عیزەت دوری: پەیامەکەی ئۆجەلان کۆتایی بە خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هێنا

22-03-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عیزەت دوری
A+ A-
رووداو- هەولێر

 سکرتێری گشتی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو پەیامەکەی ئۆجەلان بە کۆتایی هاتنی خەونی "جودایی خوازانی کورد" بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ناو دەبات.

عیزەت دوری، سکرتێری گشتی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو، 16 کاژێر لەمەو بەر لەسەر پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، سەبارەت بە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە.

لە پەیامەکەی عیزەت دوریدا هاتووە "دوای راگەیاندنی پەیامی رێبەری کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆتایی هاتن بە شەڕی 30 ساڵەی نێوان کورد و تورک، خەونی جودایی خوازان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کۆتایی پێهات".

عیزەت دوری راشیگەیاندووە "پەیامەکەی ئەو رێبەرە کوردە، گورزێكی کوشندەی نوێیە بۆ كورده‌ جوداییخوازه‌كانی باكوری‌ عێراقی خۆشه‌ویست، هاوكات  گورزێكی کوشندەشە بۆ ئه‌و زایۆنیستانه‌ی‌ پشتیوانی له‌ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامی ده‌كه‌ن". 

دوێنێ پێنجشەممە، لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لەگەڵ دەستپێکی رێوڕەسمی نەورۆز، بۆ یەکەم جار پەیامی نەورۆزانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی PKK لە لایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP  بەزمانی کوردی خوێندرایەوە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "قۆناخی شه‌ڕ کۆتایی هات. پێویستە چەکەکان بێدەنگ بن و ده‌بێ به‌ سیاسه‌تی دیموکراتیانه‌ پرسه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن".

پەیامەکەی ئۆجەلان پشتیوانی کوردستانی، تورکی، ناوچەیی و جیهانی لێکەوتەوە.

هەر یەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە پارتە کوردستانییەکان، حکومەتی تورکیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا خۆشحاڵی و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو پەیامە دەربڕیوە.

 د. مەحمود عوسمان: داواکەی ئۆجەلان بۆ کشانەوەی هێزەکانی PKK هەنگاوێکی بەپەلەیە. 





هەر لەو بارەوە، د. مەحمود عوسمان، کەسایەتی کورد و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە گەشتی هەواڵەکانی NRT رایگەیاند "داواكه‌ی‌ ئۆجه‌لان هه‌نگاوێكی‌ بە په‌له‌یه‌، ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی‌ زیاده‌یه‌ كه‌ ئۆجه‌لان داوای‌ كردووه‌ هێزەکانی PKK بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنووری‌ توركیا".

د. مەحمود عوسمان راشیگەیاندووە "ده‌بوو ئۆجه‌لان سه‌ره‌تا ته‌نها ئاگربه‌ستی‌ راگه‌یاندبا، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ توركیا هه‌نگاوی‌ دیکەی نا دواتر ئه‌و داواكارییه‌ی‌ بكردبا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە