رووداو- هەولێر
لە یەكەم كاردانەوەی دوای وەرگرتنەوەی متمانە لێی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هۆشیار زێباری رایدەگەیێنێت كە لە بەردەم دادگای فیدراڵی تانەی لە دانیشتنی رۆژی 27-8-2016 پەرلەمانی عێراق داوە.
هۆشیار زێباری، كە رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 بە زۆرینەی دەنگ متمانەی وەكو وەزیری دارایی لە پەرلەمانی عێراق لێسەندرایەوە لە لێدوانێكی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە دادگای فیدراڵی عێراق تانەمان لە دانیشتنی رۆژی 27-8-2016 پەرلەمانی عێراق داوە كە دانیشتنەكە بە نایاسایی و نادەستووری بەڕێوەچووە و بڕیاریشە دادگای فیدراڵی بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو".
هۆشیار زێباری كە ئێستا گەڕاوەتەوە هەولێر ، پرۆسەی لێسەندنەوەی متمانە لێی وەكو وەزیری دارایی بە نایاسایی و نادەستووری وەسف كرد و ئاماژە بەوەدا كە "هەوڵێك بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی هەیە".
زێباری گوتی: "پرۆسەكە لە دانیشتنی 27-8-2016 تاوەكو دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 پەرلەمانی عێراق نایاسایی بەڕێوەچوو".
هۆشیار زێباری لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:" ئێستا لە عێراق نە وەزیری بەرگری نە ناوخۆ نە دارایی هەیە، هەر چاودێرێك و كەسێكی وریا سەیری دۆخی ئێستای عێراق بكات، هەستدەكات هەوڵێك بۆ دروستكردنی بۆشایی و لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەتی ئێستا هەیە كە ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراق و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی نییە".
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 بەدەنگی 158 پەرلەمانتار متمانەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق وەرگرتەوە، پرۆسەی دەنگدانەكە بە نهێنی بووە و 77 پەرلەمانتار دژی سەندنەوەی متمانە بوون و 14 دەنگیش بەتاڵ بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆشیار زێباری بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممە 22-9-2016 کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە هەولێر ئەنجام بدات و سەبارەت بە لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەڵوێستی خۆی رابگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ