تاک بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ راگەیاند

07-10-2016
محەممەد ئیسماعیل
نیشانەکردن تەقینەوە ئیستەنبوڵ
A+ A-

رووداو - ئیستەنبوڵ

رێکخراوی هەڵۆکانی ئازادی کوردستان ناسراو بە TAK، بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ راگەیاند، جەختیشدەكاتەوە زیانەکانی تەقینەوەکە لەلایەن حکومەتی ئاکەپە و میدیاکانیەوە شێوێندراون.

رۆژی هەینی 7-10-2016، رێکخراوی هەڵۆکانی ئازادی کوردستان کە بە "تاک" ناسراوە، راگەیێندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئیستەنبوڵ بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەی تاکدا هاتووە: "وەک تەیربازێن ئازادیا کوردستان، چالاکییەکەی رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی ناوچەی یەنی بۆسنای ئیستەنبوڵ لەئەستۆدەگرین. چالاکییەکەمان، لە دژی پیلانی 9ی تشرینی یەکەم و فشار و زۆردارییەکانی سەر گەلی کوردستان ئەنجامدراوە."

تاک زیاتر دەڵێت: "وەک هەمیشە، حکومەتی ئاکەپە و میدیاکانی سێبەری، هەوڵیانداوە ئەنجامی چالاکییەکە بشێوێنن. ئێمە وەک چەکدارانی تاک کە پارێزەری سەرۆک ئاپۆ و گەلی کوردستانین، دووپاتی دەکەینەوە توانای ئەنجامدانی چالاکیمان هەیە لە هەموو شوێنێکی تورکیا."

تاک، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە تورکیا وڵاتێکی سەقامگیر نییە و دەڵێت: "پێشتریش رامانگەیاندبوو تورکیا وڵاتێکی سەقامگیر نییە. تا ئەوکاتەی فشار و زۆردارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە بەردەوام بن، چالاکییەکانی ئێمەش فراوانتر دەبن."

كاژێر 04:03 خوله‌كی ئێواری رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 06-10-2016 ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ رێگه‌ی مۆتۆرسیكلێكی بۆمبڕێژكراو له‌به‌رده‌م بنكه‌ی پۆلیسی ناوچه‌ی یه‌نی بۆسنا له‌ ئیسته‌نبوڵ ئەنجامدرا و لە ئاکامدا 10 كه‌س برینداربوون.  

هەڵۆكانی ئازادی كوردستان

هەڵۆكانی ئازادی كوردستان ( تەیربازێ ئازادیا كوردستان TAK) لە ساڵی 1993دا دامەزراوە و لە 2004 دا بەشێوەیەكی چالاك راگەیێندراوە. رێكخراوەكە لە شوێنە گەشتیارییەكانی وەك "موغڵا، ئیزمیر، ئەنتاڵیا" كردەی خۆكوژی ئەنجامداوە.

رێكخراوەكە لە 16ی تەموزی 2005 دا پاسێكی تەقاندەوە و لە ئاكامدا 20 كەس گیانیان لەدەستدا. لە 5 ی 2006 دا هێرشیانكردە سەر بارەگای ئیستەنبوڵی ئاكپارتی، لە 28 ی ئابی 2006 دا لە ئەنتاڵیا و مارماریس تەقینەوەیان ئەنجامدا و لەئاكامدا 3 كەس گیانیان لەدەستدا.

لە 22-6-2010 پاسێكی گواستنەوەی سەربازییان تەقاندەوە و لەئاكامدا 4 سەرباز و كەسێكی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

لە 31-10-2010 لە تەقسیمی ئیستەنبوڵ تەقینەوەیەكیان ئەنجامدا و لە ئاكامدا 32 كەس بریندار بوون، بەڵام دوای 4 رۆژ تەقینەوەكەی لەئەستۆگرت. لە 20-9-2011 دا لە مەیدانی كزڵای ئەنقەرە تەقینەوەیەكیان ئەنجامدا، لەئاكامدا 3 كەس كوژران و 34 كەسی دیكە برینداربوون، بەڵام دوای 2رۆژ تەقینەوەكەیان لەئەستۆگرت.

لە 23-12-2015 شدا لە فڕۆكەخانەی سەبیحەگۆكچەنی ئیستەنبوڵ هێرشێكیان ئەنجامدا و لە ئاكامدا كەسێك كوژرا، بەڵام دوای 2 رۆژ هێرشەكەی لەئەستۆگرت.

بەشێك لە ئەندامەكانی TAK، پێشتر لەنێوی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دا بوون، بەڵام بە باڵی ئۆپۆزسیۆنی پەكەكە ناسرابوون.

لەو بارەیەوە لە  2010دا، رۆژ قەندیل، گوتەبێژی ئەوكاتەی پەكەكە بە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن ئینتەرناشاڵی راگەیاند، ژمارەیەك لە ئەندامانی تاك لەناو پەكەكەدا بوون، بەڵام بەردەوام رەخنەیان لە سیاسەتی پەكەكە گرتووە.

ئەو ئەندامە نارازییانەی پەكەكە دواتر جیابوونەوە و لە 1993دا رێكخراوێكیان بۆ خۆیان دروستكرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە