گوننار ئێکێلۆف

گوننار ئێکێلۆف
گوننار ئێکێلۆف

گوننار ئێکێلۆف، نووسه‌ر، شاعیر، وه‌رگێڕ و ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای سوید، یه‌که‌مین سوریالیست و پۆست مۆدێرنی ئه‌ده‌بی سوید، لە بنەماڵەیەکی بۆرژوازی لە ساڵی 1907 لە دایکبووە. دایکی کەسێکی سەرەڕۆ بووە و حەزی لە گەڕان و بەسەربردنی کاتی خۆشبووە، بەڵام بە پێچەوانەوە باوکی کەسێکی باوەڕداری مەسیحی بووە.

هێشتا تەمەنی هەشت ساڵان دەبێت، کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، پاش ماوەیەکی کەم دایکی شوو دەکاتەوە، ئیدی ئێکێلۆف دەکەوێتە ناو دنیایەکی تەنیاییەوە، دنیاییەک کە بێبەشی دەکات لە خۆشەویستی دایک و باوک، رەنگە هەر ئەوەش وای کردبێت پەنا بۆ خەیاڵ و فەنتازیا ببات و خولیایی کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بکەوێتە سەریەوە.

هەر لە تەمەنی لاوێتی و قۆناخی ئامادەییدا خولیا و کەڵکەڵەی دنیای شیعر و ئەدەبیات دەکەوێتە سەرییەوە، کاتێکیش بە دنیای رۆژهەڵات و ئەدەبیاتەکەی ئاشنا دەبێت، هەر لەرێگای شیعر و ئەدەبیاتەوە ئاشقی دنیای سۆفیگەری دەبێت.

بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە لەندەن و پاشان لە زانستگەی ئۆپسالا درێژە بە خوێندی رۆژهەڵاتیانە دەدات، بەڵام هیچ بڕوانامەیەک وەرناگرێت.

ئیدی بەردی بناخەی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ فەرهەنگی رۆژهەڵاتدا دادەنێت، بەتایبەتی فەرهەنگی عەرەبی و فارسی.

گوننار ئیکێلۆف یەکەمین شیعری خۆی لە گۆڤارێکدا بەناو سپێکتروم بڵاودەکاتەوە، کە دواتر دەبێت بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە.

لە ساڵی 1932 یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاودەکاتەوە.

ئێکێلۆف تەنیا شیعری نەنووسیون، بەڵکو پەخشان و وتاریشی نووسیون و وەرگێرێکی کارامەش بووە. ئەمەش وایکردووە بۆتە کەسایەتیەکی فەرهەنگی و ئەدەبی گەورەی سوێدی، کاریگەری گەوەرشی لەسەر رەوتی ئەدەبیاتی سوێد داناوە.

لە ساڵی 1958 دەبێتە ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی، کە ساڵانە خەڵاتی نۆبل بۆ ئەدەبیات دیاری دەکەن.

گونار ئێکێلۆف تا مردنیش کاریگەری ژیانی منداڵی لەسەربوو، هەندێک جار گۆشەگیر و خۆی لاتەریک دەکردەوە.

سێ جار بڕیار دەدات، بۆ هەمیشە سوێد بەجێبهێڵێت، لە شیعرێکدا کاتێك باسی نامۆیی دەکات پەردە لەسەر هەستەکانی خۆی لادەدات، دەڵێ:

من نامۆیەکم لەم وڵاتەدا

لێ ئەم وڵاتە نامۆیەک نییە لە مندا

من هەستناکەم خەڵکی ئەم وڵاتەم

لێ ئەم وڵاتە وەک هیی خۆی لەناخمدا رەوتار دەکات

ئێکێلۆف دوا ساڵەکانی ژیانی لە سیگتونا بەسەردەبات و هەر لەوێش بورکانە شیعرییە سۆفێستی و ئۆریانتالیستیەکانی دەتەقنەوە، چونکە ئێکێلۆف بەگیان و بەرۆح تێکەڵ بە دنیایی رۆژهەڵات ببوو.

ئاخر ئەو هەر لەسەردەمی لاوێتییەوە بەسەرپردی ئیبن عەرەبی و مەولانا جەلادەدینی رۆمییەوە دەپەرێتەوە بۆ ناو دنیایی فەرهەنگی رۆژهەڵات.

رزگار شێخانی کە شیعرەکانی ئێکێلۆفی کردۆتە کوردی دەڵێت ''ئەگەر گوونار،  ئین عەرەبی نەخوێندایەتەوە، رەنگە ئەو شاعیرە نەبوایە، هەر ئەو خوێندوەیە دەبێتە هۆی گۆڕانی فەلەسفەی ژیانی ئەو، ئەوەبوو بوو بە رێبەری شیعری سوێدی، ئێستا و داهاتووی شیعری سوێدی کاریگەری ئەوی بەسەرەوەیە".

ساڵی 19695 دوای گەشتێک بۆ تورکیا، سیانەی دیوان دەنووسێت و دەنگدەداتەوە. یەکێک لەو شیعیرانەی کە قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، میر ئێمگیونە کە باسی میرێکی کورد دەکات، میرێک کە دەکەوێتە نێوان بەرداشی بێزەنتی و سەلجوقییەکانەوە. دوای ئەوەی دەستگیر دەکرێت بۆ ماوەی 10 ساڵ لە کۆستنتین زیندانی دەکرێت و ئەویش دەکەوێتە بەر سزایەکی دڵڕەقانەی باوی ئەو سەردەمە، کە دەرهێنانی هەردوو چاوی زیندانییەکان بوو.

مانەوەی لە زیندانێکی دوور لە نیشتمان وایکرد، میری کورد بە حەسرەتی گەڕانەوە بۆ کوردستان و دەڤەرەکەی خۆی گۆلی وان، وەکو ئەوە وابووە بەردەوام لە باڵگرتندا بێت.

ئێکێلۆف لە شیعرەکەیدا چەندین وێنەی خەیاڵاوی و دڵڕفێنی گۆلی وان و هەستی میرە کوردەکە وێنا دەکات.

پرسیاری رەخنەگران ئەوەیە، کە بۆچی ئێکێلۆف میرێکی کوردی هێناوەو بەسەرهاتەکەی کردۆتە هەوێنی شیعرە بەرزەکەی بەناوی میر ئێمگیون؟ پێیان وایە تەنیایی و بێکەسی خۆی وایلێکردووە کە خۆی لە تەک کورد ببینێتەوە، چونکە بەدرێژایی مێژوو چەوسێنراوەتەوە و زوڵمی لێکراوە و بێکەس بووە.