یەشار یاكش: توركیا دەبێ پەیوەندییەكی باش لەگەڵ كوردی سووریا دابمەزرێنێ

07-03-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاکەپە ئاکپارتی سووریا کورد تورکیا یەشار یاکیش
A+ A-
رووداو- هەولێر

كەسایەتییەكی دیار و نادیارە لەنێو سیاسەتی توركیادا. دیارە لەبەرئەوەی یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئاكپارتی و یەكەمین وەزیری دەرەوەی سەردەمی دەسەڵاتی ئاكپارتی بووە. نادیاریشە، چونكە دوای ساڵی 2007 لە گۆڕەپانی سیاسیی توركیادا بزر بوو، دوای ساڵی 2013 بەهۆی رەخنەگرتنی لە حكومەتی ئاكپارتی و سیاسەتی دەرەوەی توركیا، ناو بەناو دەبووە رۆژەڤی گەرمی توركیا.

یەشار یاكش، وەزیری پێشووتری دەرەوەی توركیا لە شەشی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی نووسینی چەند وتارێك لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا، لە ریزەكانی ئاكپارتی دوورخرایەوە. یاكشی تەمەن 78 ساڵ، دەرچووی كۆلیژی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی ئەنقەرەیە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باس لە كێشەكانی نێو ئاكپارتی، سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەمەڕ سووریا، سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا و كێشەی كورد لە سووریا و توركیا دەكات.

رووداو: دەرهێنانی ناوی عەبدوڵڵا گویل لە لیستی دامەزرێنەرانی ئاكپارتی چ مانایەكی هەیە؟

یەشار یاكش: بەڕێز عەبدوڵڵا گویل دامەزرێنەری ئاكپارتی نییە، تەنانەت سەرەتا ناویان لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەراندا نەبوو. چونكە لەوكاتەی ئاكپارتی لە قۆناغی دامەزراندندا بوو، دۆسیەی داخستنی پارتی فەزیلەت لە دادگای دەستووریی توركیا بوو. گومان دەكرا كە ئەگەر ئەندامانی فەزیلە لەناو دەستەی دامەزرێنەرانی ئاكپارتیدا بن، دادگای دەستووری ئەو پارتە نوێیەش دابخات. لەبەر ئەوە ناوی ئەندامانی پارتی فەزیلە لەناو دەستەی دامەزرێنەرانی ئاكپارتیدا نەبوو. دواتر بیرۆكەی ئەندامانی دەستەی دامەزراندن داتاشراو بەمشێوەیە ناوی ئەندامانی فەزیلەت لەناو دەستەی دامەزرێنەران زیاد كرا. منیش هەفتەی رابردوو لە میدیاكانەوە بینیم كە ناوی بەڕێز عەبدوڵڵا گویل لە لیستی دامەزرێنەران دەرهێنراوە، بەڵام من نازانم ئەوە چ مانایەكی هەیە.

رووداو: ئایا كادیرانی سەرەكی و دەستەبژێر هێشتا لەناو ئاكپارتیدا ماون یان بەتەواوەتی گۆڕاون؟

یەشار یاكش: هێشتا لەناو ئاكپارتی ماون، بەڵام پەیڕەوكردنی رێسای سێ خولی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، رێگە نادات ئەو كادیرانە پۆستە باڵاكان وەربگرن.

رووداو: بۆچی تادێت ئاكپارتی دەبێتە پارتی دەوڵەت؟ ئایا هێزی خۆڕاگرتنی نەبوو، یان ئەمە بە پلان بوو؟

یەشار یاكش: لەبەر ئەوەی ئاكپارتی بەهێز بوو، بە مافی خۆی زانی هەموو دەزگاكانی دەوڵەت بخاتە دەست خۆی. لەبەر ئەوەی پارتە سیاسییەكانی توركیا دەسەڵاتێكی بەرفراوان دەدەنە سەرۆكەكانیان، بەرەنگاربوونەوەی سەرۆكی پارتەكان كارێكی ئاسان نییە. ئەوەی دیكەشیان نازانم، ئەوە پلانێكە یان نا كە لە رابردوودا نەخشەی بۆ داڕێژرابێ. 

رووداو: ئاكپارتی لەناوخۆیدا و لەگەڵ خۆیدا لە ململانێدایە. ئەو ململانێیە لەنێوان كادیرە بژاردەكان و ئەو كادیرانەدایە كە دواتر هاتوونەتە ناو ئەو پارتە؟ 

یەشار یاكش: لەناو پارتە سیاسییەكان هەموو كاتێك هەوڵ دراوە ململانێ و ركابەرەكان بێكاریگەر بكرێن. ئەوانەی دواتریش پەیوەندی بەو پارتیەوە دەكەن لەلایەن بەڕێوەبەرانی پارتی هەڵدەبژێردرێن، لەبەر ئەوەی هەڵبژێردراون پێموانییە ململانێ‌ بكەن.

رووداو: دەرفەتی ئەوە ماوە ئاكپارتی بگەڕێتەوە سەر ئەو جەوهەرەی لەسەری دامەزراوە؟

یەشار یاكش: پارتە سیاسییەكان بەردەوام لەناو پڕۆسەیەكی گۆڕانكاریدان و ئەوەش لەجێی خۆیدایە. لەوانەیە ئاكپارتی هیچ كاتێك نەگەڕێتەوە سەر ئەو جەوهەرەی كە لەسەری دامەزراوە.  

رووداو: پێتوایە سەردەمی ئاكپارتی بەسەر چووە؟ 

یەشار یاكش: لە وڵاتانی رۆژئاوا پارتە سیاسییەكان ماوەیەكی درێژە دامەزراون. لە ئینگلتەرا پارتی كرێكاران لە ساڵی 1900، لە ئەمریكاش پارتی كۆماری لە ساڵی 1854 دامەزراوە. ئەگەر پارتە سیاسییەكان خۆیان لەگەڵ هەلومەرجی رۆژ نەگونجێنن، سەردەمیان بەسەردەچێت. 

رووداو: لە توركیا گفتوگۆی سیاسی لەبارەی سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەردۆغان سوورە لەسەر سەرۆكایەتی، هەندێك كەسی ناو ئاكپارتیش بەمە نیگەرانن. باشە كێ بە ئەردۆغان دەڵێ بوەستە. ئۆپۆزیسیۆنی نێو ئاكپارتی دەتوانێ ئەردۆغان رابگرێت؟

یەشار یاكش: گفتوگۆ لەسەر سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا بەرەو ئاراستەیەكی هەڵە دەڕوات. لەجیاتی ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكرێ كە ئایا سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ توركیا دەست دەدات؟ گفتوگۆ لەسەر ئەوەیە كە "ئایا دەكرێ رەجەب تەیب ئەردۆغان ببێتە سەرۆك؟". ئەگەر هەموو یاساكانی سیستەمی سەرۆكایەتی ئەمریكا بێنینە توركیا و جێبەجێیان بكەین، لەبەرئەوەی كولتووری چاودێری و هاوسەنگی نییە، ناتوانین وەكو ئەمریكا سیستەمێكی سەرۆكایەتی دروست بكەین. وەكو هەموو رژێمە سیاسییەكان سیستەمی سەرۆكایەتیش مەسەلەیەكی كولتوورییە. تەنیا بە پێشكەوتنی ئەو كولتوورە ئەو سیستەمە جێبەجێ دەكرێت. دادگا بە سیاسی كراوە. دادگا سەركردەیەك دەخاتە زیندان لەبەرئەوەی لە مەیدانەكاندا شیعرێكی خوێندووەتەوە. ئەو دادگایە سەرۆكی ئەركانی سوپا وەكو ئەندامی رێكخراوێكی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدات و زیندانی دەكات. پاشان هەر هەمان ئەو دادگایە سكاڵا لەدژی ئەو دادوەرانە تۆمار دەكات كە ئەو بڕیارەیان دەركردووە. 

پاشان پەرلەمانی ئەمریكا (كۆنگرێس) ئەركی چاودێریی خۆی زۆر بە بەرفراوانی جێبەجێ دەكات. زەحمەتە بتوانین بڵێین پەرلەمانی توركیا ئەو ئەركەی خۆی جێبەجێ كردووە.

وەكو لە پرسیارەكانی سەرەوەش ئاماژەم بۆ كرد، بەهۆی كەموكوڕیی پارتە سیاسیەكان لە توركیا نە لەناو ئاكپارتی و نە لەناو پارتەكانی دیكەش، ئەندامانی پارتەكە بەبێ رەزامەندی سەرۆك ناتوانن دەستپێشخەر بن.

رووداو: رەخنەیەكی زۆر لە سیاسەتی توركیا لەهەمبەر سووریا دەگیرێت، بۆچی توركیا سوورە لەسەر پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتە؟

یەشار یاكش: سیاسەتی توركیا هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەو ئەگەرە بنیاتنرا كە بەشار ئەسەد لە ماوەیەكی كورتدا دەڕووخێت. هەڵبەتە سەرەكیترین بنەمای دیپلۆماسیەت بریتییە لەوەی نابێ هەموو هێلكەكان بخەیتە نێو یەك سەبەتە. ئەگەر بەشار ئەسەد لە ماوەیەكی كورتدا رووخابا، توركیا بەرهەمی ئەو سیاسەتەی دەچنییەوە، بەڵام كە نەڕووخا، ئێستا ناچارە بەرگەی ئەنجامی ئەو سیاسەتەی بگرێ. لەوكاتەی دەركەوت كە بەشار ئەسەد لە ماوەیەكی كورتدا ناڕووخێ، پێویست بوو ئەوانەی لەناوەندی بڕیاردانن، لەبەردەم رای گشتی توركیا بڵێن: "ئەی میللەتی تورك، ئێمە سیاسەتی سووریامان لەسەر ئەو ئەگەرە بنیاتنابوو كە لە ماوەیەكی كورتدا بەشار ئەسەد دەڕووخێت. ئەو ئەگەرە نەهاتەدی. لەبەر ئەوە ئیدی سیاسەتەكەمان بە گوێرەی بارودۆخەكە دەگۆڕین".

ئەگەر ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاردان، دانیان بەوەدا نابایە، پێموایە لێبوردەیی گەلی تورك ئەمەی پێ قووت دەدرا. بەڵام ئێستا سیاسەتی سووریا توركیای لە چەند لایەنێكەوە خستووەتە نێو زەحمەتی. 

رووداو: چۆن سەیری دواڕۆژی كورد لە سووریا دەكەی؟

یەشار یاكش: رووداوەكانی سووریا دەرفەتێكی گەورەی بۆ كوردی ئەوێ‌ رەخساندووە. ئەمریكا بۆ ئەوەی شەڕی داعش بكات، كورد وەكو هاوپەیمانی
 رووداوەكانی سووریا دەرفەتێكی گەورەیان بۆ كورد خولقاند  
هەرە كاریگەر دەبینێ. پشتگیریی رووسیا بۆ كورد دەرفەتێكی گەورەیە. ئەگەر پشتیوانیی پەیەدە بۆ رووسیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعشیش نەبووایە، تەنیا بۆ زیان گەیاندن بە توركیا دەستی دەخستە ناو دەستی پەیەدەوە.


هێشتا دیار نییە قەیرانی سووریا دەگاتە چ ئەنجامێك. بژارە گەورەكان لەسەر مێزی گفتوگۆن. ئەگەر لەدوای قەیرانەكە سیستەمی مەركەزی لە سووریا بەردەوام بێ، كوردیش لەناو ئەو سیستەمە ناوەندییە جێدەگرن. بەڵام ئەگەر بخوازن وەكو پێش قەیرانی
 ئەگەر یەكێتی خاكی سووریا نەپارێزرێت دەوڵەتێكی كوردی دروست دەبێ  
سووریا كورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش بكەن، ئەوە كەس ناتوانێ كورد فەرامۆش بكات. لەوانەیە لەناو سووریایەكی ناوەندی سیستەمێكی نامەركەزی پەیڕەو بكرێت و دەسەڵاتی بەرفراوان بدرێتە كورد. بەڵام ئەگەر دوای قەیرانەكە بنەمای كۆنفیدراڵی بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوە كانتۆنەكانی كورد لە باكووری سووریا لەناو ئەو سیستەمە كۆنفیدراڵیە درێژەیان دەبێت. هەرسێ كانتۆنی جەزیرە، كۆبانێ و عەفرین دامەزراون. هێشتا دیار نییە لەنێوان جەڕابلوس – مارع كانتۆنێكی دیكەی كوردی دروست دەكرێت، یان لەبەر ئەوەی زۆرینەی عەرەبە كانتۆنێكی عەرەبی – كوردی – توركمانی دروست دەكرێت، بەڵام ئەگەر دوای قەیرانەكە سیستمی فیدراڵی بەرقەرار بكرێ، لە باكووری سووریا، هاوشێوەی باكووری عێراق هەرێمێكی فیدراڵیی كوردی دروست دەكرێت. سنووری ئەمە چۆن دەبێت، ئەمە پەیوەستە بە رووداوەكانی داهاتوو، بەڵام
 ئەگەر لەدوای قەیرانەكە یەكێتی خاكی سووریا نەپارێزرێت، لە باكووری سووریا دەوڵەتێكی كوردی دادەمەزرێ.

ئێستا رووسیا، ئەمریكا و ئێران كە ئەكتەری هەرە كاران لە مەسەلەی سووریادا، بژارەی یەكەمیان پاراستنی یەكێتیی خاكی سووریایە. ئەگەرەكانی
ئەمریكا، رووسیا و ئێران دواڕۆژی سووریا دیاری دەكەن   
دیكە كاتێك دەبنە رۆژەڤ كە ئەو بژارەیە سەرنەگرێت. 

رووداو: كانتۆنەكان بەردەوام دەبن؟

یەشار یاكش: لە بنەمادا كانتۆنەكانی جەزیرە، كۆبانێ و عەفرین دامەزراون. هێشتا دیار نییە لەنێوان جەڕابلوس – مارع كانتۆنێكی دیكە دروست دەكرێت یان نا. توركیا زۆر بەتوندی لەدژی دروستكردنی ئەو كانتۆنە و یەكگرتنەوەی كانتۆنی كۆبانێ و عەفرین دەوەستێتەوە. لە ئەنجامدا چی دەبێت، ئەگەری زۆرە ئەمریكا، رووسیا و ئێران لەوبارەیەوە بڕیار بدەن. 

پەیەدە لەكاتی رزگاركردنی كۆبانێ لەدەستی داعش پەیامی هەڵەی دایە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بە گوێرەی ئەو
 پەیەدە دوای رزگاركردنی كۆبانێ‌ هەڵەی كرد  
راپۆرتەی لە كۆتایی 2015 بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت پەیەدە دوای رزگاركردنی كۆبانێ لەدەستی داعش، لە سایەی بۆردومانی فڕۆكە ئەمریكییەكاندا، عەرەب و توركمانەكانی لە گوندەكان دەركردووە، ماڵی هەندێكیانی رووخاندووە. تەنانەت بەرامبەر ئەو كوردانەش كە لەگەڵ پەیەدە نین هەمان هەڵوێستی گرتەبەر. بووە ئاستەنگ لەبەردەم ئەوانەی ویستیان بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان. ئەگەرچی پەیەدە گوتی ئەمە تا ئەوكاتەی ناوچەكە لە مینەكانی داعش پاك دەكرێتەوە كراوە، بەڵام دڵی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەو روونكردنەوەیەی پەیەدە ئۆقرەی نەگرت، ئەوان دەڵێن پەیەدە بەو كردەوانەی تاوانی جەنگی ئەنجامداوە. 

رووداو: یەكگرتنەوەی كانتۆنەكان چ كاریگەرییەكی لەسەر توركیا دەبێت؟ 

یەشار یاكش: ئەگەر توركیا هاوشێوەی ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ كوردی عێراق هەیەتی، هەمان پەیوەندی لەگەڵ كوردی سووریا ببەستێ، ئەوە زیانی
 ئەوەی بڕیار لە یەكگرتنەوە و یەكنەگرتنەوەی كانتۆنەكان دەدات توركیا نییە  
یەكگرتنەوەی كانتۆنەكان بۆ توركیا دەگاتە نزمترین ئاستی. چونكە ئەوەی بڕیار لە یەكگرتنەوە و یەكنەگرتنەوەی كانتۆنەكان دەدات توركیا نییە. ئەو بڕیارە بەدەستی گەلی سووریا و بەدەستی ئەو ئەكتەرە دەرەكیانەیە كە كاریگەرییان لەسەر سووریا هەیە.
 
توركیا پەیوەندی باشی لەگەڵ كوردی عێراق دروستكرد و هەردوولا لە نیعمەتەكانی ئەو پەیوەندییە سوودمەند بوون. هیچ هۆكارێك لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی هەمان شت لەگەڵ كوردی باكووری سووریا نەكات. 

رووداو: دەستپێكردنەوەی قۆناغێكی دیكەی شەڕ لە توركیا بە رووداوەكانی سووریاوە دەبەستنەوە، پێتوایە پەیوەندییەكی لەم شێوەیە لەئارادا بێت؟ 

یەشار یاكش: نازانم سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی شەڕی توركیا لەگەڵ كوردی ناوخۆ پەیوەندی بە رووداوەكانی سووریاوە هەیە یان نا. لەوانەیە رووداوەكانی سووریا بەهۆی خزمایەتیان لەگەڵ باشووری رۆژهەڵات كارەكان زەحمەتر بكات. بەڵام ئەگەر توركیا تا ئەو ئاستەی دەیتوانی، مەسەلەكانی لەیەكتر جیاكردبایەوە، لەوانەبوو پڕۆسەی چارەسەری ئاسانتر بووایە.

رووداو: ئەگەر توركیا سیاسەتی خۆی دەربارەی كوردی سووریا بگۆڕێت، كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر دەبێت؟

یەشار یاكش: ئەگەر توركیا سیاسەتی خۆی دەربارەی كوردی سووریا بگۆڕێت، كێشەكەی لەگەڵ كوردی توركیا چارەسەر نابێ، بەڵام لەوانەیە زەمینە نەرم بكات و چارەسەری ئاسانتر بكات. 

توركیا لە رابردوودا لەم رووەوە هەنگاوی ناوە. ساڵح موسلیم سەرۆكی پەیەدە بانگهێشتی توركیا كرا. بەگوێرەی لێدوانەكانی بەرپرسانی تورك لەو ماوەیە توركیا ئەو پێشنیازانەی بۆ ساڵح موسلیم كردووە: "ئەگەر دەخوازی توركیا هەماهەنگیت لەگەڵ بكات، پێش هەموو شتێك واز لە پشتگیریكردنی بەشار ئەسەد بهێنە، پێویستە بچیتە ریزی ئەوانەی شەڕی بەشار دەكەن". ساڵح موسلیم پێیوابووە هێشتا دیار نییە رژێمی سووریا دەڕووخێت یان نا، بۆیە ئەو پێشنیازەی قەبوڵ نەكردووە. كات دیاری دەكات پێشبینی ساڵح موسلیم راست بووە یان ناڕاست بووە، بەڵام ئەوەی دیارە ساڵح موسلیم نەیویستووە هەموو هێلكەكانی بخاتە ناو ئەو سەبەتەیەی كە دەڵێ رژێمی سووریا دەڕووخێ.  

ئێستا چی دەبێت؟ جارێكی دیكە ساڵح موسلیم بانگهێشتی توركیا دەكرێتەوە. بۆ پاراستنی مافی توركمانەكان لە باكووری سووریا، لەو ناوچانەی زۆرینەیان كوردە لەگەڵ ئەو هەماهەنگی دەكرێت. چونكە چارەنووسی كوردی باكووری سووریا لەگەڵ ئەمریكا یان رووسیادا نییە، لەگەڵ توركیا ئاوێتەی یەكتر بووە. ئەمریكا زوو یان درەنگ ئەو ناوچەیە بەجێدێڵێت. رووسیا هەوڵ دەدات لەناوچەكە جێگیر ببێ، بەڵام رووسیا لەوێ‌ بێت یان نا، كورد و تورك یەك چارەنووسیان هەیە. ئەو كوردانەی لە هەردوو دیوی سنوور دەژین لەگەڵ كوردی توركیا بە یەك زمان قسە دەكەن، زۆربەیان سەر بە هەمان عەشیرەتن. ئاینیان یەكە. زۆرینەیان خزم و كەسی یەكدین. لەسەر هەمان جوگرافیا دەژین. لەبەر ئەو راستیانە هەماهەنگیی توركیا لەگەڵ پەیەدە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.

رووداو: جیاواز لەمانە كێشەی كورد لە توركیا چۆن چارەسەر دەكرێت؟ 

یەشار یاكش: بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا، بەڕێز سەرۆك كۆمار ئەردۆغان هەنگاوێكی زۆر بوێرانەی هاویشت و دەستی بە "پرۆسەی دیموكراتیبوون" یان "كرانەوەی كورد" كرد. ئەوە بەرفراوانترین هەنگاو بوو لە توركیا پەیوەست بە مەسەلەی كورد. پێموایە زۆر بەسوود دەبێت ئەگەر توركیا هەرچۆنێك بووە بگەڕێتەوە سەر ئەو پڕۆسەیە. توركیا لەم رووەوە دەتوانێ ئیلهام لە باكووری ئێرلەندا، كێشەی باسك و باشووری ئەفریقا وەربگرێت. بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كارێكی واقیعی نییە لەناوبردنی پەكەكە بكەیتە ئامانجی خۆت. ئەگەر توركیا ئەمڕۆ لەناوخۆیدا كێشەی كورد چارەسەر نەكات، ناچارە لە داهاتوودا شتی زیاتر لەدەست بدات. 

رووداو: بەگوێرەی پەرتووكی كۆنووسەكانی ئیمراڵی، ئۆجەلان دەڵێت "تەنیا من دەتوانم ئەردۆغان رابگرم". رای تۆ چییە لەسەر ئەوە؟
 
یەشار یاكش: سەركردەیەكی بەهێزی وەكو بەڕێز ئەردۆغان تەنیا ئەوكاتە رادەگیرێت كە بەخۆی خۆی رابگرێت.
ئەردۆغان تەنیا بە ئەردۆغان رادەگیرێ‌  


رووداو: لە مەراسیمی كۆچی دوایی برا گەورەی بوڵەند ئارنچ نە نوێنەری حكومەت نە نوێنەری ئاكپارتی ئامادە نەبوون، ئەوە چ واتایەكی هەیە؟ 

یەشار یاكش: نازانم كەس لە سەركردایەتی ئاكپارتی بەشداری لە مەراسیمەكە كردووە یان نا. ئەمە بە چ واتایەك دێت، ئەو پێگەیەم نییە شرۆڤەی بكەم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە