رووداو-دەیلی تەلەگراف
لێكۆڵینەوەیەك لە چینەوە لەسەر بوخورد دەریدەخات دووكەڵەكەی چەندین ماددە و تەنۆلكەی زیانبەخش و ژەهرینی تێدایە، تەنانەت هەندێك لە تویژەران دەڵێن دووكەڵی بەشێك لە بوخوردەكان لە دووكەڵی جگەرە مەترسیدارترە.
لەوانەیە لەمەودوا كۆمپانیاكانی بوخورد ناچاربكرێن لەسەر پاكەتەكانی بەرهەمەكانیان هۆشداری بنووسن سەبارەت بەو ماددە زیانبەخشانەی دەكرێت لە ئەنجامی هەڵمژینی دوكەڵی بوخوردەوە بچنە نێو جەستە، كە هەندێكیان ئەوانەن كە لە دوكەڵی جگەرەدا هەن.
بوخورد جۆری زۆرە و هەموویان لە بۆنخۆشیی دوكەڵەكانیاندا هاوبەشن، توێژەرەكانیش توێژینەوەیان لەسەر دوو جۆری بڵاویان كردووە.
توێژینەوە لەسەر ئەو ئاژەڵانەی دوكەڵی بوخوردیان هەڵمژیوە دەریخستووە كە تووشی گۆڕانكاری لە ماددەی بۆماوەیی (DNA) و بازدانی بۆماوەیی بوونە، كە ئەوەش رێگاخۆشكەرێكی ناسراوە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
توێژەرە چینییەكان گوتوویانە كە جارێ ناتوانن بڵێن بخورد لە جگەرە خراپترە، چونكە شێوازی هەڵمژینی دوكەڵی جگەرە و بخورد و سەرەنجام توێژینەوە لە هەردوكیان جیاوازن و ناتوانرێ ئەنجامەكانیان سەداسەد بەراورد بكرێن.
رۆنگ ژوو ،سەرۆكی تیمی توێژەران، كە مامۆستای زانكۆی تەكنۆلۆجیی چینە و فەرمانبەری كۆمپانیایەكی پیشەسازیی توتنە دەڵێت "ئیدی روونە كە دەبێت بە وریاییەكی زۆرترەوە مامەڵە لەگەڵ بخورد بكەین، بەتایبەت ئەو زیانانەی لە ئەنجامی سووتاندنی لە شوێنە داخراوەكان پەیدا دەبن".
وەك بۆ رۆنگ ژوو هاوكارەكانی دەركەوتووە، لەكاتی سووتاندنی بوخورددا چەندین تەنۆلكە و ماددەی وردی ژەهرین بەنێو هەوای شوێنەكەدا بڵاودەبنەوە، خۆئەگەر شوێنەكە داخراوبێت ئەوە لەنێو هەوا داخراوەكەدا چڕ دەبنەوە و ئەو كەسانەی لەوێدان هەڵیاندەمژن بۆ نێو سییەكانیان.
تەنۆلكەكانی نێو دووكەڵی بوخورد دوای هەڵمژینیان لەنێو سیكڵدانۆچكەكانی سییەكاندا گیردەخۆن و ناتوانرێت بكرێنە دەرەوە، دواتر دەبنەهۆی چەندین كارلێكی نەخوازراو لەنێو شانەكانی كۆئەندامی هەناسەدا.
لە هەندێك جۆری بوخورددا، چڕیی هەندێك ماددە و تەنۆلكەی زیانبەخش لە پێكهاتەیاندا، لەوە زیاتر بووە كە لە دووكەڵی جگەرەدا هەیە. بەڵام وەك دەزانرێت جگەرە راستەوخۆ هەڵدەمژرێت، بەڵام بوخورد بۆنی دەكرێت، بۆیە ناكرێت بگوترێت ماددە زیانبەخشەكانی نێو بوخورد وەك ئەوەی لە جگەرەدا هەیە راستەوخۆ و بەو بڕە زۆرە دەگەنە نێو سییەكان.
سوتاندنی بوخورد لە بۆنە ئایینییەكاندا، نەریتێكی ناسراوە لەنێو چەد ئاینێكی رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییدا و هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە رێورەسمەكانی میسرییە كۆنەكاندا بەكارهێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ