بەرگی یاسا بەبەر حەشدی شەعبیدا كرا

29-11-2016
سیروان عەباس
نیشانەکردن حەشدی شەعبی
A+ A-

رووداو - هەولێر

پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی، كورد لە پەرلەمانی عێراقدا دیسان دابەشی سەر دوو بەرە دەكات، بەشێكیان دەنگی بۆ دەدەن و بەشێكیشیان دژی دەوەستنەوە. پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت بەبێ‌ ئەوانیش یاساكە هەر پەسەند دەكرا.

رۆژی 21/11/2016 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پرۆژە یاسای بە یاساییكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد و بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند كرا. لە كاتی دەنگدانەكە هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە هۆڵی كۆبوونەوە چوونە دەرەوە، بەڵام هەندێكی دیكە مانەوە و دەنگیان بۆ دا.

نەوزاد رەسوڵ، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "هیچ فراكسیۆنێكی كوردستانی بە فەرمی یاسای حەشدی شەعبی رەتنەكردەوە، تەنانەت بەشێك لە سوننەكانیش لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیان دەنگیان بۆ دا".

نەوزاد رەسوڵ ئاماژەی بەوەدا كە دەنگی ئەوان هیچ كاریگەری لەسەر پەسەندكردن یان نەكردنی پرۆژە یاساكە نەدەبوو، چونكە شیعەكان زۆرینە بوون "بۆیە كورد بە پەندی (نە شیش بسووتێ و نە كەباب) سیاسەتی كرد".

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، یاساكە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە "ئەرێنییەكە ئەوەیە كە ئیدی حەشد دەبێتە سوپایەكی یاسایی و ناتوانێت لە دەرەوەی یاسا هیچ كارێك بكات. لایەنە نەرێنییەكەش ئەوەیە كە ئەگەر لە داهاتوودا ببێتە دوژمنی كورد و پێشمەرگە، ئیدی دەبێتە سوپایەكی رێكخراو و بەهێز".

پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبوونەتەوە "بۆ ئەوەی نەبنە كەوا سووری بەر لەشكر". شاخەوان عەبدوڵڵا بە (رووداو)ی گوت "شیعەكان بێمنەت بوون و دەیانگوت یاساكە تێدەپەڕێنین، ئێمەش ناچار نەبووین ئەو شەڕە بۆ سوننە بكەین".

شاخەوان عەبدوڵڵا هۆشداری دا كە شیعەكان پرۆژەیاسای دیكە ببەنە پەرلەمان و گوتی "پێشبینی دەكەم لە داهاتوودا پڕۆژەیاسای گۆڕینی حوكمڕانیش ببەنە پەرلەمان و تێیپەڕێنن".

پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی كورد لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە "حەشدی شەعبی كێشەیەكە لە داهاتوودا یەخەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێت".

عادل نووری، پەرلەمانتاری سەربەخۆی كورد بە (رووداو)ی راگەیاند "حەشدی شەعبی بە فەتوا دروست بووە، فتواكەش بۆ جیهادی كیفایە بووە. ئەركەكەی تەنیا یارمەتیدانی سوپای عێراق بووە تاوەكو ئەوكاتەی كە پێویست بێت. مانەوەی حەشد وەك سوپایەك دوور نییە مەترسی بۆ سەر كوردستان دروست بكات".

 پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی كورد: ئەوەی ئێستا دروستكراوە هەمان بەسیجی ئێرانە

عادل نووری دروستكردنی حەشدی شەعبی بە دروستكردنی بەسیجی ئێران دەچوێنێ‌ و دەڵێت "ئەوەی ئێستا دروستكراوە وەكو بەسیجی ئێرانە، پێشتر بەجۆرێك پێكهێنرابوو كە دوای داعش حەشد هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام لە رێگەی پەرلەمانەوە بە یاسایی كرا، ئەوەشی كە كرا دژی مەرجەعیەتی شیعەكان بوو، چونكە مەرجەعیەت دوای شەڕی مووسڵ، چەكدارانی حەشدی شەعبی دەناردەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لە پەرلەمانەوە رێگرییان لە مەرجەعیەت كرد".

سەبارەت بە هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی، عادل نووری گوتی :"كۆمەڵ و یەكگرتوو هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت، بەڵام یەكێتی و گۆڕان و بەشێك لە پارتییەكان مانەوە و دەنگیان بە یاساكە دا".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، نەك كورد تەنانەت باڵاترین بەرپرسی عێراقیش تێبینی لەسەر حەشدی شەعبی هەیە. عادل نووری گوتی "حەیدەر عەبادی هاواریەتی و دەڵێ: ناتوانم كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی بكەم. حەشد وەكو سوپا نییە، رەفتاریان هی سوپا نییە، ئاڵاكانیان هی سوپا نین، تەنانەت رەفتار و مەشقەكانیشیان هی سوپا نین، ئەوان دەرچووی هیچ زانكۆ و پەیمانگا و خولێكی سەربازی نین، منداڵیان تێدایە 50 كەسی دوای خۆی خستووە و پلەی لیوای بەستووە".
 پەرلەمانتارێكی پارتی: ناچارنین ئەو شەڕە بۆ سوننە بكەین

عادل نووری گومانی لە ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی هەیە و دەڵێت "فەوجیان هەیە لە 50 چەكدار پێكهاتووە، بەڵام لای حكومەت بە 500 چەكدار نووسراوە. لە لیستی مووچەدا ژمارەیان 120هەزار چەكدارە، بەڵام ژمارەیان لە 20 هەزار چەكدار تێپەڕ ناكات".

حەشدی شەعبی چۆن دروستبوو؟

بە فتوای گەورە مەرجەعی باڵای شیعە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە 15ی حوزەیرانی 2014 پێكهات، دوای نزیكبوونەوەی داعش لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق. ئەوكات شوورایەك بە ناوی شوورای حەشدی شەعبی لە عێراق دامەزرا، شوورا لە هاوپەیمانێتی 67 گرووپی میلیشیایی شیعەكان پێكهاتووە.

حەشدی شەعبی دوای دامەزراندنی، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی زیاتر لە 20 شار و شارۆچكەدا كردووە، لەوانەش تكریت، رومادی، ئامرلی، بێجی، فەللوجە، بەشیر و سەقلاوییە و چەند ناوچەیەكی دیكە. ئێستاش لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵدا لە باشووری ئەو شارە بەشدارن و چەند ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵ كردووە و بە گوتەی خۆیان تەنیا پێنج كیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچكەی تەلعەفەر دوورن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە