هەزاران عێراقی دژی هاتنەوەی ئەمریكا خۆپیشاندان دەكەن

20-09-2014
غازی حارس
A+ A-

رووداو- بەغدا

هەزاران عێراقی بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هاتنی هێزی پیادەی بیانی بۆ عێراق، بەناوی بەرەنگاربوونەوەی‌ داعش، لە بەغدای پایتەخت‌ خۆپیشاندانیان كرد.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، رەوتی سەدر و لایەنگرانی رەوتەكە، كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات، بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی عەرەبی شاری بەغدا، ئەمڕۆ شەممە 20ی ئەیلوولی 2014 خۆپیشاندانێكی فراوانیان لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدا و لە خۆپیشاندانەكەدا خۆپیشاندەران دروشمی دژ بە هاتنی هێزی بیانییان دەگوتەوە.

ئەو خۆپیشاندەرانە دەیانگوت دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هاتنی هێزی پیادەی بیانین بۆ عێراق، بەناوی بەرەنگاربوونەوەی‌ داعش.

رۆژی 15ی ئەم مانگە، موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر، لە بەیاننامەیەكدا داواكاریی حكومەتی عێراقی لە ئەمریكا، بۆ  هاوكاریكردنی عێراق لە شەڕی دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) رەتكردەوە و رایگەیاند "نابێت حكومەتی عێراق دەستتێوەردانی ئەمریكا قبووڵ بكات"، هۆشداریشیدایە ئەمریكا كە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا "دەستتێوەردان لە خاك و ئاوی عێراقدا نەكات"، گوتیشی "بێنەوە بۆتان دێینەوە".

دوو رۆژ دوای ئەو بەیاننامەیەی سەرۆكی رەوتی سەدر، جەنەڕاڵ مارتن دیمبیسی، سوپاسالاری ئەمریكا بە دووری نەزانی، ئەمریكا ناچاری ئەنجامدانی كردەی سەربازی زەمینیی ببێت لە عێراق بۆ گرتنەوەی مووسڵ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە