فرێدریک تیسۆ- بەشی یەکەم

فرێدریک تیسۆ- بەشی یەکەم
دوکتۆر فرێدریک تیسۆ

لە ساڵی ١٩٥١ لە جەزائیر لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٦٢ دەگەرێتەوە بۆ فەرەنسا، دوای ئەوەی پلەکانی خوێدن دەبڕێت، لە ساڵی ١٩٨٠ دەبێتە پزیشک . وەکو پزیشکێکی فەرەنسی، بریار دەدات بچێتە لەو وڵاتانەی کە دوورەدەستن و شەڕ تێیاندا بڵاوە و هیچ هاوکارییەکیان بەدەست ناگات.

تیسۆ، ژیانێکی پڕ لە سەرکێشی بەسەر بردووە، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، دەچێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە چەندین شوێن وەکو پزیشک کار دەکات و هاوکاری پێشمەرگە و خەڵکی گوندەکان دەکات.

لە نزیکەوە بە سەرکردەکانی کورد ئاشنا دەبێت بەتایبەتی عەبدولرەحمان قاسملۆ، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤیەنا تیرۆرکرا.

لە دوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١ وە، چەندینجار سەردانی باشووری کوردستان دەکات. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تاوەکو ٢٠١١ دەبێتە سەرکۆنسوڵگەری فەرەنسا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

لەم پەنجەمۆرەدا باسی ئاشنایەتی خۆی لەگەڵ دکتۆر قاسملو و ئینستیتوتی کورد لە پاریس و رێبەرانی باشووری کوردستان دەکات.

تیسۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت "کاتێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووم و نەخۆش و بریندارەکانم تیمار دەکرد، ئەوەی بۆ من پاردۆکسێک بوو ئەوەبوو، بەشێک لەو بریندارانە بەو بۆمبانە بریندار ببوون، کە فەرەنسا بە ئێران و عێراقی فرۆشتبوو."

لەبەشێکی دیکە قسەکانیدا دەڵێت:" شەوێک بە رێگایەکدا دەڕۆشتین، شەوێکی زۆر تاریک بوو، پێشمەرگەیەک لە پێش منەوە دەڕۆیشت، لە ناکاو کەسێک هاواری کرد: کێیە؟ لەو کاتەدا راچڵەکیم و زۆر ترسام. ئەو کەسە پاسەوانی بەردەم دەفتەری سیاسی بوو. وشەی کێیە ناونیشانی یەکەم بەشی کتێبەکەمە. لەبەرئەوەی هێشتا ئەو دەنگە لە میشکمدا دەزرینگێتەوە."

شتێک کە هێشتا لە هزر و بیرەوەریەکانی فرێدرێک تیسۆ ماوەتەوە ئەوەیە: کاتێک فرانسۆ میتران هەڵدەبژێردرێت، لە گوندەکانی کوردستان تەقەی خۆشی دەکەن!.  


پەنجە مۆر :مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.