رووداو-بەغدا
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق و ئەندامی شاندی سەرۆک بارزانی لە بەغدا ئاشکرایدەکات کە لایەنە عێراقییەکان داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە، دەستپێشخەرییەکی عێراقی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی عێراق.
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق و ئەندامی شاندی سەرۆک بارزانی لە بەغدا، لەبارەی ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجامی سەردانەکان زۆر ئیجابی بوو و لەهەموو کۆبوونەوەکان باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە. هەندێ لە لایەنەکان داوایان دەکرد سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەستپێشخەرییەک بکات نەک تەنیا بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوخۆی عێراقیش هەن".
بەنگین رێکانی گوتی: "ئەو لایەنانە دەیانگوت پێش 2010 هەموو کێشەکان لەسەر دەستی جەنابیان چارەسەردەکران چ لە هەولێر یان بەغدا، زۆر داوایان لە جەنابی کرد بێت و لە بەغدا دابنیشێت و بارەگایەک لەوێ دروستبکات و هاوکاری لایەنەکان و حکومەت بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. داواکارییەکە زۆر بوو و جەنابی سەرۆک بارزانی گوتی بیری لێدەکاتەوە و رێگایەک دادەنێت بۆ سەردانی زیاتری بەغدا".
بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق: "زۆر پرس لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک بارزانی قسەی لەبارەوە کراوە وەک بودجە، پێشمەرگە، گومرگ لەنێوان کەرکووک و موسڵ و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە بەزووترین کات چارەسەربکرێن. پرسەکانی دیکەش وەک نەوت و ماددەی 140 ئەوان کاتی زیاتریان دەوێت کە ئەوانەش باسیان لێوەکراوە کە چۆن و کەی دەستپێبکەن".
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە بەغدا لەبارەی بەرنامەی دیدارەکانی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لەو سەردانەیدا گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ بەشێکی دیکە لە سەرکردەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و دوایین کۆبوونەوەشی لە بەغدا لەگەڵ عەمار حەکیم دەبێت، هەر ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی دەچێتە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نەجەف کۆدەبێتەوە".
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ