شارمیلا دێڤی رووداو - لەندەن شەڕی نێوان ئەندامانی پەرلەمانی توركیا لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوودا ئەوە وەبیر دێنێتەوە كە چ دوژمنایەتیەكی قووڵ هەیە لە نێوان سەرۆك وەزیران رەجەب تەیب ئەردۆغان و گرووپی خزمەت بە رێبەرایەتی فەتحوڵڵا گویلەن. شەڕە بۆكسەكەی پەرلەمان دوای ئەوە هات كە پەرلەمان دەنگی بۆ زیادكردنی دەسەڵاتی حكومەت دا بەسەر دادوەر و داواكارە گشتییەكاندا. ئەم هەوڵە لەلایەن ئەردۆغانەوە بە گرنگ دەزانرێت بۆ ئەوەی گویلەنییە "ئاژاوەگێڕ"ەكان دووربخاتەوە. رەخنەگران دەڵێن هەوڵی تاكڕەوانەی ئەردۆغان بۆ كۆنترۆڵكردنی وێبسایتە ئینتەرنێتییەكان بۆ ئەوەیە كە پارێزگاری لە حكومەتەكەی خۆی بكات و لە لێكۆڵینەوەی گەندەڵی بیپارێزێت. ئەوەی روونە، ئەوەیە كە حكومەتە 11 ساڵانەكەی ئەردۆغان و پارتەكەی AKP لە ژێر هەڕەشەدان. بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی كێشەكانیان لەگەڵ گرووپی خزمەت. ئەگەری هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ سوپا، یان لەگەڵ پارتە كوردییەكان هێشتا كاری زیاتری پێویستە و كاریگەری هاوپەیمانیی لەوجۆرە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەردۆغان روون نییە. بیل پارك، لە زانكۆی لەندەن دەڵێت "ئەردۆغان و گویلەن تەواو.. جیابوونەوەی ئەو دووانە یەكجارییە". بەبڕوای پارك، هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیا كە لە كۆتایی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێ، لەوانەیە چەندین سیناریۆی لێبكەوێتەوە. ئەگەر پارتەكەی ئەردۆغان دەنگی كەم بهێنێ، ئەوا لەوانەیە چەندین ئەندامی ئەو پارتە واز لە داد و گەشەپێدان بهێنن. عەبدوڵڵا گویل، سەرۆك كۆماری توركیا لەوانەیە رووبەڕووی ئەردۆغان ببێتەوە و یاسا تازەكەی دادوەری و ئینتەرنێت ئیمزا نەكات، یان لەوانەیە خۆی هەوڵبدات ببێتە سەرۆك وەزیران. لەنێوخۆی گرووپی خزمەتیشدا، لەوانەیە هەندێك لە ئەندامانی ئەو گرووپە هەوڵ بدەن گرووپەكەیان بە ئاشكرا بناسێنن و بە ئاشكرا رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە و ببنە پارتێكی سیاسی ئاسایی و چیدی خۆیان لە پشتی پەردەی خزمەتكردنی كۆمەڵایەتی و خێرخوازییەوە نەشارنەوە. چاودێران سەرەتای ناكۆكییەكانی ئەردۆغان و گویلەن بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێننەوە كاتێك ئەردۆغان لایەنگرانی گویلەن و پشتیوانانی عەبدوڵڵا گویل و لیبراڵەكانی تەنیا چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنەكانی ئەو ساڵە لە لیستی پارتی داد و گەشەپێدان دوورخستەوە. گویلەنییەكان لە ساڵی 2012دا كاردانەوەیەكی توندیان بەرامبەر رووداوێكی دیكە نواند. لەو ساڵەدا یەكێك لە داواكارە گشتییەكان كە نزیكی ئەوان بوو، هەوڵی دا لە رۆڵی هاكان فیدان (سەرۆكی دەزگای میت) لە گفتوگۆ نهێنییەكان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان بكۆڵێتەوە. گویلەنییەكان دژی ئەو گفتوگۆیە بوون. دوای خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی، گویلەنییەكان جارێكی دیكە رەخنەیان لە ئەردۆغان گرت و ئەردۆغانیش لەبەرامبەردا هەڕەشەی داخستنی خوێندنگەكانی سەر بەو گرووپەی كرد. مانگی دیسەمبەری رابردوو سكانداڵی گەندەڵییەك ئاشكرا بوو كە تێیدا دەیان كەس دەستبەسەر كران، لەنێویشیاندا بازرگانی نزیك لە حكومەت و كوڕی چەند وەزیرێكی حكومەتەكەی ئەردۆغان. لایەنگرانی ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی لەلایەن داواكاری گشتی و ئەفسەرانی پۆلیسی نزیك لە گویلەن بەڕێوەبراون. لە بەرامبەریشدا گویلەنییەكان دەڵێن كە سەرۆك وەزیران هەوڵ دەدات رۆشنایی لەسەر تۆمەتەكان (بەخشیش و پێدانی تەندەر و پڕۆژەی نایاسایی) دووربخاتەوە. خەلیل كاراڤەلی، لە پەیمانگای سیاسەتی ئەمنی و گەشەپێدان، لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرس نووسیویەتی "ئێستا گوتەبێژانی پارتی داد و گەشەپێدان لە میدیاكانیاندا دەڵێن كە پارتی داد و گەشەپێدان خوازیاری دروستكردنی هاوپەیمانییە- بە تایبەتی لەگەڵ سوپا، دوژمنە كۆنەكەی خۆیان". "هاوپەیمانییەكان دێن و دەچن، بەڵام تاكڕەوی بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە، هیچ نەبێت لە توركیا وا دەردەكەوێت. شكستی ئیسلامییەكان لە حوكمڕانی رێگە بۆ گەڕانەوەی شێوە ترادیشناڵییەكەی حوكم خۆش دەكات، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە ناسیۆنالیستە راستەكان بە پشتگیری سوپا دەگەڕێنەوە و بیرۆكراسییەك دادەمەزرێنن كە زۆرینەی خەڵك پشتگیرییان دەكات". ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر كێشەی كورد دەبێت، تا ئێستا ئەوە روون نییە. تا ئێستا پارتی ئاشتی و دیموكراسی BDP پشتگیری لە پارتی داد و گەشەپێدان دەكات "چونكە ئەو پارتە باشترینە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسەی ئاشتییەی كە ئێستا لە ئارادایە". وەكو پارك دەڵێت. BDP ریسكی ئەوەی كرد كە پشتگیری لیبراڵەكان و عەلمانیەكان لەدەستبدات، ئەگەر هەوڵی ئەوەی نەدابایە كە سروشتی سیاسەتی توركی بگۆڕێت بۆ ئەوەی دیموكراسی بەهێزتر بكرێت. پارك دەڵێت "دیارە دانانی هەموو هێلكەكان لە سەبەتەكەی ئەردۆغاندا لە خۆشباوەڕییەوە هاتووە". دژایەتیكردنی گویلەن و گرووپی خزمەت بۆ پرۆسەی ئاشتی رەنگە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵات لە توركیا بگرنەدەست، پارك دەڵێت "گویلەنییەكان و ئەردۆغان هەمان بۆچوونی ناسیۆنالیستیی توركیان هەبوو، بەڵام ئەردۆغان كە دەسەڵاتی گرتەدەست، ناچاربوو بگۆڕێت بۆ كەسێكی پراگماتیك". "گویلەن ناسیۆنالیست و توركپەرستە" پارك دەڵێت "ئەردۆغانیش هەر وایە، بەڵام ئەو پێویستی بە دەنگی BDPیە". شەڕی نێوان ئەردۆغان و گویلەن بۆ ماوەیەك درێژەی دەبێت. بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەوانەیە حكومەتی توركیا لێكۆڵینەوە لە "دروستكردنی رێكخراوێكی نایاسایی لەنێو دەوڵەتدا" دەستپێبكات و ئەندامانی گرووپی خزمەتیش دەڵێن ئەوان دژی هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەوەستنەوە. ئەوەی روونە، ئەوەیە كە گرووپی خزمەت وەكو ئاكتەرێكی نێو سیاسەتی توركیا دەمێنێتەوە. جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووتری ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە توركیا بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند "ئەوان لە سوپا بە ئاگاترن لەوەی كە ناوی ئەندامانی خۆیان ئاشكرا بكەن. كاری زۆریان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن خەڵكی خۆیان لە نێو حكومەتدا جێگیر بكەن". بۆیە وەك ئەو دەڵێت "ئەوان لەناو ناچن".