رووداو – هەولێر وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیارێكی نوێ لەبارەی مادەی 140 دراوە، ئەویش قەرەبووكردنەوەی عەرەبەكانی ئەو ناوچانەیە كە مادەكە دەیانگرێتەوە. خەیروڵڵا حەسەن، وەزیری بازرگانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێكی نوێی پەسەند كرد، كە بۆ گەڕاندنەوەی زەوی كورد و توركمان لە كەركووك ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی داوە". گوتیشی "بەگوێرەی بڕیارەكە، قەرەبووی عەرەبەكان دەكرێتەوە لەبەرامبەر دەستبەرداربوونیان لە زەوییەكان". ئەو وەزیرە كوردە ئاماژەی بەوەشكرد، كە وەزیرە سوننەكان لە دژی ئەم بڕیارە وەستاونەتەوە، بەڵام وەزیرانی کورد و تورکمان و شیعەکان پشتگیرییان کردووەو بڕیارەکە پەسەند کرا. بەپێی بڕیارەکە لیژنەیەک پێکدێ لە دادگای باڵا و وەزارەتی کشتوکاڵ و دارایی و لیژنەی مادەی 140ی کەرکووک و لیژنەی باڵای مادەی 140، بەمەبەستی خەمڵاندنی بڕی ئەو قەرەبووەی بۆ ئەو عەرەبانە، تاوەکو زەوییەکان رادەستی کورد و تورکمان بکەنەوە. وەزیری بازرگانی عێراق روونیکردەوە مانگی ٢/٢٠١٢ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی هەڵوەشاندەوە لە بارەی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ کورد و تورکمان، بەڵام عەرەبەکان بەربەستیان دروستکرد و داوای قەرەبووکردنەوەیان دەکرد، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو بڕیارەی پەسەند کرد.
تەندروستی28-10-2026لە هەولێر منداڵێک پارچە سەموونێکی لە بۆڕی هەناسەی گیردەبێت و لە دەرمانخانەیەک ژیانی رزگار دەکرێت