پەروەردە و خوێندن لەسەردەمی داعش

30-09-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو- مووسڵ

قوتابی و خوێندکارانی مووسڵ وەزرێکی نوێی خوێندنیان دەستپێکردەوە، بەڵام بە چوونیان بۆ قوتابخانەکان، بینییان هەموو شتێک گۆڕاوە.

قوتابییەکان لە قوتابخانە، لە شوێنی کۆماری عێراق، لەسەر کتێبەکانیان نووسراوە "خەلافەتی ئیسلامی".

عەلی عیسمەت، یەکێک لە قوتابییەکانی مووسڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پێشتر خەونم بەوەوە دەبینی خوێندن تەواو بکەم و ببمە بە ئەندازیار یان دکتۆر، بەڵام ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە، ئەگەر خوێندن تەواو بکەم، رەنگە داعشێکم لێ دەرچێت".

دوای کۆنترۆڵکردنی مووسڵ لە مانگی حوزەیران، چەکدارانی داعش لە جیاتی وەزارەتی پەرەوەردە، دیوانی مەعاریفیان دروستکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان.

دوای دامەزراندنی ئەو دیوانە، داعش هەر سێ وانەی پەروەردەی نیشتمانی، جوگرافیا، میوزیکی هەڵوەشاندەوە، وێڕای هەڵوەشاندنەوەی هەرشتێک پەیوەندی بە ئایینی مەسیحییەوە هەبێت لە پرۆگرامەکانی خوێندن.

سوها عەباسی، خوێندکاری کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی مووسڵ، کە ئێستا ئاوارەی یەکێک لە کەمپەکانی باشووری کوردستان بووە، دەڵێ، "نەک زانکۆ و هاوڕێکانم لەدەست دا، بەڵکو ژوور و کتێبەکانیشم لەدەست دا".

سوها بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئێستا خەونی پێوە دەبینم گەڕانەوە نییە بۆ زانکۆ، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ماڵەکەمان و دووبارە کۆبوونەوەی ئەندامانی خێزانەکەمە".

عەلی و سوها نموونەیەکن لە خەرواری 50 هەزار قوتابی و خوێندکاری مووسڵ، کە بەهۆی داگیرکردنی مووسڵ، لە خوێندن دابڕاون.

ئێستا بەشێکی زۆر لە قوتابخانە و باڵەخانەکانی زانکۆی مووسڵ، بە گەورەیی لەسەریان نووسراوە، بارەگای "خەلافەتی ئیسلامی" یاخود "دیوانی مەعاریف".

دیوانەکەی داعش، داوای لە هەموو مامۆستایانی سنوورەکە کردووە، بە زووترین کات پەیوەندی بە شوێنی کارەکانیان بکەن و هەر کەسێکیش دەوام نەکا، مووچەکەی دەبڕێ، کە مووچەکە لە بەغداوە بۆیان دەچێت، بەڵام دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، مووچەکانیانی بڕیوە.

هێشتا کەشوهەوای زانکۆکان، تەواو جیاوازە لە جاران، گەنجەکان بۆیان نییە بە تەنها لەگەڵ کچان دانیشن یاخود جگەرەبکێشن. هەروەها چەکدارانی داعش هەموو قوتابی و خوێندکارانیان ئاگادارکردووەتەوە، کە هەر کەس وشەی "داعش" بەکاربهێنێ، زمانی دەبڕێت.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە