رووداو - بەغدا
بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لەبەردەم ڤیان دەخیل، قسەی بە ژنانی کوردی ئێزدی گوت، رەوتی سەدر بە فەرمی داوای لێبوردن لە ڤیان دەخیل دەکات و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە دەکات.
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و ژنە کوردێکی ئێزدییە، زۆرجار کە قسە لەبارەی ژنان و کچانی کوردی ئێزدی دەکرێت بەهۆی ئەوەی داعش بەسەریدا هێناون دەگریا، بۆیە کاتێک پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ئەحرار-ی سەر بە رەوتی سەدر لەبەردەمیدا قسە بە کچانی کوردی ئێزدی دەڵێت زۆر بە تووندی بەرپەرچی دەداتەوە.
بەهۆی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە، رەوتی سەدر بە فەرمی هاتوونەتە لای فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ڤیان دەخیل و داوای لێبوردنیان کردوە، چونکە بڵاوبوونەوەی ئەم گوتانە زۆر بۆیان خراپە.
لەزاری ڤیان دەخیلەوە: کێشەکە چۆن دروست بوو ؟
ڤیان دەخیل باس لە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکە بۆ رووداو دەکات و دەڵی " دروست رۆژی پێنج شەممە 31-3-2016 ئەو رووداوە روویدا، کاتێک من لە دانیشتنی پەرلەمان بووم و لەگەڵ برادەران لەبارەی بابەتی حکومەتی عەبادی قسەمان دەکرد و پەرلەمانتارێکی تەیاری سەدر هات و گوتی: کێشە نییە بۆ ئێمە کورد دەنگ بدەن یان نا و، ئێمە ژنانی ئێزدی دەکەینە کەنیزە بۆ مانگرتوانی سەدر".
ڤیان دەخیل باس لەوە دەکات ئەم گوتەیە ئەو شۆکی کردووە، چونکە" چۆن پەرلەمانتارێک بەم عەقڵیەتە دەبێت! " ڤیان دەخیل هەروەها دەڵێ " دوای ئەو قسەیە پەرلەمانتارەکە گوتی من بەوجۆرە قسەم نەکردووە و مەبەستم ئەوە نەبووە، بەڵام ئەگەر مەبەستیشی نەبێت کەسێک کە پەرلەمانتاربێت دەبێت عەقڵییەتێکی هەبێت کە قسەی وا نەکات ".
لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەو پەرلەمانتارە ڤیان دەخیل دەڵێ " من وەڵامێکی زۆر بەهێزم دایەوە کە بۆ من گونجاو نەبوو، بەڵام بۆ ئەو گونجاو بوو و گوتم " هەتا ئەو ئەقڵیەتە بۆگەنە لەسەری ئێوەدا هەبێت ئێوە هەر بەمجۆرە دەمێننەوە و، چەند بگەنە پۆست عەقڵی ئێوە هەر ئەوەندەیە، بەدوای ئەو جۆرە شتانەوەن و شەرم لەخۆتان ناکەنەوە. ئێمە هەزار ئەوەندەی ئێوە باشین و قبوڵناکەین باسی ئێمە بکەن، ئەگەر ئێوە یەکتۆز شەرەفتان هەبێت".
لەدوای ئەو دەمەقاڵێیە بەپێی گوتەی ڤیان دەخیل دەستەی سیاسی رەوتی سەدر و ئۆفیسی موقتەدا سەدریش پەیوەندیان بە ڤیان دەخیلەوە کردوە و داوای لێبوردنیان کردووە، " ئۆفیسی سەدر پێیان گوتم " بەهیچ شێوەیەک ئەمە جێگەی قبوڵ نییە و ئێوە خوشکی ئێمەن ... شەرەفی ئێوە شەرەفی ئێمەیە و لەوەیە ئەو ئەم قسەیەی لە دەمی دەرچووبێت، ئەگەر واش نەبێت چ جیاوازییەک لەنێوان ئەقڵیەتی ئەو و داعشەدا هەیە".
ڤیان دەخیل بە توڕەییەوە دەڵێ " ئێمە قبوڵ ناکەین شتی لەمجۆرە لە دەمی هیچ کەسێک دەربچێت، ئایا شەرفی ژن و کچانی کوردی ئێزدی بووەتە نوکتە هەرکەسێک بیەوێت هەرکاتیک قسەی لەسەر بکات و هەرکاتێکیش بیانەوێت بڵێن وەرن ئێمە دابەشتان دەکەین!".
هەر بەپێی گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق "ئەمڕۆ دەستەی سیاسی ئۆفیسی سەدر و دوێنێش مەکتەبی سەدر و، دکتۆر عەلی سمێسم، گوتەبێژی فەرمی سەدر بە فەرمی داوای لێبوردنیان کرد و داوا لەو پەرلەمانتارە کراوە بێتە نەجەف بۆ ئەوەی لیکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەین".
لەکاتێکدا لە مانگی 8-2014 داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، زیاتر لە 3 هەزار ژن و کچی کوردی ئێزدی کەوتنە دەستی چەکدارانی داعش، هەندێکیان بەچاوی خۆیان کوژرانی ئەندامانی خێزانانیان بەدەستی چەکدارانی داعش بینی، دواتر ناچارکران ببنە کەنیزەک.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی (Human Rights Watch (HRW "داعش دەستدرێژی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دیلکراوی ئێزدی. كچان و ژنان بە شێوەیەکی سیستەماتیک رووبەڕووی دەستدرێژی، تووندوتیژی سێكسی، بەزۆر بەشوودان و بەکۆیلەکردنی سێكس دەبنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ