لە ئەنبار شكست بە شەش هێرشی خۆكوژی داعش هێنرا

02-04-2016
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن ئەنبار داعش
A+ A-

رووداو - ئەنبار

شەش خۆکوژی داعش بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە، بەمەبەستی بەئامانجکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی شارەدێی بەغدادی لە رۆژئاوای ئەنبار، هێرشیانكردە سەر هێزە عێراقییەکان، بەڵام لەلایەن ئەو هێزانەوە هەر شەشیان كوژران.

رۆژی شەممە 2-4-2016 ، مالوڵڵا عوبەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەدێی بەغدادی رایگەیاند "بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیان شکست بە هەوڵێکی چەکدارانی داعش بهێنن، لەوکاتەی 6 خوکوژی رێکخراوەكە هەوڵی ئەوەیاندا هێزە هاوبەشەکان لە ناوچەی مەتریە و سەیتەرەی ماجد لە رۆژهەڵاتی شارەدێی بەغدادی بکەنە ئامانج".

سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەدێی بەغدادی راشیگەیاند "هێزە ئەمنییەکان توانیان سەرجەم خۆکوژەکان بکوژن بەرلەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر هێزە ئەمنییەکان بکەوێت".

عوبەیدی ئاماژەى بەوەش كرد "رێکخراوەکە هەوڵی ئەوە دەدات بەرەی دیکەی شەڕ بکاتەوە، بەمەبەستی سەرقاڵکردنی کەرتە سەربازییەکان لە شارۆچکەی هیتی رۆژئاوای روومادی، بەمەبەستی هەڵاتنی ئەندامەکانیان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەسەرجەم بەرەکانەوە لەئامادەباشیدان".

رۆژی پێنجشەممە 30-3-2016 ، هێزی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای هیت-ی لە رۆژئاوای ئەنبار راگەیاند و، رۆژی شەممە 2-4-2016 هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیان بچنە نێو گەڕەکەکانی شارۆچکەکەو بارەگای پۆلیس لە گەڕەکی پیشەسازیی کونترۆڵ بکەنەوە. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە