رووداو- هەولێر
وازهێنانی بڕیار گابار، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، لێكدانەوەی جیاجیای بۆ دەكرێت و سەرچاوەیەكیش بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشكرای كرد، كە ناوبراو ماوەی 74 رۆژە ریزەكانی PKK ی جێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێ بووە .
بڕیار گابار، كە هاوكات یەكێك لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK یشە، جیادەبێتەوەو لە هەولێر دەگیرسێتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بناری قەندیلەوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، كە بڕیار گابار لە 12/10/2013دا لەنێو PKK دا نەماوە و چووەتە هەولێر. واتە ماوەی 74 رۆژە لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK جیابووەتەوە و لە هەولێرەوە نەگەڕاوەتەوە قەندیل . كە پێش ئەوە وەك ئەندامێكی شاندی PKK لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستاندا بەشداریی دەكرد لە هەولێر و پیرمام.
بڕیارگابار، لەدایكبووی ساڵی 1971ی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، لە 11/4/1999 پەیوەندی بە PKK ەوە كردووە و، لە كۆنگرەی كۆما جڤاكێن كوردستاندا كە لە 2010 ئەنجامدرا، بووە ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری KCK و بەرپرسی رێكخراوە جەماوەرییەكانی KCK ، لەسەردەمی سەرۆكایەتی موراد قەرەیلاندا و كەسێكی نزیكی ئەوبوو.
لەدوا كۆنگرەی KCK دا كە لەنێوان رۆژانی 30 حوزەیران تاوەكو 5ی تەممووزی 2013 ئەنجامدرا، بووە ئەندامی دیوانی سەرۆكایەتی كۆنگرەی گەل، كە رەمزی كارتاڵ سەرۆكیەتی و كاری زیاتر لە ئەوروپایە.
گابار، یەكێكبوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK، لەساڵی 2003دا، كە باڵی رۆژهەڵاتی كوردستانی PKK یە .
بڕیار گابار، كە دایك و خوشكێكی لە شاری سلێمانی لە رەوشێكی ناخۆشدا دەژیان، خۆیشی دوای ئەوەی جەمیل بایك لە كۆنگرەی دواییدا بووە سەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتی KCK، هەستی بە پەراوێزخستنێكی زۆر دەكرد و، هەندێ كێشەی فیكری لەگەڵ سەرۆكایەتی ئێستادا هەبوو.
بڕیار گابار، ئەمساڵ كتێبێكی بڵاوكردەوە بەناوی ( ئاوێنەی یەكێتی نەتەوەیی كورد )، كە یەكێك لەوانەی پێشەكیان بۆ كتێبەكە نووسیبوو، جەمیل بایك بوو.
بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو رۆژانەدا PKK روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی لەبارەی جیابوونەوەی بڕیار گابار لەپارتەكەیان بڵاودەكاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ