رووداو - هەولێر
عومەر ئۆسێ، پەرلەمانتاری كوردی پەرلەمانی سووریا، كە ئێستا بە سەردانێك لە هەرێمی كوردستانە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) راگەیاند چەند پەیامێكی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریای پێیە بۆ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئێستا چاوەڕێی بینیی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ گەیاندنی ئەو پەیامانە.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی سووریا گوتی " ئەسەد پێیگوتم كە چووی بۆ هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی كورد بڵی ئێمە قەت دژی هەرێمی كوردستان نین".
بارزانی پێشتر رایگەیاندبوو ئامادەیە هێز بنێرێتە رۆژئاوای كوردستان بۆ پارێزگاری كردن لە هاووڵاتیانی كورد. عومەر ئۆسێ دەڵێت بەشار ئەسەد ئاگاداری ئەو پەیامەی بارزانییە "بەشار ئەسەد لاری نییە هێزی پێشمەرگە بێ بۆ سووریا و ناوچەكانی كوردستانی سووریا بپارێزێ". هەروەها دەڵێت "ئەسەد ئامادەیە بارزانی، وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشت بكات بۆ سووریا".
لە ژمارە 276ی ئەمڕۆ دووشەممە ،9.9.2013ی هەفتەنامەی رووداو تەواوی هەڤپەیڤینەکە بخوێنەوە.




