رووداو- بەغدا
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، مادەی 140ـی دەستووری عێراق کۆتایی نەهاتووە.
نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، کە دەبوایە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە یەکەم دانیشتنی خولی سێیەمی پەرلەمان، هەڵببژێردرابوایە".
نووری مالکیی هیواشی خواست، کە لە دانیشتنی داهاتوو، سەرۆکایەتییەکە هەڵببژێردرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، کە فەتواکەی عەلی سیستانی، کە داوای جیهادی کردبوو دژی چەکدارانی گرووپی داعش، "فەتوایەکە بۆ هەموو عێراقییەکان بە بێ جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی".
لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان بۆ بڕیاردران لەسەر چارەنووسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، مالیکی رایگەیاند، "گەلی کورد بە نەخێر بەشداری ئەو راپرسییە دەکەن".
مالیكی هەروەها گوتی "هەڵسوكەوتی هەرێمی كوردستان لەم دۆخەدا جێی قبوڵ نییەو هیچ ریفراندۆمێكیش قبوڵ ناكەین، شەڕی ئەمڕۆمان بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراقە".
رۆژی هەینی 27.6.2014، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ ویلیام هێگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، "ئێستا ماددەی 140 جێبەجێكراو چیتر قسەی لەسەر ناكەین".




