عەبادی : بودجەی کوردستان نانێرم

04-11-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بودجەی کوردستان
A+ A-

ئەو کۆبوونەوەیەی چاوەڕواندەکرا بکرێت، کرا. هەریەکە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوت و هوشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە و قسەیان لەسەر بودجەی کوردستان کرد. کۆبوونەوەکە کە رۆژی ١/١١/٢٠١٤ لە شاری بەغدا کراوە، تێیدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەبارەی ناردنی بودجەی کوردستانەوە لەلایەن حکومەتەکەی عەبادییەوە کراوە. سەرچاوەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەدا عەبادی بەتووندی قسەیکردووە و رەتیکردووەتەوە بودجەی کوردستان بنێرێت. هەروەها گوتوویەتی: هیچ بەڵێنێکم نەداوە بودجە و مووچە بۆ کوردستان بنێرم و ناشینێرم”.

حەیدەر عەبادی لەکاتی راگەیاندنی بەرنامەی کاری حکومەتەکەیدا رایگەیاند یەکێک لەو کێشانەی کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکات ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانە. هەروەها لەکاتی دیدارەکانیدا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەڵینیدابوو بە زووترین کات بودجەی کوردستان بنێرێت. 

لەماوەی رابردوودا گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی و کاربەدەستانی دیکەی حکومەتی عێراق جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هۆکاری نەناردنی بودجەی کوردستان، لەدوای دەستبەکاربوونی عەبادی، ئەوەیە کە کورد لەسەر دانانی کەسێک بۆ وەزیری دارایی یەکلایی نەبوونەتەوە و تەنیا وەزیری دارایی توانای ئەوەی هەیە کە بودجەی کوردستان بنێرێت. بەڵام دوای دەستبەکاربوونی هوشیار زێباری وەکو وەزیری دارایی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە ناتوانێت بودجە و مووچەی کوردستان بنێرێت، چونکە، وەک ئەو باسیکرد، لە بانکەکانی عێراقدا پارە نییە بۆئەوەی بنێردرێتە کوردستان. 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بودجەی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی دەستووری عێراق، لەسەدا حەڤدەی بودجەی دەوڵەتی عێراقەوە نانێردرێت بۆ هەولێر. نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بە بڕیاردەر لەسەر بڕینی بودجەی کوردستان دادەنرێت. حکومەتی مالیکی هۆکاری بڕینی بودجەی کوردستانی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە هەرێمی کوردستان، بەبێ ئاگاداریی بەغدا، نەوتی کوردستان هەناردە دەکات و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکاندا واژۆ دەکات. لە بەرامبەردا هەولێر هەناردەکردنی نەوتی بە مافێکی دەستووریی خۆی داناوە و داوا دەکات بەزووترین کات یاسای نەوت و غاز و دابەشکردنی داهاتە نەوتییەکان لە پەرلەمانی عێراقدا پەسندبکرێت و بەوهۆیەوە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوت چارەسەربن. 

لە باشووری کوردستان، شەقام و دەسەڵاتی سیاسیش چاوەڕوانیاندەکرد دوای دەستبەکاربوونی عەبادی سەرلەنوێ بودجە و مووچەی کوردستان بنێردرێتەوە. بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی ١/١١/٢٠١٤دا عەبادی رەتیکردەوە هیچ بەڵێنێکی لەوبارەوە دابێت و گوتیشی ئامادە نییە بودجەی کوردستان بنێرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە