رووداو- دهۆك
رێکخراوی داعش مووچه‌ى مانگانه‌ى چه‌كداره‌كانی كه‌مده‌كاته‌وه، چونكه وەک بەرپرسی لقی پارتی لە موسڵ دەڵێت" ئەو رێکخراوە ناتوانێ وەک جاران پاره‌ى پێويست بۆ پێدانی مووچە دابين بكات".
عیسمه‌ت ره‌جه‌ب، به‌رپرسى لقى 14-ی پارتى دیموکراتی کوردستان له موسڵ، به(تۆڕى ميديايى رووداو)ى راگه‌ياند:" داعش، مووچه‌ى مانگانه‌ى چه‌كداره‌كانی له 600 هه‌زار ديناره‌وه، كه‌مكردووەتەوە بۆ 90 هه‌زار دينار بۆ چه‌كدارى خێزاندار و 60 هه‌زار دينار بۆ چه‌كدارى سه‌ڵت".
ئه‌و به‌رپرسەی پارتی گوتيشى" ئه‌م بڕياره دواى ئه‌وه هات كه سه‌رچاوه داراييه‌كانيان له ده‌ست نه‌ماوه، به تايبه‌تى دواى كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى شنگال له‌لايه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه، رێگاى سه‌ره‌كى نێوان موسڵ و شارى ره‌ققه كه‌وتووەته ده‌ست پێشمه‌رگه و كاريگه‌رى كردووەته سەر ده‌سته‌ڵاتى داعش له موسڵ".
به پێى زانيارييه‌كانى رووداو، چه‌كدارانى داعش كه‌لوپه‌لى ئه‌و ماڵانه كۆده‌كه‌نه‌وه، كه پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتيان هه‌ڵاتوون بۆ ناوچه‌كانى ديكه، كه‌لوپه‌له‌كانيان ده‌به‌نه چه‌ند گۆڕه‌پانێكى تايبه‌ت له‌سه‌ر لێوارى رووبار‌ى ديجله و لەوێ هەڕاجی ده‌كه‌ن تاوه‌كو بڕێك پاره به‌ده‌ست بێنن بۆ پێداويستيیه‌كانيان.
هه‌ربه‌پێى ئه‌و سه‌رچاوه‌يه‌ى رووداو، خه‌ڵك به‌كه‌مى روو له‌و گۆڕه‌پانانه ده‌كەن بۆ كڕينى ئه‌و كه‌لوپه‌لانه.
پاش ساڵێك و سێ مانگ، لە كاژێر 07:00 ی رۆژی پێنجشەممە 12-11-2015 هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی شنگالیان لەژێر دەستی داعش بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان دەستپێكرد. بە كەمتر لە 48 كاژێریش توانیان بەسەركەوتوویی تەواوی پلانەكان جێبەجێبكەن و بەكەمترین زیان كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكە بهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ