چاندار: سیاسەتی دەرەوەی توركیا هێشتا دیلی داعشە

24-09-2014
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو- radikal

نووسەرێكی ناوداری تورك دەنووسێت، وێڕای ئازادكردنی 49 دەستگیركراوەكە، هێشتا سیاسەتی دەرەوەی توركیا "دیلی دەستی داعشە" و ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەموو شتێك زیاتر كێشە بۆ پەیوەندی توركیا و كورد دروستبكات.

جەنگیز چاندار، لە گۆشەی ئەمڕۆی رۆژنامەی رادیكاڵ ئاماژە بەوە دەكات: "ئەم هەڵوێستانەی توركیا كاریگەری لەسەر پەیوەندی كورد-توركیا، هاوسەنگییەكانی ناوچەكە، گەڕانی كورد بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا و ژمارەیەك پرسی دیكە دەبێت".

هەروەها ئەوە دەخاتەڕوو: "حكومەتی پارتی داد و گەشەپێدان جارێكی دیكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە بۆ كورد لە پێگەی "بوێژی گوتنی دوایین قسە"دایە ناچار بە دوا قسە دەكەن".

چاندار دەنووسێت: "حكومەتێك دەبێ لەنێوان داعش، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ناتۆ یاخود ئەمریكا یەكێك هەڵبژێرێت، چونكە بەپێچەوانەی بانگەشەكان حكومەتێكە ئیرادەی خۆی لەدەستداوە".

چاندار باس لە هێرشەكانی دوێنێی پێنج وڵاتی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لە سووریا و نووسیویەتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ رێگەگرتن لە پێشڕەوییەكانی داعش بۆ كۆبانێ ئەنجام نەدراوە، بەڵكو لە رەققا، حەسەكە و دێرەزوور لە ئامانجەكانی دراوە".

بە بۆچوونی چاندار، "ئەمە چەند مانای سەربازی هەیە، هێندەش مانای سیاسی هەڵدەگرێت، نزیكەی 200 هەزار كوردی سووریا ئاوارەبوون، داعش بەرەو كۆبانێی هەمبەر سوروچ پێشڕەوی دەكات، ئەم بۆمبارانكردن و بۆردوومانە پێچەوانەی ئاڕاستەیە چ مانایەكی هەیە؟".

هەروەها  ئەوەش بیر دەهێنێتەوە،"كە هەولێر لە ژێر هەڕەشە بوو، كاتێك بەنداوی موسڵ كەوتە دەستی داعش، بۆردومانی ئەمریكا وایكرد پاشەكشێ بكەن، بەڵام بۆچی هەمان هەنگاو بۆ كۆبانیش نانێ؟".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە