رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی تورکیا بەڕێوەدەچێت

28-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن رەجەب تەییب ئەردۆغان
A+ A-
رووداو

بڕیارە کاژێر 14:00 بە کاتی ئەنقەرە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان عەبدوڵڵا گول، یانزەهەمین سەرۆک کۆماری تورکیا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری نوێی تورکیا بەڕێوەبچێت.

رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سوێندخواردنی رەجەب تەییب ئەردۆغان دەستپێدەکات لە پەرلەمانی تورکیا و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری تورکیا پێشوازی لێدەکات.

بەپێی رێوڕەسمەکە دوای ئەوەی ئەردۆغان دەچێتە سەر سەکۆ ناوەڕۆکی سوێندەکەی دەخوێنێتەوە و "مارشی ئیستیقلال" دەگوترێتەوە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە لە پەرلەمانی تورکیا لەدەرەوەی هۆڵی پەرلەمانەوە نیشانەی "فورس"ی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری دادەنرێ، کە تێکەڵەیەکە لە ئاڵای تورکیا و نیشانەی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە.

وێستگەی دووەمی رێوڕەسمەکە سەر مەزاری یەکەم سەرۆککۆماری تورکیا، مەستەفا کەمال ئەتاتورک دەبێت، ئەردۆغان لەوێ "وەستانی نواندنی رێز" دەنوێنێت و  پەڕاوێکی تایبەتی واژۆ دەکات، دوای ئەوە بەرەو کۆشکی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێدەکەوێت.

لە کۆشک ئەردۆغان لەسەر راسپاردەی یانزەهەمین سەرۆککۆماری تورکیا، عەبدوڵڵا گول پێشوازی لە رێوڕەسمی ئەسپسواری دەکات، بەپێی بەرنامەی رێوڕەسمەکە هەردوو سەرککۆمار لەگەڵ هاوسەرەکانیان کۆبوونەوەیەکی نیو کاژێری چوارقۆڵی ئەنجامدەدەن کە "halef-selef" ناودەبرێت  و مانای وەرگرتنی پێگەی کەسێکی دیکە دێت.

عەبدوڵڵا گول وتاری ماڵئاوایی پێشکەش دەکات
بەر لە رادەستکردنی دەسەڵات، عەبدوڵڵا گول وتاری ماڵئاوایی پێشکەش دەکات و دوای ئەویش ئەردۆغان یەکەم وتاری خۆی وەک سەرۆککۆمار پێشکەش دەکات، گول دیاری "فۆرس"ی سەرۆککۆماری، هاوکات میدالیای شەرەفی دەوڵەتی تورکیای پێشکەش دەکات.

لە کۆتایی رێڕەوسمەکەدا ئەردۆغان و هاوسەرەکەی تا بەردەم دەرگای کۆشک عەبدوڵڵا گول و هاوسەرەکەی بەڕێدەکەن، دواتر ئەردۆغان و ئامینە ئەردۆغان پێشوازی لە میوانە بیانییەکانمان دەکەن و ئێوارەخوانێک ساز دەکەن.

کاژێر 22:00 بە کاتی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلو، سەرۆکوەزیرانی نوێی تورکیا کۆدەبێتەوە، کە چاوەڕێ دەکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ رایبسپێرێت، ئەردۆغان ئاماژەی ئەوەشی داوە کە سبەی هەینی 29/08/2014 ناوی ئەندامانی کابینەی نوێ رادەگەیەنرێن.

15 سەرۆک کۆمار بەشداری رێوڕەسمی سەرۆکایەتی ئەردۆغان دەبن
ئەمرۆ کە بەیەکەم رۆژی سەرۆککۆماری رەجەب تەییب ئەردۆغان دادەندرێ 15 سەرۆککۆمار و سەرۆکی وڵاتان بەشداری رێوڕەسمەکە دەبن، لە رێوڕەسمی نێو پەرلەماندا سەرۆکی ئەلبانیا، بۆسنا- هێرسک، بولگاریا، ئیسیوپیا، کازاخستان، کۆماری باکووری قوبرس، کۆسۆڤۆ، مەکدۆنیا، مۆڵداڤیا، سۆمال، تۆگۆ، تورکمەنستان، ئۆکراینا و کۆماری بەنین هاوکات ئەگەر بەشداریکردنی تەمیم بن حەمید ئەلسانی هەیە.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، چاد، رۆمانیا و فاس و 12 وڵاتی دیکە لە ئەنقەرە دەبن، 7 وڵاتی دیکەش جێگری سەرۆکوەزیرانیان دەنێرن.
 
هەریەکە لە وڵاتانی ئەفغانستان، بەڕازیل، فەلەستین، مەجەر، ئۆزبەکستان، تونس و ڤەنزوێللا و 35 وڵاتی دیکە لەسەر ئاستی وەزیرەکانیان بەشداری دەکەن، رۆژی سێشەممەش ئەوە بڵاوکرایەوە کە جێس بایلی،  کونسوڵی ئەمریکا لە ئەنقەرە بە نوێنەرایەتی وسەرۆکی باراک ئۆباما بەشداری رێوڕەسمەکە دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە