ئەسیل نوجێفی: بۆ چۆنێتی گرتنەوەی موسڵ لەگەڵ بارزانی هاوڕاین

04-05-2015
سروە هەورامی
نیشانەکردن گرتنەوەی موسڵ
A+ A-

رووداو - هەولێر

پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بەرلەوەی سەفەری واشنتن بکەن، چاوی بە هەریەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان کەوتووەو باسی هەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵیان کردووە.

ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری نەینەوا لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تێڕوانینی هاوبەشیان هەبووە سەبارەت بە پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. گوتیشی: "ئێمە داوامانکردووە کە هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان هێزی پێشمەرگە و ئەو هێزە هەبێت کە لە خەڵکی نەینەوا پێکهاتووە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە". بەگوتەی نوجێفی، بارزانیش هاوڕا بووە.

نوجێفی ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەو دیدارەدا بە بارزانی گوتووە، کە داوا لە ئەمریکا بکات شانبەشانی پێشمەرگە چەک بە هێزەکانی نەینەواش بدات و دابەشکردنی چەک بەشێوەیەکی یەکسان بێت. دەشڵێ "دەبێت ئەمریکا گرەنتی ئەوە بدات کە ئەو چەکانە دزەیان پێناکرێت بۆ لایەنێکی دیکە".

هەولێر و بەغدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دروستبکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە کێ ئیدارەی ئەو ژوورە دەکات و بارەگاکەی لە کوێ دەبێت، ئەمریکاش لەنزیکەوە چاودێریی ئەو کۆبوونەوانە دەکات. ئەو لیژنە باڵا سەربازییەی بۆ ئەو مەبەستە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەغدا پێکهێنراوە، کار لەسەر دانانی پلانێکی هاوبەش دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. ئەو لیژنەیە دوای سەردانەکەی عەبادی بۆ هەولێر دروستبووەو رۆژی پێنجشەممە 30 نیسانی 2015 دووەم کۆبوونەوەی خۆیان لە هەولێر ئەنجامدا.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو کورد لە بەرامبەر بەشداری لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، داوای لە بەغدا کردووە بودجەی پیشمەرگە بدات و پڕچەکیشی بکات، هەرچەندە بەغدا پڕچەککردنی راستەوخۆی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە رەتدەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەم داوایەیان نەرمییەکی زۆری نواندووە.

بەرپرسانی ئەمریكا لە بەغدا، بڕوایان وایە هێشتا هێزەكانی سوپای عێراق توانای پێویستیان نییە و بەپێی ئەو راوێژەی كراویشە، 9 لیوای سوپای عێراق و سێ لیوای پێشمەرگە بۆ گرتنەوەی شارەكە پێویستن. جگە لە پێشمەرگە و سوپای عێراق، باس لە بەشداریکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبیش دەکرێ لە گرتنەوەی موسڵ. کەریم نووری، گوتەبێژی سەربازی حەشدی شەعبی پێشتر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو "دوای سەرکەوتنمان لە شەڕی گرتنەوەی تکریت و پێشوازی دانیشتووانەکەی، بێگومان بەشداری شەڕی گرتنەوەی موسڵ دەکەین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە