رووداو - هەولێر
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان راگەیاند و دەشڵێت، وڵاتەکەی پەکەکە بە گرووپێکی "تیرۆریست" دادەنێت.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی لەبارەی سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر کورد بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پشتگیری مافی شەرعی گەلی کورد دەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان".
لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بنیامین نەتانیاهۆ دەڵێت "ئیسرائیل دژی پەکەکەیە و بە گرووپێکی تیرۆریستی دادەنێت، بەپێچەوانەی تورکیا کە پشتگیریی گرووپی تیرۆریستی حەماس دەکات".
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 بنیامین نەتانیاهۆ پشتگیریی ئیسرائیلی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان راگەیاند. دواجاریش مانگی رابردوو بوو کاتێک لەگەڵ 35 کۆنگرێسمانی کۆمارییەکانی ئەمریکا کۆبووەوە و رایگەیاند، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و رۆژئاوایە دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت.
رۆژی دووشەممە11-9-2017، ئایلێت شاکید، وەزیری دادی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل پشتیوانی لە سەربەخۆیی کورد، بەلایەنی کەمەوە لەسەربەخۆیی کوردی عێراق دەکات. گوتیشی "ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا بەرژەوەندییەکی زۆریان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان هەیە. پێموایە ئێستا کاتی هاتووە، ئەمریکا پشتیوانی لەو پرۆسەیە بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ