترە لە چوارپارچەش

ئەگەر یەكێكیش پرسیار بكات كە بۆ وا دەكەی؟ وەڵام ئەوەیە كە ئەدی ئێرە كوردستان نییە! دیارە پەرەدان بە چەمكە یەكپارچەییەكان، نكۆڵیكردن و خۆفریودان لەهەمبەر ئەوەی كە كوردستان نەك هەر یەكپارچە نییە و بگرە پترە لە چوارپارچەش، هێندەی دیكە ئاوی لە ئاشی پەكەكە كردووە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە پەكەكە لەو شوێنانەی خۆی تێیاندا باڵادەستە، نەك جگە لەخۆی كەسی دیكە بۆی نییە كاری سیاسی بكات، بگرە ئەوەی ركابەریشی بكات، خائینە!

لەم چەند رۆژەدا زۆر باسی كانتۆنی شنگال كرا و كۆمەڵێك بەیاننامە و بەرپەرچدانەوە راگەیەندران. زۆر باسی ئەوە كرا كە كانتۆن چییە و لە چییەوە پەیدا بووە و دەبێ چۆن بێ، بەڵام كەس ئاماژەی بەوە نەكردووە كە ئەوە یەكەم كانتۆنی پەكەكە نییە لە كوردستانی باشووردا، ئەی ئەوە نییە ناوچەی قەندیل بە تەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی "بەڕێوەبەرایەتیی گەل"ەكەی پەكەكەدایە! بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەیە؟ بۆ حكومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی لە ناوچەی زاب هەیە كە رووبەرێكی فراوانی كوردستانی باشوورە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بەبێ مۆڵەتی پەكەكە ناتوانن سەردانی گوندەكانی خۆشیان بكەن؟ هەق بوو بەرلەوەی هەڵوێست لە كانتۆنی شنگال وەربگیردرێت، باسی ئەو دوو مانتۆنەش! بكرێ كە پەكەكە بە شێنەیی دایمەزراندوون و چەندین ساڵە حوكمیان تێدا دەكات و تەنانەت داهات و سەرانەشی پێ پەیدا دەكات.
  بە كانتۆنكردنی شنگال نەك هەر موفاجەئە نەبوو، بگرە شتێكی ئاساییش بوو

بۆ كەسانێك كە پەكەكە بناسن و شارەزای مێژوو و سیاسەتەكانی بن، بە كانتۆنكردنی شنگال نەك هەر موفاجەئە نەبوو، بگرە شتێكی ئاساییش بوو.  تەنانەت ئیتر ئەو دەستەواژەیەش سنووری كۆمیدیای بەزاندووە كە پەكەكە باسی هەڵبژاردن و خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیك دەكات. چونكە پەكەكە خۆی بە خاوەنی راستەقینەی هەموو خاكی كوردستان دەزانێ و لە روانگای ئەوەوە، دیموكراسی ئەوەیە كە ئەو حوكم بكات و ئەو حیزبانەی ئێستا حوكمی كوردستانی باشوور دەكەن، داگیركەرن و دەبێ زوو یان درەنگ هەموو كڕنۆش بۆ ئەو و ئەوانە بەرن كە خۆی باوەڕی پێیانە. دابەشبوونی سیاسی و جوگرافیی كوردستانی باشوور، كوردستانی رۆژهەڵات و تەنانەت رۆژئاواش باشترین دەرفەتی نەشونمای بە پەكەكە داوە لەو شوێنانە و ئەوەش لەكاتێكدایە كە پەكەكە هیچ دروشمێكی نەتەوەیی و ئایندەیی بۆ كوردستان نەماوە و كار لەسەر پارچە پارچەكردنی زیاتری جەستەی سیاسی و جوگرافیی كوردستان دەكات. حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتیش یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، چ لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی نەوەتەكان و چ ئێستا، لە بەرامبەر نەبوونی پێگەیان لە بادینان و ناوچەكانی مووسڵ بەردەوام دەستیان لەپشتی پەكەكە داوە و بەگژ پارتییاندا كردووە. لەدژی پارتی هاوپەیمانیی سەربازییان لەگەڵ بەستووە و بەپارەش هاوكارییان كردووە.

پێویست بەوە ناكات باس لە رۆڵی میدیای یەكێتی بكرێت كە لەو ماوەیەدا چی كردووە بۆ شكاندنی پێشمەرگەكانی پارتی، بەڵام ئەوەی ئێستا پەكەكە دەیكات، لە روانگای ستراتیژییەوە (كە ستراتیژییەتی ئێرانە نەك یەكێتی) كارێكی باشە. 

ئەگەر ئەوە سەربگرێت، نوقڵانەی كانتۆنەكانی كەركووك و سلێمانی دەبن و دەوڵەتەكەی بارزانی لە داهاتوودا بریتی دەبێ لە بەشێكی هەولێر و بادینان و ئینجا دیار نییە چارەنووسی ئەو دەوڵەتەش چی لێ بەسەردێت. چونكە دوور نییە ئەو كاتەی پەكەكە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا رێكدەكەوێت، پێكەوە هەوڵ بدەن ئەو بەشەش بخەنەوە سەر خاكی كۆماری توركیا و كۆتایی بە داگیركاری و دیكتاتۆریەتی بارزانی بێنن!
  لە روانگای پەکەکەوە، دیموكراسی ئەوەیە كە ئەو حوكم بكات

هەوڵەكانی ئێران تا ئێستا لە تێوەگلاندنی كوردستانی باشوور لە شەڕی داعش، پارچە پارچەكردنی كوردستانی باشوور، گواستنەوەی تەركیزی دنیا لەسەر پاراستنی هەرێمێكی دیموكراتیك بۆ شارۆچكەیەكی كەم بایەختر (كۆبانێ)، لەسەر دەستی یەكێتی و پەكەكە بەباشی بەڕێوەدەچن و دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە تاڵەیە كە سەدان ساڵە كورد تێیدا دەخولێتەوە. 

رۆژێك ژێردەستەیی، رۆژێك ئەمارەت و رۆژێكیش كانتۆن...هەر رۆژە بە ناوێك داگیركەرانی كوردستان لەرێگەی دەستوپێوەندەكانیانەوە نەیانهێشتووە ئەو میللەتە هەناسەیەكی راحەت هەڵبكێشێ و تا هەتایە هەر شەڕی یەكتری بكەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە