رۆن جۆنسن، سیناتۆری كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ (رووداو):
ئێستا هیچ قازانجێك لە سەربەخۆیی كوردستاندا نابینم
كورد رێژەیەكی باشی سەربەخۆیی بەدەستهێناوە
لەبری پەلەكردن لە راگەیاندنی سەربەخۆیی، دانبەخۆتاندا بگرن
حكومەتی شیعە توانای پاراستنی ناوچەكانی خۆی نییە
ئەمریكا هەڵەی كرد هێزی بۆ سەقامگیركردنی عێراق نەهێشتەوە
نەخشەی ئێستای عێراق لە كەركووكەوە بۆ بێجی و موسڵە
پێویستە یارمەتی كورد بدەین بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن
هیوادارم بتوانم هانی ئۆباما بدەم كە چیدی كوردستان پشتگوێ نەخات
شایەتحاڵی دامەزرانی وڵاتێكی نوێین بەنێوی ئەلقاعیدەستان
نامەوێ ئەلقاعیدەستان ببینم
زۆر زۆر روونە باشترین دۆستەكانمان لە ناوچەكەدا كوردن
پشتگیری هەناردەكردنی نەوتی كوردستان دەكەم
رۆن جۆنسن، سیناتۆری دیاری كۆمارییەكانە لە كۆنگرێسی ئەمریكا، كە نوێنەرایەتی ویلایەتی وینكانسن دەكات. ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە 6 ملیۆن كەسە. ئەم سیناتۆرە كە لە ساڵی 2011 پۆستەكەی وەرگرتووە، یەكێكە لە دیارترین رەخنەگرانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئێستا رەخنەكانی چڕتركردووەتەوە دوای ئەوەی چەكدارە سوننەكان كۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەكی عێراقیان كرد. ئەو لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت وڵاتەكەی پێویستە بە تەواوی پشتگیری كورد بكات، لە كاتێكدا لە هەوڵی ئەوە دان خەونی لە مێژینەیان بێننەدی.
هەڤپەیڤین: نامۆ عەبدوڵڵا
رووداو: ئێستا عێراق لەسەر لێواری رووخان و دابەشبوون دایە، گۆڤاری تایم لە دوایین ژمارەی خۆیدا باس لە كۆتایی عێراق دەكات، بە بڕوای تۆ چۆن گەیشتین بە ئێستا؟
رۆن جۆنسن: ئەوە تراژیدیایە. مەبەستم ئەوەیە ئەمە شتێكە كە پێموایە نەدەبوایە روویدابووایە. پێموایە هەڵەی ستراتیژی ئەمریكا ئەوە بوو كە هێزێكی بۆ سەقامگیركردنی عێراق جێنەهێشت. هەلێكی مێژوویی هەبوو. گەرەنتیكراو نەبوو، بەڵام هەلێكی مێژوویی كە نیشانیدەدا سونە و شیعە و كورد دەیانتوانی پێكەوە كار بكەن و حكومەتێكی هاوپەیمانی پێكبهێنن و دەستكەوتەكان بەش بكەن. بەڵام دۆخەكە پێویستی بە كاریگەری سەقامگیریهێنەری ئەمریكا هەبوو. بۆ ئەوەی فشاری پێویست لەسەر كەسانی وەكو مالیكی دروست بكات، بۆ ئەوەی دڵنیابێت كە حكومەتی هاوپەیمانی راستەقینە بێتەدی. بەڵام ئێمە لە پشت بەغدا نەماینەوە و ئەنجامی تراژیدی و كارەساتاوی ئەو هەڵە ستراتیژییەمان بینین.
رووداو: بەڵام هەندێك كەس ئەو راستییەی كە ئەمریكییەكان نەمانەوە، بە هەڵەیەكی عێراقییەكان خۆیان دەبینێت، چونكە ئەوە نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، كە نەیویست پارێزبەندی یاسایی بدرێتە سەربازانی ئەمریكی.
رۆن جۆنسن: ئەوەی من بیستوومە بەوجۆرە نییە. قسەم لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە كە بەشداری دانوستاندنەكان بوون، وابزانم ئەو جەنەڕاڵەی ئەوكات فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە عێراق پێشنیازی مانەوەی 20 هەزار سەربازی ئەمریكی كردبوو، كاتێك گفتوگۆكان لەگەڵ مالیكی دەستیان پێكرا لەبارەی ئەنجامدانی رێككەوتنی ئەمنی، لەناكاو ژمارەكە كەمیكرد بۆ 10 بۆ 13 هەزار سەرباز، ژمارەكە بەردەوام روو لە داكشان بوو.
رووداو: مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشنیازی كرد ئەمریكییەكان لە كوردستان بمێننەوە، بەڵام سەرۆك ئۆباما رەتیكردەوە؟
رۆن جۆنسن: راستە، دیسان دەڵێم شتێكی تراژیدی بوو، هەڵەیەكی ستراتیژی بوو. بەڵام كاتێك رووبەڕووی ئەو واقیعە دەبینەوە كە ئەمڕۆ لەئارادایە، كە واقیعێكی زۆر لێڵە. وا تەماشای كوردستان دەكەم كە ئەو هەرێمەیە كە ئەگەری ئەوەی هەیە سەقامگیر بمێنێتەوە. پێشنیازی من ئەوەیە كە ئەمریكا هەرچی لەدەستی دێت بیكات بۆ یارمەتیدانی كورد نەك تەنیا بۆ پاراستنی سەقامگیرییان، بەڵكو ئەگەر گونجاو بێت هاوكار بێت لە بەرفراوانكردنی ئەو سەقامگیرییە بۆ بەشەكانی دیكەی عێراقیش.
رووداو: مەبەستت چییە لە پاڵپشتیكردنی كوردستان، ئایا پێتوایە ئەمریكا دەبێت چەك بدات بە پێشمەرگە، بۆ ئەوەی كوردستان بپارێزێت؟
رۆن جۆنسن: من پسپۆڕی سەربازی نیم، ئاگاداری ئەوەش نیم كە بە دروستی كوردستان لە رووی ئەمنییەوە لە چ پێگەیەكدایە، دەمەوێ هانی كوردستان بدەین، یارمەتی بدەین بەو جۆرەی كە دەتوانین. ئەگەر تەماشای نەخشەی ئێستای عێراق بكەین، دەبێ لە كەركووكەوە بۆ بێجی و موسڵ لێیبڕوانین. زۆر پێمباشترە كورد حوكمی ئەو ناوچانە بكات نەك قاعیدە. بارودۆخەكە شلۆقە و هیوادارم كورد بە دانبەخۆداگری بمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە باوەڕموایە پێویستە هەرچیان لەدەست دێت ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەی پێداگری لەسەر ئۆتۆنۆمییان بكەن، ئۆتۆنۆمییەكەیان بەرفراوان بكەن. ئەمریكا دەتوانێت هاوكاربێت بۆ پەرەدان بە پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، كە پێموایە شتێكی زۆر گرنگ دەبێت. پێموایە رۆڵی ئەمریكا لە جیهاندا ئەوەیە كە بە نموونە پرەنسیپەكانی نیشان بدات. پرەنسیپەكانمان بریتین لە ئازادی، ئازادی لە بڕیاردان لە چارەنووس، هەروەها دیموكراسی. بەڵام لەو شوێنانە كە دەتوانین. نەك دروستكردنی دەوڵەت و سەپاندنی بەهاكانمان بەسەر خەڵكدا. بەڵام بەدڵنیاییەوە یارمەتی ئەو كەسانە بدەین كە ئازادییان خۆشدەوێت و بەدوای دیموكراسییەوەن بۆ ئەوەی سەقامگیری بەدەستبێنن. دەبوایە لە عێراق ئەوكاتە ئەوەمان كردبا، كە حكومەتی هاوپەیمانی هەبوو. عێراق لە جۆرێك سەقامگیریدا بوو كاتێك ئۆباما بوو بە سەرۆك. ئێستا ئەگەر سەیری كوردستان بكەین زۆر سەقامگیر بووە. كە رەنگە توانای بەرگری لەخۆكردنیشیان هەبێت، پێویستە یارمەتی كورد بدەین بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن.
رووداو: ئەم ماوەیە بە سەردانەوە لە كوردستان بووم، كورد دەڵێن كورد هەمیشە خۆی بە دۆستی ئەمریكا زانیووە، كوردستان زیاتر دیموكراسیترە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكەی دیكەی عێراق، میدیایەكی تا راددەیەك ئازادی هەیە، بۆچی ئەمریكا هەمیشە پاڵپشتی حكومەتی ناوەندی دەكات؟ لە كاتێكدا ئەو حكومەتە زۆر نزیكترە لە ئێرانەوە. بۆ نموونە لەمەسەلەی سووریاش سەرۆك وەزیرانی عێراق، پاڵپشتی بەشار ئەسەدی كردووە، لە كاتێكدا ئەمریكا و رۆژئاوا پاڵپشتی لە چەكدارە یاخییەكان دەكەن؟
رۆن جۆنسن: دەزانی ئەگەر بیر لە دۆخێكی مێژوویی بكەیتەوە كە كرابا تێیدا سوننە و شیعە و كورد پێكەوە هەڵبكەن، داهاتەكان بەشبكەن، ئەوە شتێكی زۆرباش دەبوو. رەنگە ئەمریكا زۆر ئایدیالیستی بێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە لە ئەمریكا لەگەڵ پێكهاتەی جیاواز هەڵمان كردووە، وڵاتێكی فرە كولتوور و ئیتنیكین، ئەمریكا نموونەیەكی سەركەوتووە. خۆزگە دەخوازین و هیوادارین كە كرابا ئەوە لە ناوچەكانی دیكەی جیهانیش هاتبا دی. رەنگە زۆر ئایدیالستی بین كە هیوا دەخوازین بكرێ ئەوە لە عێراقیش بێتەدی. بەڵام ئەوە چیدی راستی بارودۆخەكە نییە. هۆكارێكی ئەوەی كە ئەم هەڤپەیڤینە ئەنجامدەدەم ئەوەیە كە هیوادارم بتوانم هانی سەركردەكان و ئیدارەی ئەمریكا بدەم كە چیدی كوردستان پشتگوێ نەخەن. بۆ ئەوەی دڵنیابین، كە رۆڵی ئێمە ئەوەیە پارێزگاری لەو شوێنانە بكەین، كە خاوەنی سەقامگیرین. لە روانگەی منەوە دەبێ لەم خاڵەدا هەرچی لە دەستمان دێت بیكەین بۆ یارمەتیدانی كورد. تێدەگەم كاتێك ئۆباما دەستبەكاربوو خواستی دروستكردنی حكومەتی هاوپەیمانی هەبوو، رەنگە ئەوە مەحاڵ بووبێت، رەنگە بژاردەیەكی دروست نەبووبێت، بەڵام تێدەگەم كە بۆچی ئەو ئایدیالیزمە، لانیكەم بەپێی تێگەیشتنی ئەمریكییەكان، بۆچی هەرەسی هێنا، تراژیدیا بوو، رەنگە هەرەسهێنانەكە كارەسات بێت. پێویستە ئێستا لە بارودۆخەكە تێبگەین، وۆڵ ستریت جێرناڵ زاراوەیەكی داهێناوە، ئێمە شایەتحاڵ و بینەری دامەزرانی وڵاتێكی نوێین بەنێوی ئەلقاعیدەستان. ئەوە بۆ هەموو جیهان تراژیدیا دەبێت. تراژیدیا دەبێت بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق، بۆ كوردیش تراژیدیا دەبێت. من نامەوێ ئەلقاعیدەستان ببینم. نامەوێ عێراقێكی شیعی ببینم كە ئێستا ئێران تێیدا باڵادەستە. بەرای من زۆر زۆر روونە كە باشترین دۆستەكانمان لە ناوچەكەدا كوردن. پێویستە هەرچیمان پێدەكرێ بیكەین بۆ هاوكارییان.
رووداو: سەرۆك بارزانی لە دیدارێكدا وتی كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان هاتووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، كە ئایا ئەو دەوڵەتە چۆن دەبێت؟ ئایا ئەمریكا پاڵپشتی دەكات و دانی پێدادەنێت؟
رۆن جۆنسن: تەنیا دەڵێم وریا بن، لەوە تێدەگەم كە خەونی لەمێژینەی خەڵكی كوردە. بەڵام رێژەیەكی باشی ئۆتۆنۆمیتان هەیە. پێشنیازی من ئەوەیە كە دانبەخۆتاندا بگرن.
رووداو: بەڵام تاوەكو كەی چاوەڕێ بكەین؟
رۆن جۆنسن: دەزانم لەوە تێدەگەم، بەڵام ئۆتۆنۆمیتان هەیە، ئێوە دیفاكتۆتان هەیە، سەربەخۆیی دیفاكتۆیی. ئێوە رێژەیەكی باشی سەربەخۆییتان بەدەستهێناوە. راستییە مەیدانییەكانیش دەبنە واقیع. با هیوابخوازین ئەوە بەردەوام بێت. لەم كاتەدا سەركەوتووانە هەرێمەكەتان دەپارێزن. هەر كە هێزەكانی عێراق لە كەركووك پاشەكشەیان كرد ئێوە شوێنتان گرتنەوە و ئێستا پارێزگاری لە كەركووك دەكەن. كەواتە با راستییە مەیدانییەكان خۆیان بێنە قسە و ئۆتۆنۆمییەكەتان بەهێزتر بێت. لە روانگەی منیشەوە ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنن، سەیركە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەرەوپێشچوو، پێویستە بەپێی كات پەیوەندییەكە بەهێزتر بكەن.
رووداو: بەڵام ئەمریكا تا راددەیەك دژی ئەو پەیوەندییەشە؟
رۆن جۆنسن: من وانیم، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڤپەیڤینە. دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە كە ئێمە لە ئەمریكا واقیعبینین و تێدەگەین دۆستەكانمان كێبوون، ئەگەر تەماشای راستییەكان بكەی هەرێمی كوردستان نیشانیداوە كە توانای ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بكات، راوەدوونانی قاعیدە، بەتەواوی لە دژی قاعیدە و تیرۆریزمن. وا لە كورد دەڕوانم كە لە ململانێی دوورودرێژمان لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی هاوپەیمانمان بوون.
رووداو: پێتوایە سەرۆك ئۆباما پشتی كردووەتە هاوپەیمانەكانی لە عێراق؟
رۆن جۆنسن: من قسە لەسەر ئەوە ناكەم. جارێكی دی دەڵێم هەڵەیەكی ستراتیژی بوو كە هێزێكی سەقامگیركەری جێنەهێشت. پێموایە ئەوە راستییەكی روون بوو، بارودۆخێكی زۆر خەمهێنەرە. با چیدی بەردەوام نەبین لە ئەنجامدانی هەڵەی ستراتیژی، پێویستە دڵنیایی ئەوە بدەین كە هەرچییەك لەدەستمان بێت دەیكەین بۆ هاوكاریكردنی كورد بۆ بەرگریكردن لە خۆیان هەروەها بەهێزكردنی ئۆتۆنۆمییان.
رووداو: سەرۆك ئۆباما زۆر پێداگیری لەسەر وڵاتێكی یەكگرتوو لە عێراق دەكات، بەڵام ئێستا دەبینین ئەو وڵاتە لە عێراق كۆتایی پێهات، بۆچی ئیدارەی ئۆباما سوورە لەسەر ئەوەی كە هەرسێ گروپە جیاوازەكەی عێراق بە زۆر لە ژێر دەسەڵاتی یەك سەركردەدا بمێننەوە؟ بۆچی ئەمریكا پاڵپشتی لە دەوڵەتێكی لامەركەزی ناكات؟ كە داواكاری كورد و زۆر لایەنی دیكەیە.
رۆن جۆنسن: راستە، دیسان دەڵێم لە ئەمریكا فیدڕاڵیزیمان هەیە، ویلایەتمان هەن كە خاوەنی مافی خۆیانن. بەڵام هەموویان سەر بە حكومەتێكی نیشتیمانین. ئەوەش شتێكی زۆرباشە بۆ ئەمریكا. ئەوە نموونەیەكی ئایدیاڵییە بۆ جیهان، پێمانوابوو رەنگە لە عێراقیش سەركەوتوو بێت. بەهەرحاڵ ئەگەر سەركەوتوو بووایە رەنگە ببووایە نموونەیەكی زۆرباش، رەنگە توانیبامان ململانێی چەندین سەدەی سوننە و شیعە و كورد تێپەڕێنین. دیسان دەڵێم لەو حەزە تێدەگەم، بەڵام دەبێ مامەڵە لەگەڵ واقیع بكەین. بە رای من مادام ئەمریكا حكومەتی هاوپەیمانی دەویست، دەبووایە هێزێكی سەقامگیركەری لە عێراق هێشتبایەوە. بۆ ئەوەی كاریگەری ئەرێنیمان هەبووایە بۆ ئەو كارە. بەڵام واماننەكرد و كشاینەوە. لە ئەنجامدا كاریگەریمان لەدەستدا، ئەوە ئەو بارودۆخەیە كە هەمانە. تەواو بوو، ئێستا دەبێ لەگەڵ بارودۆخی مەیدانی مامەڵە بكەین. لەبەرئەوەیە هانی ئەم ئیدارەیە دەدەم ئەوەی دەتوانێ بیكات بۆ یارمەتیدانی كورد لە پاراستنی ئۆتۆنۆمی، بەرگریكردن لەخۆیان.
رووداو: ئایا خۆت پاڵپشتی كوردستانێكی سەربەخۆ دەكەی؟
رۆن جۆنسن: جارێكی دیكەش دەڵێم لەم كاتەدا ئامۆژگاری من دانبەخۆدا گرتنە. كوردستان ئۆتۆنۆمی خۆی بەدەستهێناوە، بەپشت بەستن بەوەی بەسەر عێراق هاتووە لەم بارودۆخەی ئێستادا ئۆتۆنۆمییەكەتان بەرفراوانتر دەبێت، بۆیە لەبری پەلەكردن لە راگەیاندنی سەربەخۆیی، كە رەنگە كێشە دروست بكات، دانبەخۆتاندا بگرن و بەردەوام بن لەسەر بەهێزكردنی ئۆتۆنۆمییەكەتان، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییەكانتان لەگەڵ ئەمریكا و توركیا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە. ئەگەر سەربەخۆیی لەنێو كارتەكاندا بێت، بە رەفتاری بەرپرسیارانەی درێژخایەن رەنگە بەدیبێت. بەڵام با بە روونی بڵێم ئێستا هیچ قازانجێك لە سەربەخۆییدا نابینم، لە خەون و خولیای لەمێژینەی كورد تێدەگەم، تەنیا ئامۆژگاریم ئەوەیە كە دانبەخۆتاندا بگرن، بەشێوەی بەرپرسیارانە رەفتار بكەن، دۆستانە مامەڵە بكەن، بەهیوای ئەوەی كە ئەمریكا وەڵامی هەبێت و هەرشتێك لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین، دیسان دەڵێم واقیع و راستییە مەیدانییەكان بەوجۆرەن كە جۆرێك لە سەربەخۆییتان بەدەستهێناوە، بەڵام با چاوەڕێ بین، ئێستا كوردستان خاوەنی ئۆتۆنۆمییەكی زۆرە و ئەو ئۆتۆنۆمییە گەشەدەكات و بەهێزتر دەبێت.
رووداو: بەڵام بە دڵنیاییەوە كورد دەتوانن زۆر شتی سەربەخۆ بكەن، بۆ نموونە دەتوانن نەوتەكەی خۆیان بنێرنە دەرەوە؟
رۆن جۆنسن: من بە تەواوی پشتگیری ئەوە دەكەم. پێموایە لەم خاڵەدا كورد خاوەنی كەیسێكی بەهێزن بۆ ئەوەی كارێك بكەن چیدی گیرۆدەی چەند رێككەوتنێك نەبن، لەبارەی چوونی هەموو داهاتەكانی نەوت بۆ بەغدا، ئێستا حكومەتی بەغدا زۆر لاوازە، بەتەواوی پشتگیری لە توانای كورد دەكەم بۆ هەناردەكردنی نەوت و داهاتەكە بكەوێتە دەست خۆیان. پێموایە ئەمە یەكێكە لە ئەنجامەكانی ئەوەی لە عێراق روودەدات، بە بۆچوونی من حكومەتی شیعە توانای پاراستنی ناوچەكانی خۆی نییە. پێموایە رێگرییەكانی جاران چیدی نەماون. بۆیە دەڵێم ئەوە دیفاكتۆیە، نامەوێ وشەكە بەكاربێنم.