رووداو- AFN
موراد قەرەیلان رایدەگەیەنێت، دەوڵەتی توركیا هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی تێكدەدات، "چونكە سەرباری كشانەوەی گەریلاكان، كەچی دەوڵەتی توركیا تا دێت جووڵانەوە سەربازییەكانی زیاتر دەكات".
لە هەڤپەیڤینێكدا، موراد قەرەیلان، سەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان، بە ئاژانسی فورات-ی راگەیاند "ئەو ئەركەی كەوتە سەر شانی ئێمە ئەنجاممان داوە، بەڵام دەوڵەتی توركیا تازە بەتازە خەریكی درووستكردنی بارەگای جەندرمە، بورجی چاودێری و بەنداوی ئاوە، ئەم جووڵانەوانەش ئەوە دەردەخەن دەوڵەت ئامادەكاری بە شەڕێكی نوێ دەكات و گومان لای كورد درووست دەكات".
قەرەیلان گوتیشی: "دەبوو هاوكات لەگەڵ كشانەوەی گەریلاكانمان، دەوڵەتی توركیا هەموو دەستگیركراوەكانی دۆزی KCK ی ئازاد بكردایە، بەڵام سزادانی 6 ئەندامی دیكەی BDP بەو مانایە دێت توركیا دوژمنایەتی گەلی كورد دەكات".
لە دەیەمین دانیشتنی دادگای سزای گران لە ئیزمیر، 6 ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP لە مانیسا سزای 83 ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی فورات ئەو ئەندامانەی BDP بەهۆی ئەوەی لە 11/4/2011 لە مانیسا بەبێ پرس "خێوەتی چارەسەری دیموكراتی"یان هەڵداوە و رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس بوونەتەوە".
لە رۆژی 15/5/2013 دادگای تایبەت لە ئامەد سزای 1500 دۆلاری كەسوكاری قوربانیانی رۆبۆسكی دا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یادی رووداوەكەیان كردووەتەوە.
قەرەیلان گوتیشی: "رەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەك ئۆجەلان وەك سەرۆكی گرووپی تیرۆریستی ناوزەد دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە دانوستانی ئاشتی لەگەڵ دەكات، ئەمەش ناكۆكییەكی گەورەیە".




