"كەوتنی موسڵ بڕیاری سیاسی گەورەتری لەپشتبووە"

20-04-2015
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-

رووداو- سلێمانی

عادل نووری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، كەوتنی شاری موسڵ بڕیاری سیاسی گەورەتری لەپشتبووە و لە 2 هەفتەی داهاتووشدا راستی گەورەتر ئاشكرادەبن.

عادل نووری لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێی گەیشتوون، ئەو لیژنەیەی سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە كەوتنی شاری موسڵ،  بەرپرسەكان راستی دیكەیان ئاشكراكردووە ‌و گوتی "هەرچەندە ئێستا قۆناغی لێكۆڵینەوەیە، بەڵام ئەوەندە دەزانین كەوتنی شاری موسڵ تەكتیكی سەربازی نەبووە ‌و خەریكە دەگەینە ئەو بڕوایەی بڕیارێكی سیاسی  لەپشتەوە بووبێ".

ناوبراو ئاشكراشیكرد، كە لە 2 هەفتەی داهاتوودا راستی گەورەتر ئاشكرادەبن. گوتیشی: "وەك خۆشم لەسەر كارەساتی شنگال ‌و دیلە ئێزدییەكان ‌و ئەو زیانە ماددییانەی بەسەر كورددا هاتوون، لە دادگا سكاڵا لە دژی ئەو بەرپرسانە دەجوڵێنم كە لەو دۆسیانە بەرپرسن".

لە 10ی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای موسڵ و بەرگری نەكردنی سوپای عێراق لەو شارە، چەكدارانی داعش ئەو شارەیان كۆنترۆڵكرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە