ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا ئاشکراكرا

10-11-2015
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن داعش عێراق سووریا
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان

دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا رایدەگەیێنێ، نزیکەی 80 هەزار کەس لە ریزەکانی گرووپی داعش لە عێراق و سووریا شەڕدەکەن، لەو ژمارەیەش 30 هەزاریان لە عێراق و 50 هەزاریان لە سووریان.

یڤجینی سیسۆیڤ، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی فیدراڵی رووسیا "FSB"، رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2015، لە كۆنگرەیەکدا لە شاری سوشی رایگەیاند "تاوەكو نیوەی ساڵی 2015، ژمارەی چەکدارانی داعش گەیشتووەتە نزیکەی 80 هەزار کەس، لەو ژمارەیەش 50 هەزاریان لە سووریان و 30 ی هەزاری دیكەیان لە عێراقن، ئەو ژمارەیەش نزیکە لە ژمارەی سوپای هەندێک وڵات".

سیسۆیڤ ئاماژەی بەوەش كرد كە زیاتر لە 30 هەزار چەکداری بیانی لەنێو ریزەکانی گرووپی داعشدان، زۆرینەشیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا روویان لە عێراق و سووریا كردووە.

ئەو بەرپرسە رووسییە باسی لەوەش كرد كە نزیکەی 7 هەزار لەو چەکدارانە، خەڵکی ناوچەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانن، لەنێویشیاندا رووسیا.

بەپێی راپۆرتە ئەمنییەکان، پێکهاتەی چەکدارانی داعش جگە لە عێراق و سووریا لە 80 وڵاتەوەیە، لەنێویشیاندا فەرنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، مەغریب، سعودیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و رووسیاو وڵاتانی دیکە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە