ئایندەی پێکهاتەکانی موسڵ دوای داعش

ئایندەی پێکهاتەکانی موسڵ دوای داعش
ئایندەی پێكهاتەكانی موسڵ، دوای نەمانی داعش، لە پارێزگای نەینەوا مژاری ئەم بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) بوو. لەم بەرنامەیەدا باس لەو سیناریۆیانە كرا كە ئامادەكراوە بۆ ئایندەی ئەو پارێزگایە.

كردنی پارێزگاكە بە هەرێمێكی سەربەخۆ ‌و دواجار دابەشبوونی بۆ سێ‌ پارێزگا، كە پارێزگایەكیان بۆ عەرەبی سوننە‌و ئەوی دیكەیان بۆ مەسیحییەكان ‌و پارێزگایەكیش بۆ ئێزدییەكان وەك لە بەرنامەكەدا خرایەڕوو ئەگەری زۆر هەیە ئەو سیناریۆیە جێبەجێ‌ بكرێت، "زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووش پشتیوانی ئەو سیناریۆیە دەكەن".

د.حەبیب حەنا، سەرۆكی كۆمەڵی (حەدیاب) بۆ توانستەكان، كە كۆمەڵەكەیان لە دەیان مامۆستای زانكۆ پێكهاتووە ‌و چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئایندەی پارێزگای نەینەوا كردوە، ئەوەی خستەڕوو زۆربەی مەسیحییەكان لەگەڵ ئەوەدان ئایندەیان بە هەرێمی كوردستانەوە ببسترێتەوە نەك عێراق. ئەو گوتیشی "لەكاتێكدا پێش داگیركردنی موسڵ مەسیحییەكان ئەم بۆچوونەیان نەبوو".

هەر لەم بەرنامەیەدا حجی رێكانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە لە نووسیگەی دهۆك ـەوە بەشداری بەرنامەكەی كرد جەختی لەوە كردوە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ پرس رایەكیان پێنەكراوە. لەسەر ئایندەی ئەو پارێزگایە. بە پێچەوانەی ئەوە، غەیاس سورچی، گوتەبێژی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی باسی لەوە كرد؛ وەكو یەكێتی بۆ هەموو ئەگەر‌و پێشهاتەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان پرس ‌و راوێژی پێكردون، ئەو ئاشكراشی كرد "وەكو یەكێتی نزیكەی 10هەزار پێشمەرگەیان لە سنووری ئەو پارێزگایەدا هەیە".

ئەم بەرنامەیە، کە شەوی22-9-2016 راستەوخۆ لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لەشاری هەولێر  پێشكەش كرا.

میوانە سەرەكیەكانی بەرنامەكە پێكاهاتبوون لە

*محیەدین مزووری، بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی 14ـی پارتی لە موسڵ

*غەیاس سورچی، گوتەبێژی مەڵبەندی مووسڵی یەكێتی

*د.حەبیب حەنا، سەرۆكی كۆمەڵی (حەدیاب) بۆ توانستەكان (مەسیحیەكان).

*فەیسەڵ ئەسكەندەر، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای حەمدانیە. لە پێكهاتەی (شەبەك)

*عامر حوزەیران، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی دیموكراتی بەیتولنەهرەین لە پێكهاتەی. (مەسیحی)

*حجی رێكانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسیگەی دهۆك ـەوە بەشداری بەرنامەكەی كرد.