رووداو – هەولێر
هونەر عەبدوڵڵا لەگەڵ براكەی بۆ نەشتەرگەری چاوەكانی لە كەركووكەوە دەچێتە تاران، بەڵام لەوێ فێڵیان لێدەكرێ. ئەوان دەڵێن ئەوانەی كاری وەرگێڕان بۆ نەخۆشە كوردەكان دەكەن، لەگەڵ پزیشك و نەخۆشخانە و خاوەن هۆتێلەكان رێكدەكەون و پارەی زیادیان لە زۆر كەسی وەكو هونەر وەرگرتووە.
هەردی عەبدوڵڵا، كە برای هونەرە بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 3/2/2019 چووین بۆ تاران. لەوێ وەرگێڕێكی كورد كە خەڵكی بۆكان بوو، ئێمەی برد بۆ ماڵەكەی خۆی. ئەو گوتی من پزیشكێكی باش دەناسم، جانتاكانتان دەبەینە ماڵی خۆمان و دەچینە لای پزیشكەكە، بەڵام شەو دەرمانی داینێ تا خەومان لێ بكەوێ".
هەردی دەڵێت :"ئێمە سێ كەس بووین، سەعات 10ی شەو چایان هێنا، دوای كاژێرێك هەرسێكمان خەومان لێكەوت، من شەوانە سێ چوار جار بەخەبەر دەهاتم، بەڵام ئەو شەوە تاوەكو كاژێر شەشی بەیانی بەخەبەر نەهاتم، دوای نەشتەرگەری براكەم ئینجا زانیم دەرمانخوارد كراوین و پارەیان لێدزیوین و فێڵیشیان لێكردووین".
هەردی دڵنیایە كە وەرگێڕەكە پارەكەی دزیوە و گوتی: "چونكە بێجگە لەو ماڵە نەچووین بۆ هیچ شوێنێكی دیكە، من 3200 دۆلار و 800 هەزار دینارم پێبوو، لەگەڵ دوو ملیۆن و 500 هەزار تمەن، گیرفانێكی بچووكم لە دیوی ناوەوەی پانتۆڵەكەم دروستكردبوو، هەموو پارەكەم لەوێ شاردبووەوە. كە جانتاكانمان بردە ماڵەوە و چووینە لای پزیشكەكە، دیاربوو لە جانتاكان گەڕابوون و پارەكەیان نەدۆزیبووەوە، بۆیە ئێمەیان بردە ماڵەوە و دەرمانخواردیان كردین، زۆر بە زیرەكیش پارەكەی دزیبوو، 300 دۆلار و 100 هەزار دینار و 500 هەزار تمەنی بردبوو، بۆ ئەوەی هەستی پێنەكەین".
هەردی پێیوایە وەرگێڕەكە لەگەڵ پزیشكەكەش رێككەوتووە و لە پارەی نەشتەرگەرییەكەش پشكی هەبووە، هەردی دەڵێ: "فێڵ و دزیەكە ئەوەندە بە زیرەكانە دەكرێ، دوای چەند رۆژێك بەخۆت دەزانی كە تێكەوتووی، پزیشكەكە كورد نەبوو، نەشتەرگەرییەكەی بە 2300 دۆلار بۆ كردین، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت 500 دۆلاریشی لە پزیشكەكە وەرگرتووە".
بەگوتەی هەردی، وەرگێڕەكە هەڕەشەشی لێكردوون، ئەو دەڵێ: "بڕیار بوو رۆژی دواتر نەشتەرگەری بۆ چاوەكەی دیكەی براكەم بكرێ و بە فڕۆكە بگەڕێینەوە هەولێر، بلیتی فڕۆكەشمان بڕیبوو، بەڵام كە زانیمان فێڵمان لێكراوە بە وەرگێڕەكەم گوت فێڵتان لێكردووین، بۆیە ئەو دەستی بە هەڕەشەكردن كرد و گوتی هەرچییەك بكەن گەشتەكەتان تێكدەدەم، بە پزیشكەكە دەڵێم نەشتەرگەری چاوەكەی دیكەی بۆ نەكات و كێشەشتان بۆ دروست دەكەم، بۆیە نەماندەوێرا هیچ بكەین".
دوای نەشتەرگەرییەكە هەردی و براكەی دەگەڕێنەوە كەركووك و دەیانەوێت سكاڵای لەسەر تۆماربكەن. بەڵام ناتوانن، هەردی، كە خۆشی پارێزەرە دەڵێ: "دواتر زانیمان وەرگێڕەكە لە ماوەیەكی كەمدا چەند جارێك ماڵی گواستووەتەوە، چونكە فێڵی لە زۆر كەسی دیكەش كردووە، چوومە دادگای سلێمانی، بەڵام گوتیان ناتوانین سكاڵاكەتان وەربگرین، چونكە رووداوەكە لە ئێران بووە، دەبێ لە دادگا یان پۆلیسی تاران سكاڵای لەسەر تۆماربكەن".
بەپێی قسەی هەردی سەدان كەسی دیكەش هەن كە وەرگێڕە كوردەكان رووتاندویاننەوە و بە فێڵ پارەیان لێ خواردوون، ئەو دەڵێ: "هەر لەو نەخۆشخانەیە دوو خێزانی دیكەی كوردی باشووری كوردستانی لێبوو كە وەرگێڕ فێڵی لێكردبوون و پارەی خواردبوون. ئەوان لەگەڵ خاوەن هۆتێل، شوفێری تەسكی، پزیشك و نەخۆشخانەكانیش رێككەوتوون، دەست بۆ هەر شتێك دەبەی لەگەڵیان شەریكە، پارە لە خەڵك دەدزن بەبێ ئەوەی هەستیشی پێبكەن، ئەو دزی و رووتكردنەوەی خەڵكەی وەرگێڕەكان دەیكەن لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە".
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران قسەكانی هەردی پشتڕاست دەكاتەوە. نازم عومەر دەباغ بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەدڵنیاییەوە خەڵكانێك بەناوی وەرگێڕ كاریان بووەتە رووتاندنەوە و فێڵكردن لەو كەسانەی بۆ چارەسەر و گەشتیاریش دێنە ئێران".
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەشڵێ "ئێمە هەمیشە دەرگامان كراوەیە بۆ ئەوانەی نەخۆشیان هەیە و بۆ چارەسەر دێنە ئێران، سەردانمان بكەن، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری و هاوكارییان دەكەین، كەس و وەرگێڕی خۆمان هەیە، لەگەڵیان دەنێرین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو كێشانە نەبنەوە و فێڵیان لێنەكرێ".
سەبارەت بە رێوشوێنەكانی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە. نازم دەباغ گوتی "ئەو كەسانەی كە دێنە لای ئێمە، ئەگەر بەڵگەی تەواویان لەسەر فێڵكردنەكە هەبێ، ئێمە لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كاریان بۆ دەكەین، بەڵام ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوانە هەیە كە خۆیان وەرگێڕ دەدۆزنەوە، دواتر وەرگێڕەكە فێڵیان لێدەكات، بۆیە ئەگەر تووشی كێشە بوون، پێویستە بێن لەلای ئێمە سكاڵا بكەن، ئەگەرنا هیچمان پێناكرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ