ئەحمەد تورک – ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا

ئەحمەد تورک – ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا

بەشی سێیەم 

سیاسەتمەدار و ئەندام پەرلەمانی پێشووی پەرلەمانی تورکیا ئەحمەد تورک، لە ساڵی ١٩٤٢ لە دێرک سەر بە شاری مێردین لەدایکبووە، سەربە عەشیرەتی قنجۆیە، عەشیرەتی قنجۆ لە دەوروبەری ماردین بەناوبانگن، دوای کوشتنی برا گەورەکەی عەبدولحەمد تورک لە شەڕی نێوان عەشیرەتەکاندا، ئەحمەد تورک دەبێتە دەمراستی عەشیرەکەیان و لەسەر ناوی عەشیرەکەیان جێگەی براکەی دەگرێتەوە، هاوکات دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە ناو پارتی دیموکرتدا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٣ –١٩٧٤، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤ تاوەکو ١٩٨٠ دەبێتە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری و ئەندام پەرلەمانی ئەو پارتە.

ئەگەرچی ئەو دەڵێت من بەناوی کوردایەتییەوە دەستم بە سیاسەت نەکرد، بەڵام لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسیەکاندا پەیوەندیەکی باشی دەبێت، بەتایبەتی کەسایەتییەکی وەکو ئاپێ موسا عەنتەر.

لە ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن کوردەتاچیەکانەوە وەکو زۆرێک لە رۆشنبیران و سیاسیەکانی کوردستان راپێچی زیندان دەکرێت و بەچاوی خۆی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەوەکانی ئامادە دەبینێت، کە وەکو خۆی دەڵێت "مەگەر لەگەڵ مەرگ و کۆمەڵکوژی جوولەکەکاندا بەراورد بکرێت."

لەساڵی ١٩٨٩ بەشداری کۆنفرانسی کورد لە پاریس دەکات، دوای گەرانەوەیان لەلایەن تورکیا و ئەوپارتەی کاریان تێدادەکرد، واتە پارتی سۆسیال دیومکراتی گەلپەرست جەهەپە کیشەیان بۆ دروست دەبێت، ناچاردەبن پارتێکی کوردی دامەزرێنن بەناوی هەپ.   

لە ساڵی ١٩٩٣ لە لوبنان بەشداری راگەیاندنی شەڕ وەستانی پەکەکە دەکات، کە لەلایەن عەبدوڵلا ئۆجەلانەوە بە ئامادەبوونی مام جەلال و کەمال بورکای راگەیاندرا.

لە ساڵی ٢٠١١ وەکو وەکو نوێنەری شاری ماردین دەبێتە ئەندام پەرلەمان، لە زۆربەی پارتە کوردییەکان کە دوای ساڵی ١٩٩٠ دامەزراون ئەندامی دامەزڕێنەر بووە و دەورێكی گرنگی بینیوە لە پرۆسەی ئاشتی و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەحمەد تورک بە سیاسییەکی ئارام ناسراوە و هەمیشە هەوڵی داوە کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کێشەی بۆ دروستکراوە و خراوەتە زیندانەوە.

دوا پۆستی سیاسی ئەحمەد تورک هەڵبژاردنی بوو بە سەرۆکی شارەوانی مێردین لە ساڵی ٢٠١٤، بەڵام لەلایەن تورکیاوە ئەو پۆستەی لێ زەوتکرا و بە بەهانەی جۆراوجۆرەوە خرایە زیندانەوە، ئەحمەد تورک پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتی باشووری کوردستان هەیە.

لە پایتەختی تورکیا، ئەنقەرە، بەشداری لە بەرنامەی پەنجەمۆردا کرد و چەند لاپەرەیەکمان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەحمەد تورک هەڵدایەوە.

لەم ئەڵقەیەدا کە لە 1/6/2018 پەخش بوو، باسی سەردانی خۆی و هاوڕێکانی بۆ لوبنان و سوریا دەکات، کە چۆن چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و مام جەلال و کەمال بورکای کەوتووە. باسی ئەو پەیامە زارەکیانە دەکات کە ئۆزال ناراستەوخۆ بۆ ئاپۆی ناردووە، هەروەها باسی مردنی ئۆزال.

بۆچی لە رۆژی سوێندخواردن لە پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیاربوو هەموو کوردەکان بە کوردی سوێندن بخۆن، بەڵام تەنیا لەیلا زانا بە کوردی سوێندی خوارد، باسی پەیوەندییەکانی باکوور و باشووری کوردستان و پرۆسەی ئاشتی و دیدار لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندان و گەلێک بابەتی دیکە دەکات. 


پەنجە مۆر
 
مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.