عوبەید رەشاڤایی
رووداو- دهۆک
پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو) لە دهۆک رایگەیاند:" هێزێکی سوپای تورکیا هاتوونەتە هاتوونەتە ناحیەی زلکان و باشیک لە پارێزگای نەینەوا، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی دروستی هێزەکە نەزانراوە".
پەیامنێری رووداو باسی ئەوەی کرد کە، شایەتحاڵەکان دەڵێن 38 ئۆتۆمبێلی سەربازی تورکیا بە زرێپۆش و تانک بینراون کە هاتوونەتە ناوچەکە.
سەبارەت بە ژمارەی هێزەکە، پەیامنێری رووداو گوتی" ئەو هێزە هێزێکی پشتیوانییە و پسپۆڕی سەربازین و بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو هێزە لە 100 کەس تێناپەڕن".
پەیامنێری رووداو گوتی:" رێگە نادرێت هیچ دەزگایەکی میدیایی وێنەی ئەو هێزەی تورکیا بگرێت کە هاتوونەتە پارێزگای نەینەوا".
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمی بۆ هاتنی ئەو هێزەی سوپای تورکیا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" تورکیا هێزێکی زەمینی رەوانەی سەربازگەی زەلکان کردووە لە نزیک شاری موسڵ و هاوکات رەوانەکردنی ئەو هێزەی تورکیا بەبێ پرس و ئاگاداری حکومەتی عێراق بووە و ئێمە داوامان لە تورکیا نەکردووە هێز رەوانەی عێراق بکات".
بەیاننامەکەی سەرۆکوەزیرانی عیراق هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە" تورکیا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە سوپای عێراق هاتووەتە نزیک شاری موسڵ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نیین وئەو رەفتارەی تورکیا ئێمەی نیگەران کردووە و داوا لە تورکیا دەکەین کە رێز لە سەرەوەری خاکی عێراق بگرێت و بەزوویی هێزەکەی لە عێراق بکێشێتەوە".



