روومادی.. هێزە ئەمنییەكان هەوڵی كۆنترۆڵكردنی كۆلێژی كشتوكاڵ دەدەن

30-07-2015
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن روومادی
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵاتی شاری روومادی لە پێشڕەویدان و دوای كۆنترۆڵكردنەوەی زانكۆی ئەنبار چەندین ناوچەی دیكەیان كۆنترۆڵكردووەتەوە، ئەمڕۆش بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی هەڵیانكوتاوەتە سەر كۆلێژی كشتوكاڵ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری رومادی و تاوەكو ئێستاش (پێنجشەممە ٣٠ تەمموز) پێكدادانەكان درێژەيان هەیە.

عوزال فەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان لە پێشڕەویدان و لە دوو رۆژی رابردووشدا ناوچەكانی خەمسە كلیۆ، گەڕەكی تەئمیم و تاش و ئەلبۆزیابیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و زیانێكی زۆری گیانی و ماددیشیان بە چەكدارانی رێكخراوی داعش گەیاندوە، لە قۆڵی باكووریش لە پردی یابانییەوە تاوەكو دەگاتە ناوچەكانی جەراشی و ئەلبۆفیراجیان كۆنترۆڵكردووەتەوە سەرەڕای پاككردنەوەی رێگای هاتوچۆی خێرا".

عوزال گوتیشی "هەروەها هێزە ئەمنییەكان رێگەی نێوان تەل ئەلبۆعیسە و ناوچەكانی عقدە سەرمەن و ژمارەیەك ناوچەی دیكەیان لە باكووری شاری رومادی كۆنترۆڵكردووەتەوە".

دوای پێكدادانێكی توند یەكشەمەی رابردوو 26 تەموزی 2015 هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان زانكۆی رومادیان كۆنترۆڵكردەوە، كە بەدەست چەكدارانی داعشەوە بوو.

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ داعش تەواوی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباری كۆنترۆڵكرد و لە 13 ی تەمموزی 2015 ، وەزارەتی بەرگریی عێراق بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنباری لە دەست داعش راگەیاند.
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە