رووداو- هەولێر
جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە ئاشكرایكرد، كە بەم نزیكانە وتووێژ لە نێوان بەغداو هەولێر لە بارەی سێ دۆسیەوە دەستپێدەكات، كە ئەوانیش (ناوچە دابڕاوەكان، دۆسیەی ئەمنی و نەوت و غاز)ن.
حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری وزە، بە تۆڕی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر شتێكی ئاسایی بوو، نەك تایبەت، هەولێریش شارێكی عێراقییە وەك شارەكانی دیكە، لە موسڵ و بەسرەش بەهەمانشێوە كۆبوونەوە دەكەین، هیچ كۆبوونەوەیەكی رەسمی لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق و لایەنی كوردیدا نەبووە".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوایین كۆبوونەوەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجامداو چاودێرانیش بە كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدار ناوزەدیان كرد، بەتایبەتی دوای كۆبوونەوەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عیراق و مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی هەرێمی كوردستان، كە لەسەر لیژنە هاوبەشەكان رێككەوتوون.
شەهرستانی گوتیشی: "كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی وتووێژكردن بوو لەسەر لیژنە هاوبەشەكان، كە تاوەكو ئێستا كارەكانیان دەستی پێنەكردووە، لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەو لیژنانەی كە لە هەرێم پێكهاتبوون بەرەو بەغدا بەڕێبكەون بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتاكانیان كۆببنەوە لەبارەی ناوچە دابڕاوەكان و دۆسیەی نەوت و غاز و دۆسیە ئەمنییەكانەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، كە "بەم نزیكانە وتووێژ لەسەر ئەو سێ دۆسیەیە دەستپێدەكات".
عەبدولكەریم لعێبی، وەزیری نەوتی عیراقیش گوتی: "لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی لە بواری نەوت و غازدا تاوەكو ئێستا هیچ كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام نەداوە."




