رووداو - موسڵ
لە نزیک هۆتێل ئاشووری موسڵ هاوەنێکی داعش بەدووری چەند مەترێک لە تەنیشت تیمی رووداو و هێزە عێراقییەکان دەتەقێتەوە، بەو هۆیەوە تیمی رووداو (نەبەرد حوسێن، پەیامنێر و سیروان جەلال، کامێرامان) و هێزە سەربازییەکە تووشی تەنگەنەفەسی و رشانەوەی خێرا دەبن.
هاوەنە ژەهراوییەکە لە نیوەڕۆی رۆژی 13-3-2017 تەقییەوە. ئەو هێزەی لەگەڵ تیمی رووداو بەر گازە ژەهراوییەکەی داعش کەوتن، لە رێگەدا بوون بۆ گەیشتن بە باب تۆپ، بۆ ئەوەی هاوکاری هێزە عێراقییەکانی دیکە بکەن لە شەڕی کۆنترڵکردنەوەی ئەو ناوچەیەدا.
وەک لە وێنەکاندا دەبینرێت، دووکەڵێکی رەنگ شین لە گازەکە بەرزدەبێتەوە. تیمەکەی رووداو و هێزە عێراقییەکان بەرەو دواوە دەکشێنەوە و بۆ ماوەیەک بەردەمی خۆیان نابینن، چاویان فرمێسک دەکات.
پزیشکانی بەرەی جەنگ وەک چارەسەری خێرا دەرزیان لە بەرکەوتووانی گازەکە داوە.
د. بەهرام رەسوڵ پسپۆڕ لە بواری کیمیاییدا بە رووداوی گوت "پێویستە شیکاری تاقیگەیی بۆ دەستنیشانکردنی جۆری گازەکە بکرێت، بەڵام نیشانەکان و کاریگەری لە سەر بەرکەوتووەکان دەریدەخات ئەوەی داعش بەکاریهێناوە گازی کلۆرە".
نەبەر حوسێن، پەیامنێری رووداو لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر هەشت باسی لەو کاتە کرد گازەکەیان بەرکەوتووە
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ