رووداو- ئاژانسەکان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتووڕەییەوە سەرسوڕمانی خۆی لەسەر گوتارەکەی سەرۆککۆماری تورکیا لە واشنتن نیشاندا. رەجەب تەیب ئەردۆغان كە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ئاسایشی ناوەکی سەردانی ئەمریكای كردووە، لە واشنتن رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی دابەشکراو و رووخاوە و سیستەمەکەشی نادادپەروەرییە.
ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند "شەڕ لە دژی تیرۆر و ئامانجی تیرۆریستان بۆسەر خاکی تورکیا پێویستی بە گوتارێکی هاوکاری و هاوبەش هەیە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی لە رەگ و ریشەدا، بەدوورکەوتنەوە لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە". داوشیکرد رای شەخسی لەسەر وڵاتانی دیکە دەرنەبڕێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی:" عێراق لەسەر سیستەمێکی دیموکراتی و یەکسان و پاراستنی گشت پێکهاتەکان بنیاتنراوە، کە ئازادی خۆپیشاندان و بیروبۆچوونی جیاواز لە خۆدەگرێت. هەروەها هاووڵاتیانیشی بەهێزن و ئەو یەکگرتووییەی لەنێوان پێکهاتەکانیدا هەیە، وایکردووە وێنەیەکی جوان و ئازایانەی شەڕکەرەکانیان نیشان بدات لەبەرامبەر گرووپە تیرۆرستییەکاندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ