رووداو-ئاژانسەكان سەركردەیەكی داعش دەڵێ، كورد هەلیان قۆستووەتەوە و ناوچەگەلێكی عێراقیان گرتووە، ئەوانیش بەوە رازی نابن. ئاشكراشی دەكات عیزەت دووری هاوكاریی داعش دەكات لەسەر ئامانجە هاوبەشەكانی نێوانیان. ئەبوبەكر جەنابی، سەركردەی باڵای رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ دەزگای ئەلرەئی كوەیتی ئاشكرایكرد "زۆربەی سەركردەكانی داعش لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپای پێشوون". ئەو بۆچوونی لەسەر حیزبی بەعسی عێراقی جیایەو دەڵێ "حیزبی بەعسی عێراقی وەكو حیزبی بەعسی سووریا نییە، چونكە ئەوانەی عێراق بڕوایان بە ئیسلام و فتوحاتەكانی هەیە و هاریكاریی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەكەن". جەنابی هەروەها رایگەیاندووە، كە چەندین گرووپی سوننەی دیكە شانبەشانی داعش جەنگ دژی حكومەتی عێراق دەكەن. ئەو سەركردەیەی داعش رەتیدەكاتەوە لە وڵاتێكی دیكەوە هاتبێتن و دەڵێ "پێشتر ئاگادار كرابووینەوە كە لە موسڵ و سەڵاحەدین چەندین لایەن لە سوپای عێراق دەدەن، بۆیە ئێمەش خۆمان ئامادەكرد و بەر لە كاژێری سفر لەوێ بووین". موسڵ یەكەم ئامانجی چەكدارانی داعش بوو، سەبارەت بەوەی بۆ بەغدایان هەڵنەبژارد، جەنابی دەڵێت: "موسڵ دوو ملیۆن دانیشتووانی هەیە، بەڵام بەغدا شەش ملیۆنە و ژمارەیەكی بەرچاوی شیعەی تێدایە لە باكوور و ناوچەی كازمییە، بەڵام قورسایی داعش لە ناوەڕاست و باشووری بەغدا و باكووری بابلە. بەربەستی بەردەممان بۆ گەیشتن بە پایتەخت لە ئێستادا سەربازگەی تاجی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدان، دەشمانەوێت سەرەتا بێجی كۆنترۆڵ بكەین تاوەكو سوپای عێراق لەدوامانەوە نەمێنن". ئەو سەركردەیەی داعش پێیوانییە كۆنترۆڵكردنی بەغدا كارێكی گران بێت و دەڵێ "زۆربەی سەركردەكانی داعش لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپای پێشوون و پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ فەرماندە سەربازییە كۆنەكان و ئەوانەی ئێستاش هەیە، ئەمەش كارەكەمان بۆ ئاسان دەكات". هۆكارێكی دیكە كە جەنابی پێیوایە كارئاسانییان بۆ دەكات بۆ نێو بەغدا شەڕنەكردنی سەربازە عێراقییەكانەو دەڵێ "ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی سوپا نایانەوێت شەڕی داعش بكەن و لەپێناوی مالیكیدا بمرن، ژمارەیەكی بەرچاوی ئەفسەرانیش سوننەن و كەسوكاریان لەناو داعش هەیە و ئامادە نین شەڕی كەسوكاری خۆیان بكەن، هەروەها لە رێگەی میدیاكانیشمانەوە پیشانمان داوە چی بەسەر ئەوانە دێنین كە هاریكاری مالیكی دەكەن". سەبارەت بە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە خانەقین و جەلەولا پرسیار لە جەنابی كراوە، ئەویش گوتوویەتی "پێكدادانمان لەگەڵ كورد هەیە لەو ناوچانە و لە دەوروبەری كەركووكیش پێشڕەویی باشمان كردووە، لە ئێستادا لە شەڕداین لەگەڵیان و با چاوەڕێ بكەین بزانین دەگەینە چی لەگەڵیان". جەنابی پێیوایە دۆخی كورد باش نییەو دەڵێ "ئەوان لەم رووداوانەدا هەلیان قۆستووەتەوە و دەستیان بەسەر ناوچەگەلێكی عێراقیدا گرتووە، لەلایەك مالیكی رەخنەیان لێدەگرێ سەبارەت بەو پێشڕەوییەیان لە ناوچەكە و لەلایەكیش عەسایبی ئەهلی حەق هەڕەشەیان لێدەكات". رۆژنامەكە باسی لەوەكردووە، كە مەسعود بارزانی و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كەركووك بخەنەوە سەر كوردستان، سەبارەت بە رای داعش لەوبارەیەوە، لە وەڵامدا جەنابی گوتوویەتی "دەستبەرداری كەركووك نابین بۆ كورد، بارزانیش باش دەزانێت ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی ئێمە رقێكی قووڵیان بەرامبەر كورد هەیە، چونكە ئەوان هاوكاری ئەمریكییەكان بوون".