فەرماندەیەکی تورکمانەکان باسی خستنەخوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە دەکات

26-11-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن رووسيا
A+ A-

رووداو- هەولێر

لێدوان و باسکردنی خستنەخوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەردەوامە و فەرماندەیەکی چەکدارە تورکمانەکانی سووریا لە نزیک چیای کیزیلداغ دەڵێت، رووسیا دەستی بە هێرشکردنە سەر چەکدارەکان كردووە، کاتێک ئەوان ویستوویانە لەو ناوچەیە ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن، بۆیە تورکیا لەوکاتەدا ئەو فڕۆکە رووسییەی خستووەتە خوارەوە. 

ئەو فەرماندەیەی چەکدارە تورکمانەکان دەشڵێت " فڕۆکەوانەکان بەمردوویی دۆزراونەتەوە، بەڵام رووسیا دەڵێت تەنیا یەکێک لە فڕۆکەوانەکان لەکاتی دابەزینیدا بە پەڕەشووت، لە زەوییەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە".

چەکدارە تورکمانەکانی سووریا دەڵێن دوای ئەوەی رووسیا لە هێرشە ئاسمانییەکاندا هێرشی کردووەتە سەر تورکمانەکان و ناوچەکەی بۆردوومانكردووە، تورکیا فڕۆکە روسییەکەی خستووەتە خوارەوە. 

ئەلپاسلان چەلیک، فەرماندەی دووەمی چەکدارانی تورکمان دەشڵێت " رووسیا لەڕووی ئاسمانییەوە دژ بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە هێرشیکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاش هەرزوو ئەو فڕۆکە رووسییەیان خستەخوارەوە، کاتێک سنوورە ئاسمانییەکانی تورکیای بەزاند". 

رووسیا رایگەیاند، كە ئەو فڕۆکە رووسییە بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە تووندڕەوەکان لەو ناوچەیە هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، چونکە ناوچەکە میلیشیا تورکمانەکان و ئەحرار و شام و داعشی لێیە، بەڵام تورکیا دەڵێت ناوچەکە تەنیا چەکدارە تورکمانەکانی لێیە کە لەلایەن تورکیاوە وەک بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا هەژماردەکرێن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە