حاخامێكی خۆشەویست، بە تەمەنترین كورد لە دڵی شارە پیرۆزەكەدا

02-02-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن كورد ئیسرائیل
A+ A-
لازار بێرمان
رووداو - ئۆرشەلیم

زەكەریا بەراشی سەركردەی رووحی كوردەكانی ئیسرائیل تەمەنی 114 ساڵە، سەرەڕای ژیانە پڕ مەینەتی و سەختەكەی، هێشتا حەكیم و قسەخۆش و دڵگەشە.

لە خانوویەكی سادەی گەڕەكی (باكا) كە تەنیا یەك میل لە قودسی كۆنەوە دوورە، بەتەمەنترین جوولەكەی جیهان ژیانی رۆژانەی بە سرووتە ئاینییەكانی دەستپێدەكات، هەروەك چۆن نزیكەی یەك سەدەی ژیانی بەو شێوەیە تێپەڕاندووە.

 سپێدە زوو لە خەو رادەبێت و بە هاوكاری یەكێك لە خوێندكارەكانی جلوبەرگە ئاینییەكەی لەبەردەكات و دەستدەكات بە نوێژ و پاڕانەوە. ئینجا دادەنیشێ و دەستدەكات بە خوێندنەوەی تەورات و تەلمود و كەببالا، هەر بەو گوڕوتینەوە كە لە سەردەمی لاوی دەیخوێند، ئێستاش خەریكی خوێندنەوە ئاینییەكانیەتی. جگە لەوەی كە بەتەمەنترین جوولەكەی جیهانە، هەروەها بەتەمەنترین كوردی جیهانیشە.. تەنانەت پێدەچێ بە تەمەنترین مرۆڤی جیهانیش بێت.

ئەم پیاوە بەتەمەنە هێشتا بیرتیژ و چالاكە. رووداوەكانی 80 ساڵ لەمەوبەری لەبیرماوە و زۆر بە روونی و دروستی دەیانگێڕێتەوە. ناوی تەواوی كەسەكان، شوێن و تەنانەت نرخی كرێی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەردەمی لاوێتیدا ناوچەی بادینانیان پێ گەڕاوە، هەروەها كرێی ئەو ئۆتۆمبێلەی كە دواجار گەیاندیە ئەو شوێنەی ئێستا پێیدەگوترێ ئیسرائیل و ئەوكات لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو، بە دروستی دەزانێت.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم پیاوە بەخشندەیە سێ كاژێری لە كاتی خۆی بە من بەخشی بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانم بداتەوە و چیرۆكی خۆیم بۆ بگێڕێتەوە.

زەكەریا لە ساڵی 1900 لە بەراشی لەدایك بووە و دوا منداڵی حاخام ئێلیاهوو بەراشی و سمچەی هاوسەری بووە. شەش لە خوشك و براكانی بە منداڵی مردوون و تەنیا خۆی و دوو خوشكی بە ناوی سارا و رەیحانە ماونەتەوە.

دایك و باوكی زەكەریا بە كاری كشتوكاڵ و بازرگانیی ترێ و خورما و چەرەزاتەوە خەریك بوون. جووەكان، وەك بەراشی دەڵێت، هەروەها جلوبەرگی كوردییان دەدروی. جلوبەرگی درواوی جووەكان خواستی زیاتری لەسەربوو وەك لەوەی دراوسێ موسڵمانەكانیان.

خێزانەكەی زەكەریا شەش مانگ دوای لەدایكبوونی زەكەریا بەراشیان بەجێهێشت و چوونە گوندێكی بچووك كە چوار كاژێر لە ئەتروشەوە دوور بوو. دواتر لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لەگەڵ باپیری دەچێتە ئەتروش و لەوێ لەگەڵ ئەو دەژی. پاش ماوەیەك باوكی زەكەریاش دەچێتە ئەتروش و دەبێتە حاخامی جووەكانی ئەوێ كە نزیكەی 100 كەسێك دەبوون.

خێزانەكەی زەكەریا بە گوندەكاندا دەگەڕان، ئەوەش لەبەرئەوەی باوكی زەكەریا دەچووە نێو جووەكان و وەكو حاخام خزمەتی دەكردن. زەكەریا بەبیری دێت كە باوكی لە رۆژی یەكشەممە ماڵی بەجێدەهێشت و رۆژی هەینی دەگەڕایەوە. هەندێك جار تەنانەت دوای دوو هەفتە ئینجا دەگەڕایەوە. ژیانی خێزانیی ئەو ئاسان نەبوو. بەبیری دێت كە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی ژیانێكی سەختیان لە ماوەی سێ ساڵی قاتوقڕیدا بەسەربرد.

زەكەریا بەبیرهێنانەوەی ئەو رۆژانە دەڵێت "توركەكان لەدوای جەنگ هەرچییەك هەبوو تاڵانیان كرد. ئەوەی لە جەنگدا نەكوژرابوو دواتر لەبەر برسێتی مرد".

بۆ جووەكان ئەستەم بوو تەورات و تەلمود بخوێنن، چونكە یاشیڤا (حوجرەی خوێندن) بۆ جووەكان لە ناوچەكەدا نەبوو، بەڵام جووەكانی دهۆك و سندۆر كە ژمارەیان زۆر بوو، سینەگۆگ (پەرستگا)ی گەورەیان هەبوو، لەوێ تەورات و تەلمودیان دەخوێند.

بە پێچەوانەی جووەكانی وڵاتانی دیكەوە، 90%ی جووەكانی كوردستان نەخوێندەوار بوون. لە 10 كەس یەكێكیان دەیزانی چۆن نوێژ بكات. سەرەڕای ئەمانە، زەكەریا دەڵێت "جووەكان رۆژانی سەبەت (شەممە) و بۆنە ئاینییەكانیان پیرۆز رادەگرت و خواردنەكانیان هەموو كۆشەر (حەڵاڵی جوو) بوون و لە خواترس بوون و رێزی بەتەمەنەكانیان دەگرت".

بەهۆی نەخوێندەواری، حاخامی ناوچەكە دەبووایە مانای نوێژ و گوتارەكانیان بۆ بكاتە ئارامی و كرمانجی تا خەڵكانی نەخوێندەوار لێی تێبگەن.
سەرەڕای سەختیی ژیان لە كوردستان، حاخام زەكەریا بیرەوەری خۆشی منداڵی زۆری لەلایە. هەر دوای تەواوكردنی خوێندنی تەورات لەگەڵ باوكی، خێرا خۆی دەگەیاندە دەرەوە بۆئەوەی لەگەڵ منداڵەكانی دیكە یاری بكات. منداڵانی گوند، موسڵمان و جوو، هەموو پێكەوە گەمەیان دەكرد "نێوانمان زۆر خۆش بوو لەگەڵ كوردە موسڵمانەكان، وەكو برا وابووین. هەرگیز شەڕمان نەدەكرد. ئەگەر شەڕێكیش بكرابایە، یەكسەر ئاغای گوندیان ئاگادار دەكردەوە، ئاغاش دایك و باوكی منداڵە بەشەڕهاتووەكانی ئاگادار دەكردەوە كە ئەگەر تەمبێی منداڵەكانیان نەكەن ئەوا بە بنەماڵەوە لە گوندیان وەدەردەنێ".

زەكەریا دەڵێت ئەو پەیوەندییەی لە نێوان موسڵمانەكان و جووەكان هەبوو لە كوردستان، هەرگیز ناكرێت بە پەیوەندی ئێستای نێوان عەرەب و جووەكانی ئیسرائیل بەراورد بكرێ "ئەوێ وەكو باخچەی عەدەن وابوو"، بەڵام حاخام زەكەریا دەڵێت "ئەمڕۆ هەموو شتێك وێرانەیە".

زەكەریا پیاوێكی بە ناوی میرزا لەبیرماوە كە ئاغای مرێبا بوو، ئەو شارۆچكەیەی كە خێزانەكەی زەكەریای لێ دەژیا. ئەو دەڵێت "میرزا پیاوێكی مەزن بوو، یەكێك بوو لە مەزنترین دەسەڵاتدارانی چیاكانی كوردستان".

جارێك هاوسەرەكەی میرزا، زەكەریای لە مردن رزگار كرد، تەمەنی زەكەریا ئەوكات تەنها 11 ساڵ بوو.

رۆژێكی دوای جەژنی قوربان لای جوولەكەكان، ماڵی زەكەریا هیچیان بۆ خواردن شك نەدەبرد. دوو رۆژ بوو هیچیان نەبوو بیخۆن. زەكەریا لە برسان نەخۆشكەوتبوو. باوكی چوو بوو تا هەوڵ بدات شتێك بۆ خواردن پەیدا بكات. دایكی زەكەریا هەوڵی پەیداكردنی پاروە نانێكی بوو، نەیدەویست ئەم منداڵەشی وەكو منداڵەكانی دیكەی لەدەستبدات. دایكی زەكەریا خۆی گەیاندە ماڵی ئاغا و داوای لە ژنی ئاغا كرد تۆزێك خواردنی بداتێ، بەڵام خێزانەكەی ئاغا دوودڵ بوو لەوەی خواردنی بداتێ، چونكە دەترسا ئەگەر ئاغای مێردی پێی بزانێت رەنگە تووڕە بێت، چونكە ئەگەر خەڵكی گوند بیانزانیبایە ماڵی ئاغا خواردن دەبەخشن، ئیتر هەموویان روویان لەوێ دەكرد و ئاغاش ناچار دەبوو خواردن بداتە هەمووان. بەڵام دایكی زەكەریا كۆڵی نادات و بە ژنی ئاغا دەڵێ كە ژیانی زەكەریای كوڕی لە مەترسیدایە. هەروەها بەڵێن بە ژنی ئاغا دەدا كە خواردنەكە لە ژێر عەباكەی بشارێتەوە و نەهێڵێت كەس بیبینێ. ئینجا ژنی ئاغا رازی دەبێت هەندێ خواردنی بداتێ و ژیانی زەكەریاش لە مردن رزگار دەبێ.

ئاغا رێزی زۆری لە جووەكانی ناوچەكەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەگرت. زەكەریا بەبیری دێت كە خێزانەكەی هەموو شەوانی هەینییەك سەردانی ماڵی ئاغایان دەكرد. بەڵام دواتر كە كوڕەكانی ئاغا گەورەبوون دەستیان كرد بە جگەرە كێشان، لەكاتی سەردانی ماڵی زەكەریاش كوڕەكانی ئاغا هەر جگەرەیان دەكێشا. باوكی زەكەریا بە ئاغای گوت كە ئەو چیتر ناتوانێت بێت بۆ ماڵی ئاغا، چونكە لە شەوانی هەینی لەسەر شەممە جگەرە لای جووەكان حەرامە، لەبەرئەوە ماڵی زەكەریا نەیاندەویست لە شوێنێكدا بن كە جگەرەی تێدا دەكێشرێت.

لە وەڵامی ئەو قسەیەی باوكی زەكەریا، ئاغا بڕیارێكی توند دەردەكات: "كەس بۆی نییە لە شەوانی هەینی- شەممە لەم ماڵەدا جگەرە بكێشێت".
ئاغا بۆ ئەوەی میوانە جووەكانی بە ئاسوودەیی سەردانی بكەن، ئەو بڕیارەی دەركرد.

دوای ئەوەی زەكەریا لە باوكیەوە دەبینێت ژیانی حاخامی چەندە زەحمەتە، بڕیار دەدات نەبێتە حاخام، بەڵام باوكی زۆری لێكرد كە بچێتە لای حاخامێك لە ئاكرێ بۆ ئەوەی فێری تەورات ببێت.

لە تەمەنی 15 ساڵیدا، زەكەریا باوكی رازی دەكات كە ماڵەكەیان بگوازنەوە بۆ سندۆر. سندۆر تەنیا گوندێكی ناوچەكە بوو كە سەرجەم دانیشتووانەكەی جوو بوون. باوكی زەكەریا بووە حاخامی ئەو گوندە. لە تەمەنی 18 ساڵیدا زەكەریا بۆ یەكەمجار چاوی بەو ئافرەتە كەوت كە دواتر ژیانی لەگەڵ هاوبەش كرد.

بە زەردەخەنەیەكەوە دەڵێت "یەكتر ناسینی من و خێزانم وەكو هەر كەسێكی دیكەی ئەمڕۆ وابوو". ئەو لە گێڕانەوەی چیرۆكی یەكتر ناسینەكەیان بەردەوام بوو "لەسەر شانۆی دانسكردن (هەڵپەڕكێ) یەكترمان ناسی. لە شەوانی هەینیدا دوای خواردن هەموو گەنجان دەچووینە گۆڕەپانی شار و هەڵپەڕكێی كوردیمان دەكرد تا دەوری یەك و دووی شەو. رۆژی دوایی دیسان هەڵپەڕكێ دەستی پێدەكردەوە تا دوا ژەمی سەبەت (شەممە). برا گەورەكەی هاوڕێی خۆم بوو. باپیریشیم دەناسی، ناوی یوسف ئاربایا بوو. داوام لە باوكم كرد بچێتە داوای".

زەكەریا لە تەمەنی 20 ساڵیدا زەماوەندی سازكرد.

 هەرچەندە هاوسەرەكەی ماوەیەكی زۆرە كۆچی دوایی كردووە، بەڵام زەكەریا تا ئێستاش وەكو ئەوكاتە باسی هاوسەرەكەی دەكات كە گەنج بوون و لە گۆڕەپانەكەی شاردا دەستی یەكیان دەگرت و هەڵپەڕكێی كوردییان دەكرد، خۆشەویستی زەكەریا بۆ هاوسەرەكەی تا ئێستاش وەكو خۆشەویستی لاوێكی تازە هەرزەكارە.

"خۆشەویستی بە پارە ناكڕدرێت. هیچ كەس جگە لە خوا بۆ خۆی نازانێت بۆچی پیاو دڵی دەچێتە سەر ئەو ئافرەتە، نەك دانەیەكی دیكە. لە سندۆر چەندین ئافرەتی جوان و رێكوپێكی لێبوو، بەڵام من عاشقی ئەو كچە بووم. خۆشحاڵم كە ژیانم لەگەڵ ئەو گوزەراند. هیچ شتێكی خراپم لەو ئافرەتەدا هەرگیز بەدی نەكرد. بێدەنگ، رێكوپێك، چوست و چالاك و شۆخ بوو". زەكەریا بەو شێوەیە وەسفی هاوسەرەكەی دەكات.

لەسەرەتادا هەژار بوون، بەڵام وردە وردە دەستیانكرد بە دروینی شەرواڵ و مرادخانی. بە تێپەڕبوونی كات، ئەو دوو لاوە ناوبانگێكی باشیان بۆ خۆیان پەیدا كرد. پاشان بوونە خاوەنی سێ منداڵ، بچووكترین منداڵیان ناوی موشێ بوو، بەڵام لە تەمەنێكی كەمدا كۆچی دوایی كرد.

ئیدی گۆڕانكاری رووی لە خێزانی زەكەریا كرد. زەكەریا نەیدەتوانی بیرۆكەی باركردن بۆ شاری ئۆرشەلیم (قودس) لە مێشكی خۆی دەربكات. بەتایبەتی دوای ئەوەی كە نامەی لە خزمەكانییەوە لە شاری زیكرۆنەوە بۆ دەهات و داوایان لێدەكرد ماڵەكەی بگوازێتەوە بۆ ئەوێ. زەكەریا بڕیاری دا پاسپۆرت دەربهێنێت و بەرەو ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ ناوی ئیسرائیلە بار بكات. بەڵام ئەوكات دەسەڵاتدارانی بەریتانیا باركردنی جووەكانیان بۆ فەلەستین زۆر سنووردار كردبوو.

دوو ساڵی خایاند تا زەكەریا توانی پاسپۆرت دەربهێنێت. هەموو پارە و پوولی لە رێگەی وەرەقە و بەخشیشداندا سەرف كرد.
بەدەم گاڵتەوە دەڵێت "لە كۆچەكەی مووسا بۆ میسر ئەستەمتر بوو. ئێ خۆ كۆچی ئەوان تەنیا یەك ساڵی پێچوو، هەمووشیان بەسەلامەتی گەیشتن".
ساڵی 1933 پاسپۆرتی وەرگرت، بەڵام هێشتا هەر چاوەڕێ بوو كە مۆڵەت وەربگرێت بۆئەوەی بڕوات بۆ لای خزمەكانی. ساڵی 1934 بەریتانیا بەهۆی فشاری عەرەبەكانەوە چوونی جووەكانی بۆ ئیسرائیل قەدەغە كرد، بەڵام خزمەكانی لە ئیسرائیل پێشنیازیان بۆ زەكەریا كرد كە لەسەر پاسپۆرتەكەی بنووسێت حاخام زەكەریا، چونكە ئەوكات بەریتانییەكان تەنیا رێگەیان بە حاخامەكان دەدا بچنە ئیسرائیل.

ئەو هەر چاوەڕێی دەكرد تاوەكو لە ساڵی 1936 هەلی بۆ رەخسا. ئەوكات دكتۆر موشێ زامورا، نوێنەری ئاژانسی جووەكان كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بوو، هاوكاری جووەكانی دەكرد تا بچنە ئیسرائیل، هات بۆ كوردستان. زەكەریا چونكە زمانی عیبری دەزانی، وەكو وەرگێڕی د.موشێ دەستنیشان كرا.

ئەوكات زامورا بە زەكەریای راگەیاند كە بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی مۆڵەتی چوون بۆ ئیسرائیل وەربگرێت. زەكەریاش دەستبەجێ خۆی گەیاندە بەغدا و دواجار مۆڵەتی وەرگرت. بەڵام نەیتوانی مۆڵەت بۆ دایك و باوكیشی وەربگرێت. زەكەریا زۆری پێ ناخۆش بوو، چەند جارێك بیری لەوە كردەوە كە واز لە بیرۆكەی چوون بۆ ئیسرائیل بهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دایك و باوكی بژێت. بەڵام باوكی سوور بوو لەسەر رۆیشتنی. باوكی بە بڕوایەكی بەهێزەوە بە زەكەریای گوت "بۆت نییە ئەوەی كە بۆت دەستنیشانكراوە دوابخەیت. دەبێت سەفەری شاری پیرۆز بكەیت. خوا لێت خۆش دەبێت و رێگەچارەیەكیش بۆ ئێمە دەدۆزێتەوە.. ئێمەش دێین، ئەگەرنا ئەوە تۆ خێر و چاكەی خۆتت بەجێ گەیاندووە بۆیە خوا پاداشتی داویتەوە و بڕۆ بەبێ هیچ دوودڵییەك".

دوای ماڵئاوایی لە هاوڕێ و دۆستەكانی، زەكەریا وەرەقە و وەرەقەكاری بەخشینی سەربازی تەواوكرد و لە مووسڵەوە روویكردە دیمەشق و لەوێوە بەرەو ئیسرائیل، گەشتێكی لەو جۆرە لەو سەردەمەدا چوار رۆژی دەخایاند.

زەكەریا بەبیرهێنانەوەی ئەو رۆژانە دەڵێت "پێنج خێزان بووین، ئەو رۆژە هەموومان پێكەوە رۆیشتین. پیاوێكمان لەگەڵ بوو بەناوی گەدالیە، ناوی ژنەكەیم لەبیرنەماوە. بەڵام خێزانەكەی كاتی منداڵبوونی هاتبوو. پیاوەكان لە پاسەكە دابەزین و ژنەكانیش لە پاسەكەدا مانەوە و هاوكاری ژنەكەیان كرد تا منداڵەكەی ببێت. دوای سێ سەعات لە گەشتەكەمان ئەمە روویدا، لە ناوەڕاستی بیابانێكدا بووین".

لە دیمەشق بەولاوە كۆسپی زۆر هاتە سەر رێیان. شۆفێرەكەیان كە كابرایەكی مەسیحی كاتۆلیكی بووە بەناوی یاقوب، لە ناوچەی دێر ئەلزوور نەفەرەكانی بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەجێهێشت. ئەو شارەش هیچ جووی تێدا نەبوو، لەبەرئەوە نەیاندەتوانی خواردنی كۆشەر بدۆزنەوە. بەڵام دواجار لە دیمەشق، شەوی (سەبەت)یان لەگەڵ جووەكانی ئەو شارە بەسەربرد. دوایی لەوێشەوە سواری شەمەندەفەر بوون بەرەو شارە پیرۆزەكە "رۆژی پێنجشەممە كە دەیكردە دوازدەیەم رۆژی مانگی چێشڤان، گەیشتینە جێگەی مەبەست، شارە پیرۆزەكە، ئۆرشەلیم".

سەرەتا ژیان لە ئۆرشەلیم بۆ زەكەریا و خێزانەكەی ئەستەم بوو، دیسان دووچاری هەژاری و نەداری بوونەوە. ناوی خۆی لە كۆمەڵەی كرێكارانی جوو (هیستادروت) تۆماركرد بەو هیوایەی كاری كرێكاری پێبدەن. بەڵام كارەكان لەسەر بنەمای خاڵ دەدران. خاڵەكانیش بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان و بەپێی پێداویستی خێزانەكان دەبەخشران. ناوی زەكەریا لە خواری لیستەكەدا بوو. ژنەكەی بە پێچەوانەی خواستی زەكەریاوە بڕیاری دا دەست بكات بە كاركردن. ئەو وەكو خزمەتگوزار كاری دەستپێكرد.

دواجار زەكەریا توانی دایك و باوكی لە ساڵی 1938 بهێنێتە ئیسرائیل، بەڵام تەنیا دوای سێ ساڵ مانەوە لە ئیسرائیل هەردووكیان كۆچی دواییان كرد، مردنی هەردووكیان تەنیا پێنج مانگی بەین بوو.

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی هەلێكی زۆری كار پەیدابوو. كرێكاریان پێویست بوو بۆ ئەوەی فڕۆكەخانە دروستبكەن. پارەی زۆریان بە كرێكار دەدا، زۆر لەوە زیاتر كە لە ئیشی كرێكاری ناوخۆیی دەدرا بە كرێكار. بە درێژایی ساڵانی شەڕی جیهانی و دواتریش لە شەڕی سەربەخۆیی ئیسرائیل لەساڵی 1948، زەكەریا خەریكی كرێكاری بوو. كاری قیركردنی جادە و دروستكردنی شوێنی فڕینی فڕۆكە و هەڵكەندنی خەندەق دەكرد.
دواجار لەساڵی 1950 بەدواوە جووەكانی عێراق و كوردستان بەلێشاو هاتن بۆ دەوڵەتی تازە دروستبووی ئیسرائیل "گوندی جوان جوانیان لە سەرتاسەری وڵاتدا دروستكرد" زەكەریا وا دەڵێت.

تا ئێستاش چەندین گوندی كشتوكاڵی ئەو كۆمەڵە جووە لەسەرتاسەری وڵاتدا هەن و تا ئێستاش دابونەریتی كوردەواری خۆیان پاراستووە، هەرچەندە سێ نەوە تێپەڕیوە بەسەر هاتنیاندا بۆ ئێرە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی كوردە جووەكان بە هەموو وڵاتدا، زەكەریا دەستیكرد بە گەڕان بەو گوند و شوێنە كوردیانەدا و بەكوردی لە ئاینی تێدەگەیاندن. دەچووە زەماوەند و پرسە و سوننەتكردنی منداڵان و جەختی لەوە دەكردەوە كە پێویستە دابونەریتی جووەكانی كوردستان لێرە دووبارە بكرێتەوە و ون نەبێت. بە تێپەڕبوونی كات، زەكەریا وەكو سەركردەی رووحی كوردە جووەكانی ئیسرائیلی لێهات. لە هەموو ئیسرائیلیشدا بە چاچام (بە واتای زانای ئاینی) دەناسرێت. وێنەی زەكەریا و سەرۆك وەزیران و سەرۆكەكانی ئیسرائیل هەموو دیواری ماڵەكەیان داگیر كردووە.

دوو گەورەترین حاخامی جووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل بە ناوەكانی ئێلیاهوو باكشی دۆرۆن و ئۆڤادیا یوسف رێزی زەكەریا وەكو كەسایەتییەكی ئاینی مەزن دەگرن و پێشەكییان بۆ كتێبەكانی زەكەریا نووسیوە.

زەكەریا چوار كتێبی نووسیوە دەربارەی تەورات و سۆفیگەری، خەریكی كتێبی پێنجەمی بوو، گەیشتە نیوەی كتێبەكە بەڵام ئیتر چاوە ماندووەكانی لە تەمەنی 111 ساڵیدا رێگەی نەدا بەردەوام بێت. ئێستا سەربەخۆیانە لە یەكێك لە ئاپارتمێنتەكانی شاردا دەژی. بەرۆژ دوو لە خوێندكارەكانی لەگەڵیدان و بەشەویش یەكێك لە منداڵەكانی خۆی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.

ئەو لە كۆی پێنج منداڵ، تەنیا ئەمەیانی ماوە. دوو لە منداڵەكانی بەم دواییە كۆچی دواییان كرد. بەڵام سەرەڕای لە دەستدانی كچ و كوڕەكانی، ئەو ئێستا نەوەیەكی زۆر كوڕەزا و كچەزای هەیە. كوڕی كوڕەزاكانی ئێستا لە سوپای ئیسرائیلیدا سەربازن.

لای هەر كوردێكی جوو كە ناوی چاچام زەكەریا دەهێنی، یەكسەر دەستدەكات بە وەسفكردنی ئەو سەركردە رووحیە.

یەهودا بن یوسف، سەرۆكی رێكخراوی نەتەوەیی كوردە جووەكانی ئیسرائیل دەڵێت "ئەو نموونەی حاخامی راستەقینەیە". بن یوسف بەردەوام دەبێت و دەڵێت "لە خۆی بایی نییە، زەردەخەنە بەڕووی هەموو كەسێكدا دەبەخشێت، بیری تیژە و هەستێكی گاڵتەچیانەی هەیە".

هەروەها دەڵێت "ئەو شتانەی كە زەكەریا فێری كۆمەڵگەی كردوون لە زێڕ بەنرخترن. ئەو نموونەیە بۆ هەموو حاخامەكانی دیكە و لەسەرووی سیاسەتەوەیە، كوێرانە دوای هیچ لایەنێك ناكەوێت و پارە كاریگەری لێناكات. ئەوەی كە دەیڵێت، ئەوەش دەكات".

یەكێك لە نموونەكانی سەربەخۆیی زەكەریا پشتگیریكردنی بوو لە پارێزگاری نوێی ئۆرشەلیم، نیر باركەت. هەرچەندە باركەت عەلمانییە. ئەوە لەكاتێكدا جووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دژی باركەت بوون و پشتگیرییان لە كاندیدێكی دیكە دەكرد "لەبەر شتی لەم جۆرەیە كە ئێمە خۆشماندەوێ و رێزی لێدەگرین".

ساڵی رابردوو رۆژنامەنووسێكی كورد هاتە ماڵەكەی زەكەریا و چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سازكرد بۆ تەلەڤزیۆنێكی كوردی. رۆژنامەنووسەكە سەری لە كوردییە پاراوەكەی زەكەریا سوڕمابوو. چەند كاژێرێك لەماڵەكەی زەكەریادا مایەوە و چەندین وشەی كوردی كە پێشتر هەرگیز نەیبیستبوون نووسییەوە. كاتێك كە گەڕایەوە بەدوای رەچەڵەكی وشەكاندا گەڕا و بۆی دەركەوت ئەو وشانە هەموو كوردیی كۆنن، بەڵام چیدی بەكارناهێنرێن.

زەكەریا نهێنییەكانی سەركەوتنی ژیانی خۆی دەبەخشێتە هەركەسێك ببێتە میوانی. هەموو كات ئامادەیە نهێنییەكان لەگەڵ ئەوانی دیكەدا بەش بكات. زەكەریا دەڵێت: "سێ شتی گرنگ هەن لە ژیاندا: هەموو كات گەشبین بە. هەرگیز ئیرەیی بەوانی دی مەبە. چالاك بە و هەرگیز زیاتر لە پێویست گرنگی بە شت مەدە. هەموو كاتێك كە لەسەر سفرەی خواردن هەڵدەستی، بە تۆزێك برسێتییەوە سفرەكە بەجێ بهێڵە".

ئایا هەرگیز هیوای ئەوەی خواستووە بگەڕێتەوە گوندەكەی خۆی لە كوردستان؟ "نەخێر" ئەو بە زەردەخەنەوە دەڵێت: "بەختەوەرم كە توانیومە لە 75 ساڵی رابردوودا لە ئۆرشەلیم بژیم.. من لە بەهەشتم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە