ژن کوشتن لەهەرێمی کوردستان، بەبیانووی پاراستنی شەرەف

ژن کوشتن لەهەرێمی کوردستان، بەبیانووی پاراستنی شەرەف
لەم بەرنامەیەدا، بەدواداچوون بۆ دیاردەی ژن کوشتن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، بەهرۆز فەرەیدوون، ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەکە پرسیار لەبارەی رۆڵی رێکخراوەکانی ژنان دەکات و دەڵێت رێکخراوەکانی ژنان بەو زۆرو زەوەندییەیان چییان کردووە، تاوەکو ژنان بەو رێژە بەرچاوە نەکوژرێن، هەربۆیە دەچێتە یەکێتی ژنان لە شاری سلێمانی و بەرپرسی رێکخراوەکە دەڵێت: هەوڵمانداوە پیاوان تێبگەیەنین و کۆڕ و کۆنفرانسەکانمان کاریگەری باشیان لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کوشتنی ژنان هەبووە.
ساڵی رابردوو زۆربەی کوژرانی ژن و کچەکان لە کاتی ژوان و لە چیای گۆیژەی سلێمانی کوژراون، لەنێو بەرنامەکەدا وێنەی ئەو کچ و کوڕانەی تێدایە کە ژوانیان هەیە و دەیانەوێت دوور لەچاوی هەموو کەسێکبن.
کاری وێنەگرتنی بەرنامەکە هەر قەتیس نییە لە ناوچەیەک یان شارێک، شاری هەولێریشی تیدایە، بەرپرسی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ئافرەتان لەنێو بەرنامەکەدا پەنجە دەخاتە سەر هۆکارە راستەقینەکەو دەڵێت " مۆبایل و تۆرەکانی پەیوەندیکردن سەدا حەفتای کێشەکانە".

لەنێو بازاڕی مۆبایل فرۆشانی شاری هەولێر بە سەدان سیمکارت  دانراوە بۆ فرۆشتن بێ پڕکردنەوەی فۆرم و هیچ زانیارییەکیان نییە، سیمکارتفرۆشێك بە پێشکەشکاری بەرنامەکە دەڵێت " ئەگەر دەتەوێ، دەتوانی سەد هەزار سیمکارت بکڕیت و هیچ لێپرسینەوەیەکیش نییە".
کۆمپانیاکانی مۆبایلیش لە هەرێمی کوردستان، بێبەریبوونی خۆیان لەو سیمکارتانە رادەگەیەنن وەک ئەوەی سیمکارتەکان هەر هی ئەوان نەبێت.

مەرج نییە کوژراوە ژنەکان  هەر لەنێو گۆڕەکاندابن، تەرمی حەوت ژن لەنێو سەلاجەکانی فەرمانگەی پزیشکی دادی هەولێرە و کەسوکارەکانیشیان خۆیان ناکەنە خاوەنیان و هەر ناچن بە لایاندا، د. یاسین، کە بەرپرسی فەرمانگەکەیە نموونەیەکی سەیر و سەرنجراکێش دەگێڕێتەوە و دەڵێت " باوکێک کچەکەی خۆی بە بەنزین سووتاند بە هۆکاری ئەوەی پەردەی کچێنی نەماوە و هاوژینەکەی بردوویەتییەوە ماڵی باوکی، بەڵام دواتر لای ئێمە دەرکەوت کە کوژراوەکە کچ بووە و کێشەکە لە هاوژینەکەی بووە، هەر دوای رووداوەکەش باوکی کچە کوژراوەکە جەڵتەی دڵ لێیداوە و دەستبەجێ لە خەفەتی کچەکەیدا مردووە".

 تۆپ ستۆری بەرنامەیەکی مەیدانیی هەفتانەیە، بایەخ بە مژارە گەرمەکانی هەفتە دەدات،هەرجارەی رووداوێک کە لەو هەفتەیەدا روویداوە هەڵدەبژێرێت، لە تۆپ ستۆریدا بە شێوازی رۆژنامەنووسیی تەحقیقی زانیارییە باسنەکراوەکانی ئەودیوی هەواڵەکە دەردەکەون، ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەکە (بەهرۆز فەرەیدوون)ە.